"پێوەرە مرۆییەکان بە هێرشکردنە سەر گۆڕستانەکان پێشێل دەکرێن"

ئەو بنەماڵانەی کۆچیان بۆ کامپی سەردەم کرد لە شاری ئەحداس لە کانتۆنی شەهبا، دروستکردنی بینایان لە شوێنی گۆڕستانەکان لە عەفرینی داگیرکراو شەرمەزار کرد و وتیان: پێوەرە مرۆییەکان بە هێرشکردنە سەر گۆڕستانەکان پێشێل دەکرێن.

حەسنا محەمەد

 

شەهبا- دوای ئەوەی دەوڵەتی تورکیا لە ١٨ی ئاداری ٢٠١٨ ناوچەی عەفرینی داگیرکرد، کردەوە و پێشێلکاری دژی سروشت و مێژوو و کولتووری عەفرین ئەنجامدا و ئەو کەسانەی لەو ناوچەیە ماونەتەوە ڕۆژ لە دوای ڕۆژ دەڕفێندرێن، ئەشکەنجە دەدرێن، دەستدرێژییان دەکرێتە سەر.

 

لە عەفرین ٣ گۆڕستانی پاکڕەوانی ئازادیخواز هەن، لە ناوچەی جیندرێس گۆڕستانی شەهید سەیدۆ و لە ناوچەی شەرا گۆڕستانی شەهید مەتینا و گۆڕستانی شەهید ئاڤێستاش لە سەنتەری شاری عەفرین کەلە سەردەمی بەرخۆدانی سەردەمدا دروستکراون، هەن. دوای داگیرکردنی عەفرین، ئەم گۆڕستانانە بوونە ئامانجی هێرشی داگیرکەر و لەناوچوون، دەوڵەتی تورک و بەکرێگیراوەکانی لەبری گۆڕستانی ئازادیخوازان بینا دروست دەکەن و لەسەر گۆڕستانی شەهید ئاڤێستاش بازاڕی مەڕیان کردووەتەوە، هەموو ئەمانەش لە عەفرین نۆرم و یاسا نێودەوڵەتییەکان پێشێل دەکات.

 

سەبارەت بە وێرانکردنی گۆڕستانەکانی عەفرینی داگیرکراو و دروستکردنی بینا لە شوێنیان، بنەماڵەی شەهیدان لە ناوچە کۆچبەرەکان و لە کامپی سەردەمی سەر بە شارۆچکەی ئەحداس، کە بەردەوامن لە خۆڕاگری، وێرانکردنی گۆڕستانەکانیان شەرمەزار کرد.

 

"ئێمە دەگەڕێینەوە عەفرین و گۆڕستانەکانمان دروست دەکەینەوە"

عەدولە ئەحمەد، دایکی دەستینا عەفرین، وێرانکردنی گۆڕستانی منداڵەکانی لە عەفرین ئیدانە دەکات و دەڵێت: ماوەی ٦ ساڵە لە کامپەکانی ئاوارەکان بەرخۆدان دەکەین، دوای داگیرکردنی عەفرین، دەوڵەتی تورکیا هەموو پێوەرێکی ئەخلاقی پێشێل دەکات، هەموو شوێنە مێژووییەکانیان وێرانکراون، دەستی بەسەر گۆڕستانە دێرینەکانیشدا گرت و لە شوێنی ئەوان بینای دروستکرد، دەیەوێت دیمۆگرافیای ناوچەکە بگۆڕێت، ئێستاش دژ بە ئێسکی مردوو شەڕ دەکات، لە دونیادا قەدەغەیە گۆڕستانی پاکڕەوان و ئەو کەسانەی گیانیان لەدەستدا دەستکاری بکرێن و وێران بکرێن، ئەردۆغان گوایە بەناوی ئیسلامەوە مامەڵە دەکات، بەڵام هەموو یاساکانی ئیسلامی پێشێل دەکات، دەگەڕێینەوە عەفرین و جارێکی دیکە گۆڕستانەکانمان دروست دەکەینەوە، چونکە ئێمە لەسەر هێڵی پاکڕەوان ژیانمان بەڕێدەکەین.

 

"ئێمە پەیڕەوی لە هێڵی پاکڕەوانمان دەکەین"

فاتیمە محەمەد، خوشکی جاندا جودی، ڕایگەیاند کە ئەوان هەمیشە لەسەر هێڵی پاکڕەوان دەبن و ئەردۆغان هەرگیز ناتوانێت بە وێرانکردنی گۆڕستانەکان ئیرادەی ئەوان بشکێنێت، وتیشی: بەهۆی داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورکەوە، ئێمە ئاوارە بووین و تا کۆتایی ژیانمان بەردەوام دەبین لە بەرخۆدانمان، لە عەفرین دەوڵەتی تورک هێرش دەکاتە سەر بەهاکانمان و گۆڕی پاکڕەوانمان لەناو دەبات، ئەوان لەجێگەیان بینا و بازاڕی مەڕ دروست دەکەن، ئێمە هەرگیز ئەمە قبوڵ ناکەین، ئێمە خاوەنداری لە خاک و پاکڕەوانمان دەکەین.