لە ماوەی ١٠ ساڵدا زیاتر لە ٦٣ هەزار کەس بەهۆی کۆچکردن گیانیان لەدەستداوە

ڕێکخراوی نێودەوڵەتی کۆچ ڕایگەیاند، لە ماوەی ١٠ ساڵی ڕابردوودا زیاتر لە ٦٣ هەزار کەس بەهۆی کۆچکردنەوە گیانیان لەدەستداوە.

ناوەندی هەواڵ

 

ڕێکخراوی نێودەوڵەتی کۆچ "IOM" ڕاپۆرتێکی لەبارەی ئاماری ١٠ ساڵەی زیانبەرکەوتووانی کۆچ بڵاوکردەوە، ڕاپۆرتەکە ئاشکرایکردووە، لە ماوەی ١٠ ساڵی ڕابردوودا لە نێوان ساڵانی ٢٠١٤بۆ ٢٠٢٣ زیاتر لە ٦٣ هەزار کەس بەهۆی کۆچکردنەوە گیانیان لەدەستداوە. ٦٠٪ی هۆکارەکانی گیان لەدەستدان بەهۆی ئاوەوەن.

 

ڕاپۆرتەکە ئاماژە بەوەکردووە، ساڵی ٢٠٢٣ سەختترین ساڵ بووە بۆ کۆچبەران، تەنها لەو سالەدا ٨ هەزارو ٥٠٠ کەس گیانیان لەدەستداوە، لەو ژمارەیەدا سێ هەزارو ٧٠٠ کەس لە ئاودا خنکاون، ئامارەکانی ساڵی ٢٠٢٣ بە ڕێژەی ٢٠٪ بەرزتر بوون لە ساڵی ٢٠٢٢، ئامارەکانی ئێستا مەترسیدارن و هێشتا هەندێک کەس هەن ژیانی خۆیان دەخەنەمەترسییەوە بۆ ژیانێکی باشتر، زۆرینەی زیانبەرکەوتووان خەڵکی ئەو وڵاتانەن کە جەنگیان تێدایە و بارودۆخی ژیانیان قورسە، وەک ئەفغانستان، بورما، سووریا، ئەسیوپیا.

 

لە ڕاپۆرتەکەدا، ڕێکخراوی نێودەوڵەتی کۆچ داوای جێبەجێکردنی ئامرازە یاساییەکان دەکات بۆ کۆچکردن و ڕێگریکردن لە گیان لەدەستدانی مرۆڤ.