مانگێکە دلۆڤان ئەکرەمی سەرۆکی ڕژاک دەستگیر کراوە

ماوەی مانگێکە دلۆڤان ئەکرەم، سەرۆکی ڕێکخراوی ژنانی ئازادی کوردستان-ڕژاک دەستگیر کراوە، ڕژاکیش بەردەوامە لە هەوڵەکانی بۆ ئازادکردنی.

ناوەندی هەواڵ

 

ماوەی مانگێکە دلۆڤان ئەکرەم، سەرۆکی ڕیکخراوی ژنانی ئازادی کوردستان-ڕژاک لە شاری کەرکوک، دوای تیرۆرکردنی سیاسەتمەدار فریال سلێمان خالید دەستگیر کراوە و بەپێی زانیارییەکانی کە ڕژاک خستوویەتیە ڕوو، دەزگا ئەمنییەکانی شارەکە دەیانەوێت دان بە تۆمەتێکدا بنێت کە نەکراوە.

 

لە ماوەی ڕابردوودا ڕژاک بەیاننامەیەکی نووسراوی لەو بارەیەوە بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، "ئەم هەوڵە لەرزۆکانە شەرمەزار دەکەین و داوا لە ڕێکخراوەکانی ژنان دەکەین، لەگەڵمان بن، هەروەها داوا لە دەوڵەتی ئێراق دەکەین دەستبەجێ سەرۆکی ڕێکخراوەکەمان ئازاد بکات".

 

ڕژاک لەو بەیاننامەیەدا کە ١٧ی ئەم مانگە بڵاوی کردووەتەوە، ڕایگەیاندووە، دەستگیرکردنی دلۆڤان ئەکرەم، دوای تیرۆرکردنی سیاسەتمەدار فریال سلێمان خالیدە، لە ١٧ی کانوونی یەکەم لە شاری کەرکوک لەلایەن دەوڵەتی تورکیاوەیە، دەشڵێن: "وەک ژن لە باشووری کوردستان پێمان وایە ئەم هێرشانە بۆسەر ژنی پێشەنگ زۆر ئامانجدار و بە مەبەستە، بۆیە بە توندی ئەم هێرشە تیرۆرستییانە بۆسەر ژنانی تێکۆشەر شەرمەزار دەکەین و بۆ عێراق جێگەی شەرمەزارییە، کە بکوژان و تیرۆرستان دەستگیر ناکات، بە پێچەوانە دەبێتە ئاستەنگ و ڕێگر لەبەردەم کاری ڕێکخراوەیی ئێمەدا، ئەم دەستگیرکردنەش بەبێ گەڕانەوەیە بۆ یاسا و هەبوونی بەڵگە".