٧٧٦ کەسوکاری داعش بۆ عێراق گەڕێندرانەوە
لە زاری بەرپرسێكی ئەمنیی عێراقەوە ڕاگەیەندرا، ٧٧٦ هاوڵاتی عێراقی کە کەسوکاری چەتەکانی داعشن، لە كامپی هۆلەوە بەرەو عێراق گەڕێنرانەوە.

ناوەندی هەواڵ
ئاژانسی هەواڵی فەڕەنسی لە زاری بەرپرسێكی ئەمنیی عێراقەوە ڕایگەیاند، ١٩٢ خێزانی عێراقی، کە کەسوکاری چەتەکانی داعش و كۆی گشتییان ٧٧٦ كەسە، لە كامپی هۆل لە نزیک حەسەکە لە باكوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا بەرەو عێراق دەگەڕێنەوە.
ئاماژەی بەوەشكردووە، بۆ ئەم گەڕانەوەیە وەزارەتی كۆچ و كۆچبەرانی عێراق، هەماهەنگی لەگەڵ ئیدارەی خۆبەڕێوبەریی لە باكوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا كردووە.
ئەمە لە کاتێکدایە، خۆبەڕێوەبەری داوای لەو وڵاتانە کردووە کە هاوڵاتییەکانیان لە کامپی هۆلە، ڕێوشوێن بگرنەبەر بۆ گەڕاندنەوەیان بۆ وڵاتەکەیان، لە ماوەی ڕابردووشدا هەریەک لە وڵاتانی فەرەنسا و عێراق گروپێک لە دانیشتووانی کەمپەکەیان بۆ وڵاتەکەیان گەڕاندووەتەوە.