لە کامپی مەخموور خولی پەروەردەی ڕاگەیاندن دەستی پێکرد

پەروەردەی ڕاگەیاندنی گەنجان لە کامپی شەهید ڕۆستەم جودی لە مەخموور ئامانجییەتی ڕاگەیاندن لە کامپەکە پێشبخات و دەرفەت بۆ گەشەپێدانی گەنجان بڕەخسێنێت.

بەرژین کارا

 

مەخموور- ناوەندی ڕاگەیاندنی گەنجانی کامپی مەخموور لە ١٠ی تشرینی دووەمەوە خولێکی پەروەردەیی ڕاگەیاندنی لە ئەکادیمیای ڕاگەیاندنی شەهید ڕێناس ئاڤێستا دەستپێکرد و ١٠ گەنج بەشدارییان کرد، تیایدا بابەتی پەروەردەیی لەبارەی مێژووی ڕاگەیاندن و ناساندنی کارمەندانی ڕاگەیاندنی ئازاد، هەواڵ نووسین و ڤیدیۆ و کامێرا و بابەتی دیکەی پەیوەست بە ڕاگەیاندن دەخوێندرێت.

 

"بۆ کۆمەڵگەی کوردی ڕاگەیاندن گرنگە"

دیجلە بەنەک یەکێکە لەو گەنجانەی بەشداری پەروەردەکەیان کردووە و باسی لە گرنگی ڕاگەیاندن بۆ گەلی کورد و کۆمەڵگە کرد و وتی: ڕاگەیاندن بۆ هەموو کۆمەڵگەکان و جیهان گرنگە، بەتایبەت بۆ ئێمەی گەلی کورد، تا لە ڕێیەوە بتوانین ئەو هێرشانەی بۆ سەر گەلەکەمان، ئەو ڕووداوانەی لە کۆمەڵگەکەماندا ڕوودەدەن، هەروەها ئەو فشار و ستەمانەی لەسەر کۆمەڵگەکەمان بەڕێوە دەبرێت بیخەینە بەرچاو.

 

دیجلە بەنەک باسی لە دەستپێکی پەروەردەی ڕاگەیاندن کرد و وتی: پەروەردەی ڕاگەیاندن لە ١٠ی ئەم مانگەدا کرایەوە، لەو ڕۆژەوە تا ئێستا لە زۆر بەشدا شتی جیاواز فێربووین، وەک کۆمپیوتەر، کامێرا، مۆنتاژ، هەروەها مێژووی ڕاگەیاندنمان خوێند و بە گشتی باش بەڕێوەچوو.

 

"دەمەوێت لە داهاتوودا بنووسم"

لە سەرەتای قسەکانیدا زیلان ئۆزەک خۆشحاڵی خۆی بۆ بەشداریکردنی لە پەروەردەکەدا دەربڕی و وتی: ئامانجی بەشداریکردنم لە پەروەردەی ڕاگەیاندندا فێربوونی کامێرا و مۆنتاژ و هتد بوو، بۆ ئەوەی بتوانم لە داهاتوودا بابەت بۆ تیڤی یان ڕۆژنامە بنووسم، جگە لەوەش لێرەدا زۆر شت فێربووین، فێری کۆمپیوتەر و کامێرا و بابەتە ڕاگەیاندنیەکانی دیکە بووین.