گەڕانەوەی سزای بەردبارانکردن لەلایەن تاڵیبانەوە دەرئەنجامی بێدەنگی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییە

چالاکوانانی مافی ژنان لە ئەفغانستان گەڕانەوەی سزای بەردبارانکردنیان لەلایەن تاڵیبانەوە بە ئەنجامی بێدەنگی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لە قەڵەمدا.

ناوەندی هەواڵ

 

سزای بەردبارانکردن و قامچی لێدان لەسەر دەستی تاڵیبان بۆ ئەفغانستان گەڕێندرایەوە، سەفیە عارفی، پارێزەر و بەرپرسی ڕێکخراوێکی مافی ژنانی ئەفغانی بە ناوی "پەنجەرەی ئومێد" باسی لەوەکرد، دەرکردنی ئەم فەتوایە ژنان دەگەڕێنێتەوە بۆ ڕۆژە ڕەشەکانی دەسەڵاتی تاڵیبان لە ساڵانی نەوەدەکاندا، وتیشی: ئەم فەتوایە سەردەمێکی تری سزادانی دەستپێکردووە و ژنانی ئەفغانستان قووڵایی تەنیایی ئەزموون دەکەن، ئێستا هیچ کەسێک هاوکاری ژنان ناکات بۆ ئەوەی لە سزاکانی تاڵیبان ڕزگاریان بکات و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش بڕیاری داوە لە بەرامبەر پێشێلکارییە گەورەکانی مافەکانی ژنان بێدەنگ بن.

 

سەمیرا حەمیدی، چالاکوانی مافی ژنانی ئەفغانی لە ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی، وتی: تاڵیبان هەموو ئەو دامەزراوانەی هەڵوەشاندەوە کە لە ماوەی دوو ساڵ و نیوی ڕابردوودا خزمەتیان بە ژنان کردووە، فەتوای نوێ سەبارەت بە قامچی لێدان و بەردبارانکردنی ژنان پێشێلکردنی یاسا نێودەوڵەتییەکانی مافی مرۆڤە، لەوانەش ڕێککەوتننامەی نەهێشتنی هەر جۆرە جیاکارییەک لە دژی ژنان.

 

داکۆکیکارانی مافی ژنان لە ئەفغانستان ڕایانگەیاند کە تاڵیبان بە دەرکردنی ئەم فەرمانە ئەو ماف و ڕێسایانەی کە ماونەتەوە بۆ پاراستنی ١٤ ملیۆن ژن و کچی ئەفغانی لەناوبردووە.

 

پێویستە ئاماژە بەوە بکرێت کە چەند ڕۆژێک لەمەوبەر ژمارەیەک چالاکوانی دیکەی داکۆکیکاری مافەکانی ژنان لەوانە ڕەخشانە ڕەزایی، ئازیتا نەزیمی ئەندامی "یەکێتی و یەکگرتوویی ژنانی ئەفغانستان" و لالە عوسمانی لە چەند پەیامێکی جیاوازدا کاردانەوەیان بەرامبەر بەم بابەتە دەربڕی و ڕایانگەیاند: ساڵانێکە هاوار دەکەین کە خەباتەکانی ژنان و یەکسانیمان تەنها بۆ ژنانی ئەفغانستان نییە، ناڕەزایەتی ژنان خەباتێکی گشتگیرە و دژی "تیرۆر" و بۆ تەواوکردنی مانای دیموکراسییە.

 

سەرۆکی تاڵیبان لە ئەفغانستان لەم دواییانەدا ڕایگەیاند کە گروپی تاڵیبان دەست دەکاتەوە بە جێبەجێکردنی لێکدانەوەی خۆی بۆ یاساکانی شەریعەتی ئیسلامی، لەوانە شەق لێدانی ژنان لەبەردەم خەڵکدا و بەردبارانکردن بۆ سزادانی "پەیوەندییە نایاساییەکان"، دوای هاتنە سەر دەسەڵاتی تاڵیبان لە تەمموزی ٢٠٢١دا هەموو یاسا مەدەنی و تاوانکارییە پەسەندکراوەکانی بە یاساکانی شەریعەت گۆڕیوە و کراونەتە یاساگەلێک کە بەتەواوی دژی ژنان نووسراون.