لافاو لە ئوسترالیا و مالیزیا هەزاران کەس لە ماڵەکانیان ئاوارە دەکات

بەهۆی بارانبارینی باران و دروستبوونی لافاو لە مالیزیا و ئوسترالیا هەزاران کەس لە ماڵەکانیان ئاوارە بوون بۆ پەناگەکان.

ناوەندی هەواڵ

 

باران بارین لە ئوسترالیا و مالیزیا بووە هۆی دروستبوونی لافاو لە سەدان ماڵ و بینا و ڕێگاوبانەکان، پچڕانی کارەبا و ئاو و خزمەتگوزاری پەیوەندی بەدوای خۆیدا هێناوە.

 

کاربەدەستانی ئوسترالیا ڕۆژی یەکشەممە ١٧ی کانوونی یەکەم ڕایانگەیاند، هەزاران کەسیان لە باکووری کوینسلەندا گواستووەتەوە بۆ ناوچە بەرزەکان دوای ئەو لافاوەی بەهۆی بارانەوە ل وڵاتەکە و هەندێک لە ناوچەکانی دەوروبەری شاری "کیرنز" کە ناوەندێکی گەشتیاری و دەروازەیە گرتەوە، بووە هۆی لافاوێکی زیاتر بەهۆی زریانی گەرماوی "جاسپەر" کە چەند ڕۆژێک لەمەوبەر ناوچەکەی گرتەوە.

 

گروپی بەڕێوەبردنی کارەساتە ناوخۆییەکان لە کیرنز ئاماژەی بەوەکرد، ئاوی لافاو ماڵەکان و باڵەخانەکان و ڕێگاوبان و پردەکانی پڕ کردووە و بووە هۆی بڕینی کارەبا و ئاو و خزمەتگوزاری تەلەفۆن لە ناوچەکەدا، لە کاتێکدا خزمەتگوزاری کەشناسی ئوسترالیا پێشبینی بارانبارینی زۆر دەکات لە ناوچەی کیرنزو لافاوی مەترسیدار کە لەوانەیە هەڕەشە لەسەر ژیان دروست بکات.

 

هەموو گەشتە ئاسمانییەکانی فڕۆکەخانەی کیرنز هەڵوەشێندرانەوە و دواخران دوای ئەوەی وێنەیەک کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاوکرایەوە نیشانی دەدات فڕۆکەکان لەسەر ڕێگاکە لە لافاودان، هەروەها زیاتر لە ١٤ هەزار ماڵ لە سەرانسەری هەرێمەکەدا بێ کارەبا بوون.

 

کاربەدەستانی مالیزیا پشتڕاستیان کردەوە، زیاتر لە ٦ هەزار و ٥٠٠ کەسیان لە شوێنەکانی خۆیان لابردووە بەهۆی ئەو لافاوەی کە وڵاتەکەی گرتەوە دوای باران بارین و زیاتر لە ٦ هەزار و ٣٧٠ کەس لەناو ناوەندەکانی فریاگوزاری لە ویلایەتەکانی کێلانتان و تێرنگگانو چۆڵکراون کە زۆرترین زیانیان بەرکەوتووە بەهۆی ئەو لافاوەوە.

 

بەڕێوەبەرایەتی کەشناسی هۆشداری دەدات لە بایەکی بەهێز و بارانێکی زۆر کە بە شێوەیەکی گشتی لە مانگی تشرینی یەکەم تا مانگی ئادار بەردەوام دەبێت.