ڕەنگە کەمی ئاو ببێتە هۆی سووتەمەنی ململانێکان لە سەرتاسەری جیهاندا

بە بۆنەی ڕۆژی جیهانیی ئاوەوە، نەتەوە یەکگرتووەکان هۆشداریدا لەوەی کە کەمی ئاو دەتوانێت ببێتە سووتەمەنی ململانێکان لە سەرتاسەری جیهاندا.

ناوەندی هەواڵ

 

٢٢ی ئازاری هەموو ساڵێک بە ڕۆژی جیهانیی ئاو دیاری کراوە، کە بە بۆنەیەک دادەنرێت بۆ پشتیوانیکردن لە گەیشتن بە گەشەپێدانی بەردەوام و دڵنیابوون لە بەردەستبوونی خزمەتگوزارییەکانی ئاو و پاکوخاوێنی بۆ هەموو تاکەکانی جیهان تا ساڵی ٢٠٣٠.

 

لە ڕاپۆرتێکدا کە ڕێکخراوی پەروەردەیی، زانستی و ڕۆشنبیری نەتەوە یەکگرتووەکان-یونسکۆ بە بۆنەی ڕۆژی جیهانیی ئاوەوە بڵاوی کردووەتەوە، دووپاتیکردووەتەوە کە زیادبوونی کەمی ئاو لە جیهاندا دەتوانێت ببێتە سووتەمەنی ململانێکان لە سەرتاسەری جیهاندا، تیایدا هاتووە، کە ٢.٢ ملیار کەس لە سەرتاسەری جیهاندا ناتوانن بە سەلامەتی ئاوی خواردنەوەی خاوێن بەدەستبهێنن، ئەمە جگە لەوەی زیاتر لە ٣.٥ ملیار کەس خزمەتگوزاریی پاکوخاوێنی بەڕێوەبەردراوی سەلامەتیان نییە.

 

بەپێی ئامارەکان لە ماوەی ساڵێکدا لە هەر دوو کەس لە جیهاندا یەک کەس بەدەست کەمی ئاوەوە دەناڵێنێت، سەرۆکی یونسکۆ ئاماژەی بەوەشکرد، لە هەندێک ناوچەی جیهاندا پرسی کەمیی ئاو دەرئەنجامی ترسناکی هەیە، چونکە کەمیی ئاو کاریگەری لەسەر ژنان و کچان زیاد دەکات.

 

ڕاپۆرتەکە پێشبینی کردووە کە تێچووی دەستڕاگەیشتن بە ئاوی پاکی خواردنەوە و پاکوخاوێنی و پاکوخاوێنی لە ١٤٠ وڵاتی کەم داهات و مامناوەند لە ماوەی نێوان ٢٠١٦ بۆ ٢٠٣٠ دەگاتە نزیکەی ١.٧ تریلیۆن دۆلار کە ساڵانە بە ١١٤ ملیار دۆلار مەزەندە دەکرێت.