ژنان ڕۆڵێکی بەرچاویان هەیە لە خۆپیشاندانەکانی سوەیدا و بەردەوامییان پێداوە

خۆپیشاندەرانی سوەیدا جەختیان لەوە کردەوە کە ژنان گەورەترین ڕۆڵیان هەیە لە بزووتنەوەکەداو خاوەنی بیرۆکەیەکی ڕێکخراو و وردن کە یارمەتی بزووتنەوەکەیان داوە تا ئەم ساتە بەردەوام بێت.

ڕوشێل جونیور

 

سوەیدا-بۆ ماوەی زیاتر لە ٧ مانگە خەڵکی شاری سوەیدای سووریا بەردەوامن لە خۆپیشاندانەکانیان و ژنانیش ئامادەبوون ئاڵایان هەڵگرتووە بۆ دەربڕینی داواکارییەکانیان و ئەو ڕاستییەی کە ئەزموونی دەکەن، بەتایبەتی دایکان، کە زۆرترین زیانیان بەرکەوتووە بەهۆی جەنگەوە.

 

سەدان خۆپیشاندەر ڕۆژی هەینی ٢٢ی ئادار لە گۆڕەپانی ئەلکەرەمە لە ناوەندی شاری سوەیدا کۆبوونەوە بۆ داواکردنی جێبەجێکردنی بڕیاری ٢٢٥٤ی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ دڵنیابوون لە گۆڕانکاری سیاسی و ئازادی.

 

ئیلهام ئەلحەمد، یەکێک لە بەشداربووانی بزووتنەوەی سوەیدا، وتی: ژنان لە ڕێگەی بەشداریکردنیان لە بزووتنەوەی سوەیداوە بەربەستی ترسیان شکاند و ڕۆڵیان لە ڕووداوەکاندا سەریهەڵدا، لە دژی "گەندەڵی لە کۆمپانیای ئاو و بڕینی پەیوەندییەکان"، هەروەها ڕەتکردنەوەی "میدیای ساختە" لە ڕیزی یەکەمدا بوون لە ناڕەزایەتیدان.

 

بەبۆنەی ڕۆژی دایکان کە دەکەوێتە ٢١ی ئاداری هەموو ساڵێک، ستایشی ئەو دایکانەی کرد کە لە خەباتدان و هیوای خواست کە لەگەڵ منداڵە ئاوارەکانیان و دەستگیرکراوەکانیان کۆببنەوە، جەختی لەوە کردەوە پێویستە ژنان بەردەوام بن لە بزووتنەوەکە بۆ بونیادنانی داهاتوویەکی باشتر.

 

خۆپیشاندەر دارین عەزام وتی: بەهۆی بوونی ژنان و دەستپێکردنی دەستپێشخەرییەکانیان، پەرۆشی لە گۆڕەپانەکەدا هەیە، بەبێ بوونی ژنان لەم گۆڕەپانەدا، بزووتنەوەکە بەردەوام نەدەبوو.

 

تیجان شەلهوب، خۆپیشاندەرێکی دیکەیە و ئاماژەی بەوەدا، دوای ٧ مانگ لە ڕاپەڕینە مەزنەکە، ژنان سەلماندیان کە هیچ شتێک لەسەر ئەم زەوییە مەحاڵ نییە و ئەو ستەمکارییە لە هەموو شوێنێک و لە هەموو کاتێکدا کۆتایی هاتووە، ژنان لە سوەیدا گەورەترین ڕۆڵیان هەبووە لەم خۆپیشاندانانەدا خاوەنی بیرۆکەیەکی ڕێکخراو و دروستن کە یارمەتی بزووتنەوەکەی داوە تا ئەم ساتە بەردەوام بێت.