نیوەی ژنانی چالاک لە بواری میوزیکدا ڕووبەڕووی هەڵاواردنی ڕەگەزی دەبنەوە

بەپێی لێکۆڵینەوەکان، ژنان ٪٢٤ی ئەو کەسانە پێکدێن کە لە بواری میوزیکی بەریتانیادا چالاکن، هەروەها یەک لەسەر سێی ژنانی میوزیکژەن لە شوێنی کارەکەیان ڕووبەڕووی هەراسانکردنی سێکسی دەبنەوە.

ناوەندی هەواڵ

 

بەپێی ڕاپۆرتە نوێیەکان، ژنکوژی، سێکسیزم و هەراسانکردن بەگشتی کێشەی ڕۆژانەن کە ژنانی میوزیکژەن لە بەریتانیا ڕووبەڕوویان دەبێتەوە، بەپێی ڕاپۆرتەکە، یەک لەسەر سێی ئەو ژنانەی کە لە بواری میوزیکدا چالاکن، لە شوێنی کارەکانیان ڕووبەڕووی هەراسانکردنی سێکسی بوونەتەوە و زۆرێکیان ئەم هەراسانکردنە وەک بەربەستێکی جددی لە بەردەم پیشەکەیاندا دەزانن.

 

ڕاپۆرتە بڵاوکراوەکە دەریدەخات، بە تێکڕا ژنان لە بواری میوزیکدا هەشت هێندە زیاتر لە پیاوان بەرکەوتەی هەڵاواردن دەبن، ئەمانە دەرئەنجامەکانی یەکەم سەرژمێری میوزیکژەنانی بەریتانیان کە لەلایەن یەکێتی میوزیکژەنان و Help Musicians ئەنجامدراوە.

 

لەم ڕاپۆرتەدا زیاتر لە ٦ هەزار پسپۆڕ لە بواری میوزیکدا بەشداربوون و بۆیان دەرکەوتووە کە دوو هەزار و ٥٢٦ کەسیان ژنن، هەروەها ژنان مووچەی کەمتریان لە پیاوان هەیە و زۆرجاریش سەرەڕای ئەوەی خاوەنی لێهاتوویی زیاترن بەڵام کارەکانیان کەمترە.

 

زیاتر لە چارەکێک لە ژنە میوزیکژەنەکان واتە ٪٢٧یان بە بەراورد بە ٪٢٠ی پیاوان داهاتیان لە میوزیکدا نییە، بە تێکڕا داهاتی ژنان بە ڕێژەی ٪١٠ کەمتر لە هاوتا پیاوەکانیان، بە تێکڕا داهاتی ساڵانەی ژنان ١٨٥٠ پاوەندە، لە کاتێکدا بۆ پیاوان ٢١ هەزار و ٧٥٠ پاوەندە.

 

نووسەران ئەم نایەکسانییە بە "مەترسیدار" ناودەبەن و ئاماژە بەوە دەکەن کە ژنان ڕووبەڕووی چەندین بەربەستی پێکهاتەیی و ڕەگ و ڕیشەیی دەبنەوە لەبەردەم پێشکەوتنی پیشەکەیاندا، نادیە خان، دامەزرێنەری ڕێکخراوی گەشەپێدانی میوزیکی قازانج نەویست Women in CTRL، وتی: زۆر گرنگە بواری میوزیک پابەندبوونی ڕاستەقینە بێت بۆ چارەسەرکردنی ئەم کێشەیە و هەنگاوی یەکلاکەرەوە لەم ڕووەوە بگرێتەبەر، ئەمە تاکە ڕێگایە بۆ ڕێگریکردن لە دووبارەبوونەوەی ئەو ئامارانە، پێشکەوتنی ڕاستەقینە تەنها کاتێک دەتوانرێت بەدەستبهێنرێت کە ئێمە چارەسەری ئەم پرسە سیستەمیانە بکەین و دیمەنێکی دادپەروەرانەتر بۆ ژنان لە بواری میوزیکدا دروست بکەین.

 

دۆزینەوە نوێیەکان دەنگدانەوەی ئەو ڕاپۆرتەن کە پەرلەمانتاران لە مانگی کانوونی دووەمدا پێشکەشی لیژنەی ژنان و یەکسانییان کردووە، ئەوان پیشەسازی میوزیکیان بە "یانەیەکی کوڕان" پێناسە کردووە کە هەراسانکردنی سێکسی و دەستدرێژیکردنە سەریان "نۆرم"ە و داوای یاسای جددییان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی کێشەکە کردووە.

 

ئەم ڕاپۆرتە لەلایەن گروپێکی پەرلەمانتاری حزبی لە چوارچێوەی لێکۆڵینەوەیەکی بەردەوام لەبارەی ژنکوژی لە بواری میوزیکدا کە لە مانگی حوزەیرانی ٢٠٢٢ دەستیپێکردووە، ڕاسپێردراوە.

 

هێرشکردنە سەر شانۆ

زۆرێک لەو ژنانەی کە وەڵامی سەرژمێری میوزیکژەنەکانیان داوەتەوە، چیرۆکی هاوشێوەیان هەبووە، ٪٥١یان ڕایانگەیاندووە کە لە شوێنی کاردا ڕووبەڕووی هەڵاواردنی ڕەگەزی بوونەتەوە، دیجەیەکی گروپی ئیست میدلەندز ڕایگەیاندووە، لە درەنگانی شەودا لەسەر شانۆ و لەکاتی گەڕانەوەی بۆ ماڵەوە دەستدرێژی سێکسی کراوەتە سەر، گەنجێکی دیکەی میوزیکژەن، خەڵکی لەندەن، وتی هەراسانکردن لە شوێنی کارەکەیدا کاریگەری زۆری لەسەر "متمانە و دڵەڕاوکێ" هەبووە لەکاتی نمایشکردنیدا.

 

هەروەها لە ڕاپۆرتەکەدا ئاماژە بەوەشکراوە کە ژنان ڕووبەڕووی بەربەستی توند دەبنەوە لەبەردەم پێشکەوتنی پیشەدا، بەتایبەتی سەبارەت بە چاودێریکردنی منداڵان و جیاکاری تەمەن.

 

یەکێک لەو کەسانەی کە ناوی نەهێنراوە وتی: لە دوای لەدایکبوونی کچەکەمەوە، بەهۆی نەبوونی چاودێری ڕۆژانەی بەردەست و گونجاو، ناچار بووم چەندین کاری باش ڕەت بکەمەوە، پێموایە هەر بۆیە ئۆفەرم کەمتر بووە.

 

هەروەها میوزیکژەنێکی سکۆتلەندی پشتڕاستی کردەوە، کە "جیاکارییەکی توند هەیە" و وتویەتی: بە تایبەتی ئەم جیاکارییەم ئەزموون کرد، کاتێک بۆ یەکەمجار وەک دیجەی دەستم پێکرد، چونکە بە بەراورد بە دیجەییە ژنەکانی تری ئەو کاتە جوان نەبووم، ئێستا تەمەنم گەورەتر بووە و بەهۆی تەمەنمەوە ڕووبەڕووی جۆرێکی نوێی جیاکاری دەبمەوە.

 

لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە کە پیشە لە بواری میوزیکدا زۆرجار کاریگەری هەڵاواردن لەسەر بنەمای چەشنە ڕەگەزییە چەقبەستووەکان دەبێت، تەنها ٪١٢ی ئەندازیارانی ستۆدیۆ و ٪٨ی ڕاپەر و ٪٢٤ی دیجەیەکان ژنن، لەبەرامبەردا ژنان ٪٥٩ ڕۆڵی میوزیکی کلاسیکیان پڕ کردووەتەوە.

 

نائۆمی پول، سکرتێری گشتی یەکێتی میوزیکژەنان، وتی چیرۆکەکانی وەک ئەمانە نیشان دەدەن کە چۆن هێشتا ژنان لە بواری میوزیکدا بەجێدەهێڵرێن، هیوادارم ئەم ڕاپۆرتە تا دەتوانرێت ڕوون و ورد بێت کە جیاوازی دروست بکات.