خۆپیشاندەرانی سوەیدا: لە هیچ بارودۆخێکدا واز لە بزووتنەوەکەمان ناهێنین
بەشداربووانی بزووتنەوەی گەل لە شاری سوەیدای سووریا پشتڕاستیان کردەوە، حکومەتی شام چارەسەرێک بۆ کێشەی ماددە هۆشبەرەکان قبوڵ ناکات، چونکە گەورەترین سوودمەندە لێی.
![](https://test.jinhaagency.com/uploads/so/articles/2024/01/20240127-20240127-almadt-jpg840ef0-image-jpg6946af-image.jpg)
ڕوشیل جونیور
سوەیدا- سەرەڕای بارودۆخی سەختی کەشوهەوا و باران بارین، خۆپیشاندەران لە شاری سوەیدای سووریا ڕۆیشتن بۆ گۆڕەپانی ئەلکەرەمە بۆ داواکردنی گۆڕانکاری سیاسی و ئازادی و جێبەجێکردنی بڕیاری ٢٢٥٤ی نەتەوە یەکگرتووەکان.
ڕۆژی هەینی ٢٦ی کانوونی دووەم، ژنان لە گۆڕەپانی کەرامەت گۆرانییەکی بەناوبانگ و شۆڕشگێڕانەیان دەوت کە ئاڵایان هەڵگرتبوو و داواکارییەکانیان دەربڕی مونا عەبدوڵا، یەکێک لە بەشداربووانی خۆپیشاندانەکە وتی: ژنان لە کۆمەڵگەدا مافی خۆیان وەرنەگرتووە، لە هەموو لایەنەکانی ژیان پەراوێزخراون.
سەبارەت بە بۆردوومانکردنی گوندە سنورییەکانی ئوردن لە گوندی سوەیدا، ئاماژەی بەوەدا، بۆردومانەکە چارەسەر نییە چونکە هەموو گروپەکان دەکاتە ئامانج و ئەوانەی زۆرترین زیانیان بەرکەوتووە ژن و منداڵن، وتیشی: ڕژێمی سووریا چارەسەرێک قبوڵ ناکات بۆ کێشەی ماددە هۆشبەرەکان چونکە گەورەترین سوودمەندە لێی.
"چاوەڕێی چی لە حکومەتی گەندەڵ دەکەن؟"
مونا عەبدوڵا پەیامێکی بۆ هەموو ژنان نارد بۆ ئەوەی بێدەنگییەکانیان بشکێنن و مافی خۆیان وەربگرن، داوای لە ژنان کرد لەماڵ بچنە دەرەوە بۆ ئەوەی داوای ئازادی بکەن، بەتایبەتی ئەوانەی منداڵەکانیان ڕۆیشتوون، وتیشی: چاوەڕێی چی لە حکومەتی گەندەڵ دەکەن؟.
لەمیس مولحیم وتی: سەرەڕای نەخۆشی و کەشێکی سارد، بەردەوام دەبین لە مەیدانەکەدا، دژی ڕژێمی گەندەڵین خەڵکی سووریا پێویستیان بە ئازادی هەیە.
سەبارەت بە بۆردوومانکردنی گوندە سنورییەکانی ئوردن، ئاماژەی بەوەدا تاوانبارەکە ناسراوە و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەزانێت کە ڕژێم بەرپرسیارە لە ئامادەکردنی کارگەکانی کاپتاگۆن و ئاسانکردنی پرۆسەی قاچاخی ماددە هۆشبەرەکان، حکومەتی شام پابەند نابێت بە هیچ ڕێککەوتنێک لەسەر بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان.
لە لایەکی دیکەوە، سەرا فەهد وتی: سەرما ڕێگری ناکات لە خۆپیشاندان دژی حکومەتی شام، ڕژێم هەوڵدەدات سوەیدا تێکبشکێنێت بۆ لاوازکردنی بزووتنەوەکەمان، بەڵام ناتوانێت ئێمە بوەستێنێت چونکە یەک دەستین دژی ڕژێم.