پانێڵێک بە ناونیشانی پێگەی ژن لە قورئان و یاسادا بەڕێوەچوو

لە سەنتەری یەکسانی جێندەری زانکۆی سلێمانی پانێڵێک بە ناونیشانی "پێگەی ژن لە قورئان و یاسادا" بۆ سێ ژنی چالاکوان و مامۆستای زانکۆ ڕێکخرا.

سلێمانی

 

ئەمرۆ لە چوارچێوەی چالاکییەکانی ٨ی ئاداردا، سەنتەری جێندەری زانکۆی سلێمانی پانێڵێکی بە ناونیشانی "پێگەی ژن لە قورئان و یاسادا" بۆ هەریەک لە گەشە عەبدوڵا- مامۆستای زانکۆ، ڕازاو مەحمود فەرەج- یاساناس و شۆخان ئەحمەد-پارێزەری ڕاوێژکار ڕێکخست.

 

لە پانێڵەکەدا گەشە عەبدوڵا، مامۆستای زانکۆ لە بارەی پێگەی ژن لە قورئاندا باسی لە سێ تەوەر کرد، کە لە قورئاندا باس لە پێگەی ژن دەکات، یەکەمیان هەبوونە، کە ژن وەک بوونێک لە قەڵەم دەدات، بە نموونەیەکی قورئانی وتی: خوای گەورە مرۆڤی لە دوو ڕەگەز دروستکردووە کە ژن و پیاوە. هەروەها تەوەێکی دیکەی خستەڕوو، ئەویش دووبارە ژیانەوەی ژنە، کە لە سەردەمێکدا باسی لە بوونی ژن کردووە، بە کۆی شارستانییەتەکان ژنان زیندەبەچال کراون و کوژراون.

 

ڕازاو مەحمود، یاساناس، بابەتێکی لەسەر یاساکانی باری کەسێتی پێشکەشکرد، وتی: لە یاسای باری کەسێتی ژمارە ١٨٨ی ساڵی ١٩٥٩دا کە بە یاسای ١٥ ساڵی ٢٠٠٨ هەمووارکراوەتەوە، باس لە پێگەی ژن دەکات لە یاساکەدا، یاسای باری کەسێتی عێراق باس لەوە دەکات، کە لە دادگاکاندا ژن و پیاو وەک یەک بە یەکسانی مامەڵەیان لەگەڵدا دەکرێت، هیچ جیاوازییەک نییە لە ڕووی تەمەن و ئایین و ئەقڵەوە، بەڵام کۆمەڵێك مەرج و یاسا دانراوە کاتێک ژن و پیاو بڕیاری جیابوونەوە دەدەن، هیچ بەندێك نییە لە یاسا و شەریعەدا کە دەبێت کچ و کوڕ لەسەر دەستی زانای ئاینی مەراسیمی هاوسەرگیری بکەن، ئەمە تەنها بۆ پیرۆز کردنی مەراسیمەکەیە، بەڵام ئەوەی گرنگە لە گرێبەستی هاوسەرگیریدا، ئەو دوو کەسە بڕیاری هاوسەرگیرییان دابێت.

 

شۆخان ئەحمەد، پارێزەری ڕاوێژکار، باسی لە ڕۆڵی یاسایی و کۆمەڵایەتی ڕێكخراوەکان کرد و وتی: بە پێی یاسای دامەزراندنی ڕێکخراوەکان، هیچ ڕێکخراوێک نییە بێ بوونی بەشی یاسایی دابمەزرێت، بۆیە کارکردنی ڕێکخراوەکان بۆ ژنان لە چوارچێوەی یاساکاندایە و بۆ ئەوەش بەدەر لە یاسا کار ناکرێت.