ڕۆڵی میدیا لە بڵاوکردنەوەی هۆشیاریی و بنیاتنانی کۆمەڵگەدا

د.هەتاو حەمەساڵح – مامۆستای زانکۆ

 

میدیا بە هەموو جۆرەکانیەوە ڕۆڵی سەرەکی دەگێڕێت لە داڕشتنی هۆشیاری کۆمەڵایەتی لە نێوان تاکەکانی کۆمەڵگەدا، جا پەیامەکە ئەرێنی بێت یان نەرێنی.

 

دەبێت بزانین میدیا چەکێکی دوو تیغە، یان دەبێتەهۆی بەهێزکردن و چەسپاندنی بەها و داب و نەریتە دروستەکان، یان دەبێتەهۆی لەناوبردنی هەموو بەها و مرۆیی و ئەخلاقییەکان، لێرەوە ئەرکی سەرەکی دەکەوێتە سەرئەوانەی بەکاری دەهێنن، ئیتر چ میدیایەکی فەرمی بێت و دەزگایەک بەڕێوەی ببات، چ بەکارهێنانی تاکە کەسیی بێت وەک تۆڕی کۆمەڵایەتی، چونکە وەک دەزانن ئێستا هەموو کەس بەهۆی مۆبایلەکەیەوە بووەتە ڕۆژنامەوانی هاووڵاتیی، "ئەم زاراوەیە ئاماژە بۆ جەماوەری بەکارهێنەری تۆڕی کۆمەڵایەتی کە دەتوانن ڕۆڵێکی کارا ببینن لە پرۆسەی کۆکردنەوە و گواستنەوە و، شیکارکردن و بڵاوکردنەوەی بابەت و وێنە و هەواڵ و زانیاری".

 

زۆرجار لۆمەی پلاتفۆرمەکانی تۆڕی کۆمەڵایەتی دەکرێت بەوەی بووەتە تێکدەری کۆمەڵگەکان، دەوترێت میدیا چەندین ئاسەواریی نەرێنی بەسەر کۆمەڵگەوە بەجێهێشتووە، وەک لاواز بوون و تێکچوونی پەیوەندی خێزانی، زیادبوونی جیابوونەوەی خێزان، نائارامی و تووڕە بوون، زۆربوونی فشاری دەروونی، ترس و دڵەڕاوکێ، دروستکردنی کێشەی کۆمەلایەتیی، دووڕوویی، ناتەبایی، ڕق و کینە، زیادبوونی ململانێ، بەڵام لە ڕاستیدا هەر هەمان ئەو میدیایە کە دەتوانێت هەستێت بە ڕۆڵی سەرەکی و گرنگ لە بنیادنانی هۆشیاریی و کولتووری لێبووردەیی، لە هەمان کاتدا بوونەتە پایەیەکی سەرەکی پەیوەندی ڕۆژانە و وەرگرتنی زانیاری بۆ زۆر کەس لە جیهاندا.

 

یەکێک لە ئەرکی میدیای تەقلیدی و میدیای نوێ بەرامبەر کۆمەڵگە، بریتییە لە هۆشیاری گشتی، لێرەشەوە دەکرێت هەنگاو بەرەو ئاڕاستەکردنی کۆمەڵگایەکی دروست بندرێت، ئەمەش بە پێشکەشکردنی ناوەڕۆکێکی جوان و بەنرخ و بەسوود دەبێت، نمونەش بۆ ئەمانە زۆرن وەک: بەکارهێنانی تەکنەلۆژیای سەردەمیانە بۆ دروستکردنی ناوەڕۆکی میدیایی داهێنەرانە، بەجۆرێک لەخزمەت خەڵکدا بێت بەتایبەت گەنج و مناڵ کە زۆرترین ڕێژەی بەکارهێنانی تۆڕی کۆمەڵایەتیی پێکدەهێنن، بۆ نمونە، هانی منداڵ بدرێت بۆ بەشداریکردن لە پێشکەشکردن و پەرەپێدانی ناوەڕۆکی جیاواز لە پلاتفۆرمەکانی تۆڕی کۆمەڵایەتی، وەک تیک تۆک و سناپچات ئیستاگرام، ئەمەش:

 

یەکەم: بە ئامانجی پڕکردنەوەی ئەو بۆشاییە گەورەیەیە کە لە ژیانی مناڵان و گەنجاندا هەیە.

دووەم: بۆ سوود وەرگرتن لە توانا و هێزی گەنجان.

سێیەم: بۆ کۆنترۆڵی میدیا و بەکارهێنانی لە بیناکردنی کۆمەڵگە برەودان بە بەها بەرزەکان و ئەخلاقی مرۆیی.

 

لەگەڵ دەرکەوتنی ئەو ڕێژە ترسناکەی کە ڕۆژانە بەرچاومان دەکەوێت لە ئاسەواری نەرێنی تۆڕی کۆمەڵایەتی و ئینتەرنێت لەسەر تاکەکان، دەبێت ئێمە بەردەوام بین لە هەوڵی دۆزینەوەی ڕێگەی نوێ، بۆ کەمکردنەوەی مەترسییەکان.

 

لێرەدا پرسیارێک دێتە ئاراوە ئایا ئێمە دەکرێت لۆمەی پێشکەوتنی تەکنەلۆژیا و میدیای نوێ بکەین و تاوانباری بکەین بە تێکدانی کۆمەڵگە؟ وەڵامەکەی زۆر ڕوونە، چونکە وەک وتمان ناکرێت لۆمەی چەقۆیەک بکرێت لەکاتێکدا دەبێتە هۆکاری زەرەر گەیاندن بە کەسێک، چونکە ئەو ئامێرە هەر ئەو چەقۆیەیە کە شێفە دەسترەنگینەکان بەکاری دەهێنن بۆ دروستکردنی باشترین ژەمی خواردن بە هونەرێکی جوان، بگرە لەوەش زیاتر، تا کارامەتر بەکاری بهێنێت زیاتر پێی بەناوبانگ دەبێت، بەڵکو دەبێتە سەرچاوەی بژێویش بۆی، هەمان ئەم نمونەیە دەکرێت بۆ تۆڕی کۆمەڵایەتیش جێبەجێبکەین، کەواتە میدیا و تۆڕی کۆمەڵایەتی لە ئێستادا دەتوانن گەورەترین خزمەت بە مرۆڤایەتیی بکەن، وەک هەوێنی کۆمەڵگە بەکار بێن، دەکرێت میدیا ڕۆڵی سەرەکی لە بنیاتنانی هۆشیاریدا هەبێت.

 

کەواتە بەکارهێنانەکانی میدیا جیاوازن، هەر وەک چۆن کەسانێک هەن تۆڕی کۆمەڵایەتی بە شێوازێکی نەرێنی بەکاری دەهێنن بۆ شكاندنەوەی یەكترو ناوزڕاندن، گاڵتەپێکردن و شتی بێ بایەخ و کات بەفیڕۆدان، "نمونەی ئەمانەش وەک ئەوەی ئێستا زۆرینەی بەكارهێنەرانی لە تیک تۆک و ریلزەکانی فەیسبووکدا هەیە"، تیایدا ڕەچاوی هیچ بنەمایەكی ڕەوشت‌و هەڵسووكەوت ناکرێت، ئاسەواریی ئەمەش زۆر دیارە بەسەر کۆمەڵگەکەمانەوە، چونکە ڕۆژانە چەندین ڕوداوی نەخوازراو و نامۆ دەبینین و چەندین زیانبەرکەوتووی هەڵە بەكارهێنانی تۆڕی کۆمەڵایەتی دێتە لامان، بەڵام هەندێکی تر هەن خۆشبەختانە درکیان بە هێزی کاریگەری تۆڕی کۆمەڵایەتی کردووە، بە شێوەی ئەرێنی بەکاری دەهێنن، توانیویانە چەندین بابەتی پر سوود بڵاوبکەنەوە، لە گرتەی ڤیدیۆیی سەردەمیانە و دانای ئەپلیکەیشنی پڕ بایەخ لە بواری خوێندن و برەودان بە شێوازی گەڕان بەشوێن زانیارییدا، لەم هەنگاوەدا هەم سوودیان بە خەڵکی گەیاندووە هەم خۆشیان لێی سوودمەند بوون لە بەناوبانگ بوون، یان بازاڕكردن یاخود بەدەستهێنانی قازانجی ماددی.

 

ئەی چی بکەین بۆ ئەوەی کەمترین زیان و زۆرترین سوود لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ببینین؟

بێگومان ناتوانین سەد لە سەد ماکە خراپەکانی گۆڕانە کولتووری و تەوژمە تەکنەلۆژییەکان لە ناو ببەین، بەڵام لانی کەم دەتوانین ڕێژەکەی زۆر کەم بکەینەوە، هەمیشە وتراوە میدیا دەتوانێت ببێتە هەوێنی ئاشبوونەوەی کۆمەڵایەتی و ڕۆڵی سەرەکی دەگێڕێت لە بنیادنانی هۆشیاری و ڕەنگدانەوەی وێنەیەکی شارستانی پێکەوەژیان، بۆ نمونە گفتوگۆی بنیادنەر دروستبکرێت، ڕێزگرتن لە بۆچوونە جیاوازیەکان بگیرێت، هەر بۆیە بەرپرسیارێتی چالاکوانان و پێشەنگەکانی تۆڕی کۆمەڵایەتییە زۆر گەرەیە بۆ بنیادنانی ئەم کولتوورە، چونکە دەبێت کۆمەڵێک لە خەڵکانی دڵسۆز بە کۆمەلگە دروستببن کە بەرپرسیارێتی لە پاراستنی بەها و داب و نەریتی ڕەسەنی کوردەواری بگرنە ئەستۆ، بۆ ئەمەش بنەماکانی ئەخلاق بکەنە پێوەر بۆ کارەکانیان.

 

لە کۆتاییدا دەڵێین، چالاکوانان و ڕۆژنامەوانان و دەزگاکانی میدیا دەبێت چەندین پێشنیاری سەردەمیانەیان هەبێت بۆ چارەسەرکردنی ئەم دۆخە نەخوازراوەی کە ئێستا خەڵکی بەهۆی هاتنی تۆڕی کۆمەڵایەتیوە دووچاری بوەتەوە، سانسۆری خودییان هەبێت، دەبێت بەرپرسیارانە بڵێن و بنووسن، لەبەر خاتری زیادبوونی فۆڵەوەر و بینەر هیچ بابەتێکی ناباو و دژ بە سروشتی مرۆڤایەتی کولتووری کۆمەڵگە نەوروژێنن، بەرپرسیارانە کار بکەن لە خستنەڕووی زانیاری و هەواڵدا، تاوەکو کۆمەڵگە بپارێزنن لە سەرلێشێواوی و بێ متمانەیی.