COP28 داوای وازهێنان لە سووتەمەنی بەردینی دەکات

کۆنفرانسی لوتکەی کەشوهەوای نەتەوە یەکگرتووەکان-COP28 گەیشتە ڕێککەوتنێکی مێژوویی کە دەتوانێت بۆ یەکەمجار پاڵپشتی وڵاتان بکات بۆ دوورکەوتنەوە لە بەکارهێنانی سووتەمەنی بەردینی.

ناوەندی هەواڵ

 

لە چوارچێوەی کۆنفرانسی لوتکەی کەشوهەوای نەتەوە یەکگرتووەکان-COP28 کە لە دوبەی بەڕێوەچوو، ئەو دەقەی کە دانوستانەکەی بۆ درێژ کرایەوە، ئەمڕۆ بە کۆدەنگی و بەبێ هیچ ناڕەزایەتییەک لە نێوان نزیکەی دوو سەد وڵاتی ئامادەبوو لە دانیشتنی کۆتایی کۆنفرانسەکەدا پەسەندکرا.

 

وڵاتانی جیهان بە کۆی دەنگ یەکەم ڕێککەوتنی مێژوویی سەبارەت بە کەشوهەوا پەسەند کرد کە داوای "گواستنەوە" دەکات بەرەو وردە وردە وازهێنان لە سووتەمەنی بەردینی.

 

لە سەرەتای دانیشتنی پلینۆمدا، نوێنەران ئەو ڕێککەوتنەیان پەسەند کرد کە ئیمارات ئامادەی کردبوو، سەرۆکی کۆنفرانسەکەش ڕایگەیاند کە بڕیارێکی "مێژووییە" بۆ خێراکردنی کردەوەی کەشوهەوا، وتیشی: فۆرمۆلەیەکمان هەیە لەسەر سووتەمەنی بەردینی لە ڕێککەوتنی کۆتاییدا بۆ یەکەمجارە و پێویستە شانازی بەم دەستکەوتە مێژووییە بکەین.

 

ئەو دەقەی کە نوێنەرانی ئیماراتی دانوستانیان لەسەر کردووە، تیایدا داوا کراوە، "واز لە سووتەمەنی بەردینی لە سیستەمی وزەدا بهێنرێت بە شێوەیەکی ڕێک و پێک و دادپەروەرانە، بە خێراکردنی کارکردن لەم دەیە گرنگەدا بە مەبەستی بەدەستهێنانی کەمکردنەوەی کاربۆن لە ساڵی ٢٠٥٠دا بەگوێرەی ئەوەی زانست پێشنیاری دەکات".

 

بانگەوازەکە بریتی بوو لە سێ هێندەکردنی توانای بەکارهێنانی وزەی نوێبووەوە تا ساڵی ٢٠٣٠، هەروەها دوو هێندەکردنی خێرایی باشترکردنی کارایی وزە.

 

ئێوارەی ١١ی کانونی یەکەم، سەرۆکایەتی کۆنفرانسی لوتکەی کەشوهەوا ڕەشنووسێکی بڵاوکردەوە کە ناڕەزایی لێکەوتەوە، چونکە داوای "وازهێنان"ی لە سەرچاوە پیسکەرەکانی وزە نەدەکرد، کە سووتاندنی ئەو سەرچاوەیە لە سەدەی نۆزدەهەمەوە تاڕادەیەکی زۆر بەرپرسی بەرزبوونەوەی ئێستای جیهان بووە پلەی گەرما ١.٢ پلەی سەدی دەبێت.