تاڵیبان ڕێگە بە ژنان نادات بەرهەمەکانیان لە پێشانگەکاندا بفرۆشن

ژنانی ئەفغانی لە کابول کە لەژێر فشاری تاڵیباندا بۆ بەدەستهێنانی داهاتێکی ئابووری  دەیانەوێت بەرهەمەکانیان پێشکەش بکەن، بەڵام تاڵیبان ڕێگە بە ژنان نادات بەرهەمەکانیان لە پێشانگەکاندا بفرۆشن.

بەهاران لەهیب

 

کابول- تاڵیبان فشارێکی زۆری خستە سەر ئەو ژنانەی کە ئامادەی ئەو پێشانگایە بوون کە لە نێوان ١٣ بۆ ٢٠ی تشرینی دووەم لە کابولی ئەفغانستان کرایەوە، هەرچەندە ژنان سەرەڕای زیادبوونی کۆنترۆڵی تاڵیبان هەوڵیاندا بەرهەمەکانیان بفرۆشن، بەڵام ئەو ئەنجامەیان بەدەست نەهێنا کە دەیانویست، یەکێک لە ژنەکان، نیلوفەر فەخری، لەو بارەیەوە قسەی بۆ کردین.

 

نیلوفەر فەخری ئاماژەی بەوەکرد، جلوبەرگی ژنانی ئەفغانی دروست دەکات و وتی: هەرگیز نەچووومەتە خوێندنگە تەنها بۆ ئەوەی لە ماڵەوە کار بکەم و چاودێری منداڵان بکەم. هاوژینەکەم بە تەنیا لە خێزانەکەمان کار دەکات، کاتێک نەخۆش کەوت، من کۆرسێکم وەرگرت و فێری دروومانی بووم، هاتووم بۆ کابول بۆ فرۆشتنی بەرهەمەکانم بە ژنان بەڵام ئێمە لەژێر فشارێکی زۆردا بووین لەلایەن تاڵیبانەوە.

 

"ژنان دەستگیرکران"

نیلوفەر فەخری تیشکی خستە سەر ئەو ئاستەنگانەی کە لە پێشانگەکەدا بینیویەتی و وتی: دوو ژنی فرۆشیار لەلایەن تاڵیبانەوە لە پێشانگەکەدا دەستگیرکران، ئەم ژنانە خۆراکیان دەفرۆشت پیاوان ڕێگەیان پێنەدرا بچنە ناو پێشانگەکەوە، ژنان کاردانەوەیان بۆ ئەم دۆخە هەبوو، لەبەر ئەوەی هەموو پێشانگەکان لەژێر دەسەڵاتی تاڵیباندا ئەنجام دەدرێن، کڕیارە تەنها پیاوانن، دوو فرۆشیاری ژن داوای مۆڵەتیان کرد پیاوان بچنە ناو پێشانگەکە، ژنان ئاماژەیان بەوە کردووە کە لەو پرۆسەیەدا هیچ فرۆشتنێکیان نییە و ناتوانن خەرجیەکانیان دابین بکەن، چەند ژنێک لە نووسینگەی تاڵیبان هاتن و هەموو شتێکیان لە دوو ژنە خۆپیشاندەرەکە کۆکردەوە و وتیان لە کۆتایی پێشانگەکەدا دەستگیریان دەکەن، بەڵام دوای چەند کاتژمێرێک، جارێکی دیکە ڕێگەیان پێدرا بەشداری لە پێشانگاکەدا بکەن، نازانم لەو ماوەیەدا چییان بەسەر هات، یەکێک لەو ژنانەی کە گەڕاونەتەوە دۆخی دەروونی ناجێگیرە.

 

"ئامانج ئەوەیە ژن نەبیندرێت"

نیلوفەر فەخری ئەوەشی خستەروو دوای گەیشتنی تاڵیبان، لە هەموو پێشانگەیەکدا کێشە دروست دەبێت و لە کۆتایی قسەکانیدا وتی: ئەمجارە ژنان ڕووبەڕووی لێدانی ئابووری بوونەوە و ناچاربوون هەموو شتێکیان بە هەرزان بدەنم، هەندێک لە ژنان بڕیاریان داوە چیتر بەشداری نەکەن چونکە ناتوانن داهاتێکی ئابووری بەدەستبهێنن، بەڵام گرنگ نییە چەند چەوساوە بین، کۆڵ نادەین، خوێندنگە و زانکۆکان داخراون، ژنان ڕێگەیان پێنادرێت گەشت بکەن، لەبەر ئەوە تەنها شتێک کە ڕێگەمان پێدراوە بیکەین بەشداریکردنە لەم پێشانگەیانەدا، هۆکاری ئەوەی کە ئەوان زۆر خراپ ڕەفتار دەکەن ئەوەیە کە ئێمەی ژنان لێرە نەبیندرێین، نابێت بە هیچ شێوەیەک ملکەچی داواکاری و داخوازییەکانی تاڵیبان بین.