ژنانی ئاوارەی عەفرین: ژیانی ژێر چادر هەموو ڕۆژێکی بەرخۆدانە

لە ٦ەمین ساڵیادی داگیرکردنی شارەکەیاندا، ژنانی ئاوارەی عەفرین کە نیشتەجێی شاری شەهبان لە ناوچەی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، پابەندبوونیان بە خاکەکە و بەردەوامیی خۆڕاگرییەکانیان نوێکردەوە و جەختیان لە گەڕانەوەیان بۆ سەر خاکەکەیان کردەوە.

ڕوبارین بەکر

 

شەهبا - ١٨ی ئادار، ٦ ساڵ بەسەر داگیرکردنی شاری عەفرین لەلایەن دەوڵەتی تورکیا و بەکرێگیراوەکانیەوە تێدەپەڕێت، شارەکە بوو بە جێگای مانەوەی بەکرێگیراوان، کە توندترین شێوازیان لە دژی دانیشتووانەکەی و سروشت و ژینگەکەی ئەنجام دەدا.

 

خەڵکی عەفرینی داگیرکراو کە مانەوەیان لە شاری شەهبا، نزیک لە شارە داگیرکراوەکەیان هەڵبژارد، ژیانی ناو چادر بە قۆناغی دووەمی بەرخۆدانی سەردەم ناودەبەن، کە جەختکردنەوەیە لەسەر گەڕانەوەیان.

 

"خاکەکەمان بۆ بەکرێگیراوان بەجێناهێڵین"

سەلوە شێخۆ، ئاوارەیەکی عەفرینییە، وتی: پێش هێرشەکان ژیان لە هەموو ڕوویەکەوە زۆر باش بوو، ئێمە خاوەنی زەوییە زەیتونێکی زۆر بووین، هەروەها باخی میوەی جۆراوجۆرمان هەبوو، ئەو زەویانە سەرچاوەی بژێوی هەموو خێزانەکان بوون، داگیرکاری تورکیا تۆڵەی لە گەلی کورد دەکاتەوە و بەو هۆیەوە ئەو ئاسایش و سەقامگیرییەی تێکدا کە تێیدا دەژیاین، بەڵام ئێمە بە خاکی خۆمانەوە گرێدراوین و ئەوەی دروستمان کردووە و ئەوەی خاوەندارێتیمان هەیە بۆ بەکرێگیراوانی بەجێناهێڵین، ئێمە لە بەرامبەر چەک و فڕۆکە جەنگییەکاندا بۆ ماوەی ٥٨ ڕۆژ بەرەنگاری بووینەوە و هەر ئێمەش بەردەوام دەبین لە بەرخۆدان.

 

سەلوە شێخۆ ئاماژەی بە تاوانەکانی داگیرکەری تورکیا و بەکرێگیراوانی تورکیا کرد لە شاری عەفرینی داگیرکراو، وتی: تەنانەت مەزارگەی شەهیدانی عەفرینیش لە هێرشەکان بەدوور نابن، بەو پێیەی فڕۆکەکانی تورکیا بەتەواوەتی وێرانیان کردوون، ئەمەش دڕندەیی ئەوان دەردەخات کە تەنانەت تۆڵە لە مەزارگەی ڕۆڵە شەهیدەکانمان دەکەنەوە کە بەرگریان لە خاک و مافەکانمان دەکرد، ئەو دڕندەییەی داگیرکەری تورکیا بەکاری هێنا، تەنها یەک بژاردەی لەبەردەمماندا هێشتەوە، ئەویش ئاوارەبوون بوو.

 

لە کۆتایی قسەکانیدا سەلوە شێخۆ جەختی لەوە کردەوە کە بەرخۆدانی ئەو سەردەمە بۆ خەڵکی عەفرین کۆتایی نەهاتووە، بەڵکو قۆناغی دووەمی دەستپێکردووە و وتیشی: هەموو ڕۆژێک کە خەڵک لەژێر چادردا تێدەپەڕێنن، بە بەرخۆدانێکی گەورە دادەنرێت بەرامبەر بە داگیرکاری تورک و ئەو وڵاتانەی کە بێدەنگن لە بەرامبەر ئەوەی بەسەرماندا هاتووە.

 

"دەیانەوێت عەفرین بخەنە سەر تورکیا"

زەینەب خەلیل ئاوارەیەکی دیکەیە و باسی لەوەکرد، لە عەفرین بەرەنگاری هێرشەکانی داگیرکەری تورکیا بوونەوە، ئیرادەیان نەشکێندرا و لە ئامانج و دۆزی خۆیان لایان نەدا، وتیشی: هەر بۆیەش دوای ئەوەی ئاوارە بووین بۆ کانتۆنی شەهبا، ئێمە بەردەوامی بووین لەم بەرخۆدانە، سیاسەتەکانی داگیرکەری تورکیا و وڵاتانی پیلانگێڕ کۆتایی نەهاتووە، بەو پێیەی ڕۆژانە هێرشەکان بۆ سەر شەهبا بەردەوامن، لە لایەکی دیکەوە، ئێمە ڕووبەڕووی سیاسەتی برسیکردن لەلایەن حکومەتی دیمەشقەوە دەبینەوە، هەموو ئەمانەش بە ئامانجی دوورخستنەوەی ئێمە لە عەفرین و کردنی بە هەرێمێکی سەر بە تورکیایە.

 

سەبارەت بە ڕێکخستنی خەڵک لە دوای ئاوارەبوون، ڕوونیکردەوە، “دوای ئاوارەبوونمان بۆ شەهبا، بە پێی پرەنسیپەکانی نەتەوەی دیموکراتیک خۆمان ڕێکخست و ئەنجومەن و کۆمۆن و دامەزراوە بۆ ژنان دامەزران و لەسەر ئەم بنەمایە ئێمە لە شەهبا بەرخۆدانی دەکەین، ماوەی ٦ ساڵە بەم ڕۆحە ڕێکخراوەوە بەرخۆدان بەردەوامە، پشتڕاستی دەکەینەوە کە دەگەڕێینەوە بۆ خاکی خۆمان، بۆ عەفرین، بۆ خاکی زەیتون.

 

سوزان ئۆسو، هاوڵاتییەکی دیکەی عەفرینی داگیرکراوە و باسی لەوەکرد، کە ئەوان بەرگەی هەموو سەختییەکان دەگرن لەپێناو گەڕانەوە بۆ عەفرین، هەروەها بەرەنگار دەبنەوە و بەسەر هەموو سەختییەکاندا تێدەپەڕن تا دەگەنە ئامانجی خۆیان بەرامبەر بە سیاسەتەکانی قڕکردن و نکۆڵی، کە ڕۆژانە بەرکەوتەی دەبن لەلایەن داگیرکەری تورکەوە، جەختی لەسەر پێویستی خاک و بەردەوامبوونی بەرخۆدان تا ئازادکردنی عەفرین و کۆتایی هاتنی شەڕەکە کردەوە.