"پێویستە مەنیژە سدیقی چالاکوانی مافەکانی ژنان ئازاد بکرێت"

ژمارەیەک لە ڕێکخراوەکان و چالاکانی مافی ژنان جارێکی دیکە داوایان کرد، نەتەوە یەکگرتووەکان گرنگییەکی جددی بە دۆخی مەنیژە سدیقی، چالاکوانی مافی ژنان بدات، کە لە زیندانی تاڵیبان زیندانی کراوە.

ناوەندی هەواڵ

 

لە درێژەی زیندانیکردنی چالاکوانی مافی ژنان، مەنیژە سدیقی لە زیندانی تاڵیبان، کە ماوەی زیاتر لە پێنج مانگە لە زیندانی پولچەرخی تاڵیبان ڕاگیراوە، ژمارەیەک ڕێکخراو و چالاکوانی مافی ژنان جارێکی دیکە داوایان کرد، نەتەوە یەکگرتووەکان گرنگییەکی جددی بە دۆخی مانیژە سدیقی بدەن.

 

پەروانە ئیبراهیمخەل، چالاکوانی ژنان، لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا کە لە پەیجی کۆمەڵایەتی ئێکس بڵاویکردووەتەوە، ئاماژە بە دۆخی مەنیژە سدیقی، چالاکوانی مافی ژنان و ئەندامی بزووتنەوەی خۆبەخۆی ژنانی ئەفغانستان و زیندانیکراو لە زیندانێکی تاڵیبان دەکات و دەڵێت: زیاتر لە پێنج مانگ بەسەر دەستگیرکردنی مەنیژە سدیقیدا تێپەڕیوە، بەبێ هیچ تاوانێک لە زیندانی گروپی تیرۆریستی تاڵیبان ئەشکەنجە دەدرێت.

 

ناوبراو بە ئاماژەدان بەو هەواڵانەی کە لەم دواییانەدا گەیشتوونەتە دەستیان سەبارەت بە بارودۆخی تەندروستی مەنیژە سدیقی، نیگەرانی خۆی دەربڕی و ڕایگەیاند، لە ماوەی ئەم چەند مانگەدا هیچ ڕێکخراوێکی مافی مرۆڤ هەنگاویان بۆ ئازادکردنی مەنیژە سدیقی نەگرتووەتەبەر.

 

کۆمەڵگەی مەدەنی و ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤی ئەفغانستانیش گرتەیەکی ڤیدیۆیی بڵاوکردەوە، کە داوای ئازادکردنی دەستبەجێی مەنیژە سدیقی لە زیندانی تاڵیبان دەکات و دەڵێت: پێویستە نەتەوە یەکگرتووەکان فشار بخاتە سەر گروپی تاڵیبان بۆ ئازادکردنی مەنیژە سدیقی.

 

پێشتریش چەندین دامەزراوە و چالاکانی مافی ژنان و ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی بە لێدوانی جیا داوای ئازادکردنی مەنیژە سدیقییان لە زیندانی تاڵیبان کردووە و تەنانەت لێبوردنی نێودەوڵەتی هەڵمەتێکی بۆ ئازادکردنی ئەم چالاکە مافی ژنان و دوو چالاکوانی پەروەردە دەستپێکردووە.

 

پێویستە ئاماژە بەوە بکرێت کە مەنیژە سەدیقی چالاکی مافی مرۆڤ لە ئەفغانستان لە ٩ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣ لە کابول بێسەروشوێن بوو. دواتر هێزەکانی تاڵیبان ڕایانگەیاند کە ناوبراو لەژێر دەستی ئەواندایە. ڕۆژی ٥ی کانوونی دووەم، مەنیژە سێدیقی بۆ زیندانی پۆلچارخی لە ڕۆژهەڵاتی کابول گواسترایەوە، کە بەزۆری زیندانییە مەترسیدارەکان لەوێ ڕاگیراون.