کردەوەی خۆکوژی؛ دەرەنجامی فشارەکانی کۆمەڵگەیە

نەبوونی هەلی کار بۆ گەنجان و چاوداخراوی کۆمەڵگە لە ئاست ژناندا وای کردووە کردەوەی خۆکوژی و  پاڵنەرەکانی ئەقڵیەتی زاڵبوونی پیاو بەلاخستنی ژنانی لە بوارەکانی ژیاندا زیاد کردووە و بارە گرانەکەش کەوتووەتە سەر شانی ژنان.

شیرین ساڵح

 

سلێمانی- سەرەڕای پێشکەوتنی ژیان و مافەکانی مرۆڤ، بەڵام دیاردەی خۆکوژی دەردێکی کوشندەی کۆمەڵگەکانە، سیستمی سەرمایەداری جیهانی و ئەقڵیەتی پیاوسالاری و باڵادەستی هێزی دەوڵەت کاریگەری لەسەر دەروونی مرۆڤ کردووە و سەرەڕای بوونی ماف و یاسا نێودەوڵەتییەکان، بەڵام فشارەکانی ئەقڵیەتی دەوڵەت-پیاو زاڵترە بەسەر تاکەکانی هەر کۆمەڵگەیەکدا و پاڵنەری کردەوەی خۆکوژییە.

 

باشووری کوردستان یەکێکە لەو کۆمەڵگەیانەی کاریگەری سیستمی سەرمایەداری و ئەقڵیەتی پیاوسالاری لەسەر باڵایە و بە تایبەت لەسەر ژنان و گەنجان کاریگەرییەکانی قوڵ بووەتەوە. نەبوونی هەلی کار، نەبوونی ئازادی ڕادەربڕین، نەبوونی ئازادی تاک و بە تایبەت ژنان، بەربڵاوی ماددەی هۆشبەر، هەڵوەشاندنەوەی خێزان لە ڕێگەی دراما تورکی و بیانییەکان، زیادبوونی ڕێژەی جیابوونەوە، زیادبوونی توندوتیژی، خراپی ئابووری و دەستنەکەوتنی بژێوی و ...هتد بەشێکن لە پاڵنەرەکانی تێکچوونی باری دەروونی تاک، بەتایبەت گەنجان و ژنان و لە بەردەوامی ئەو دۆخەشدا سەردەکێشێت بۆ کردەی خۆکوژی،

 

لە کۆمەڵگە داخراوەکانیدا، کە کۆمەڵگەی کوردیش بەشێکە لێی، ژنان زیاتر دووچاری خۆکوشتن دەبنەوە، بەهۆی زاڵبوونی ئەقڵیەتی پیاوسالاری و ئەو دابونەریتە کۆنەی تا ئێستا بوونی ماوە، کە نان بە هۆکاری هەموو کێشەکان دەزانن و ئەوانیش بۆ دەربازبوون لەم کێشەیە پەنا دەبەنە بەر خۆکوشتن.

 

ئەقڵیەتی پیاوسالاری پاڵنەری خۆکوشتنی ژنانە

بەپێی توێژینەوەیەک ئەو ژنانەی لە باشووری کوردستاندا خۆیان دەکوژن، ٪٨٩یان تەمەنیان لە نێوان ١٥-٣٠ساڵدایە، زیاتریش لە دەرەوەی شارەکان و لە شارۆچکەکاندا خۆکوشتن ڕوودەدات، هەر بە پێی ئەنجامەکانی ئەو توێژینەوەیە ئەو ژنانەی خۆیان دەکوژن ٪٦٧ خاوەن منداڵن، ٪٦٣.٦ کێشەی کۆمەڵایەتیان هەیە لەگەڵ هاوژینەکانیان، ٪٥٢یان دوای پێکهێنانی ژیانی هاوژینی خاوەنی ماڵی سەربەخۆ نین.

 

بەپێی ئامارەکان لە ساڵی ٢٠٢٢دا لە هەرێمی کوردستان ٢٤٠ حاڵەتی خۆکوشتن تۆمار کراوە، لەو ژمارەیەش ٧٣یان ژن بوون، هەرچەندە ڕێژەکە لەوە زیاترە، بەڵام ئامارەکان دەشاردرێنەوە.

 

ئەگەرچی، بە پێی یاسای هەمواری ژمارە ٤٢ی ساڵی ٢٠٠٤، لە بڕگەی یەکی ماددەی ٤٠٨ی یاسای سزادانی عێراقیدا هاتووە، "هەر کەسێک هانی کەسی بەرامبەر بدات بۆ خۆکوشتن یان یارمەتیدەر بێت بە ٧ سااڵ زیندانی سزا دەدرێت"، بەڵام هەر کەیسێکی خۆکوژی لە عێراق و هەرێمی کوردستانیش، بە ناوی نەخۆشی دەروونی، کێشەی کۆمەڵایەتی، لە دەست دەرچوونی فیشەک و هۆکاری نادیاری خۆخنکاندن و بە تایبەت بۆ ژنانی گەنج هۆکاری خراپی نمرەی قوتابخانەکانیان کۆتایی بە کەیسەکە دەهێنرێت و هیچ کەسێک لە ئاستی پێویستدا وەک پاڵنەری خۆکوژی دەستنیشان ناکرێت.