پێشەنگای “ژن ژیان ئازادیی” لە وارشۆی پایتەختی پۆڵەندا بۆ ژنانی فۆتۆگرافەری کورد کرایەوە

لە وارشۆی پایتەختی پۆڵەندا پێشانگایەکی تایبەت بە ژیان و کاری ژنانی کورد بە ناونیشانی “ژن ژیان ئازادیی”، کارەکانی ژنانی کورد لە چاوی ژنە فۆتۆگرافەرە کوردەکانەوە، کرایەوە و تا ٢٨ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٤ بەردەوام دەبێت.

ناوەندی هەواڵ

 

لە ڕۆژی ١٢ـی تشرینی یەکەم، لە مۆزەخانەی (ئەیژیا ئاند پاسیفک) کە بە واتای (مۆزەخانەی ئاسیا و زەریای هێمن) لە وارشۆی پایتەختی پۆڵەندا پێشانگایەکی تایبەت بە ژیان و کاری ژنانی کورد بە ناونیشانی “ژن ژیان ئازادیی”، کارەکانی ژنانی کورد لە چاوی ژنە فۆتۆگرافەرە کوردەکانەوە، کراوەتەوە و تا ڕۆژی ٢٨ـی کانوونی دووەمی ٢٠٢٤ بەردەوام دەبێت.

 

پێشانگاکە لە ساڵی ٢٠٢١ەوە لەلایەن مۆزەخانەکەوە ئامادەکاریی بۆ دەکرێت، کە ئامانج لێی نیشاندانی دیوێکی جیاوازی ژنانی کوردە، دوور لەو وێنا تەقلیدییەی بۆیان درووست کراوە، بەردەوام وەک قوربانیی توندوتیژیی خێزانیی و جەنگەکان نیشاندراون، بەڵام لەم پێشانگایەدا هەوڵدراوە سەرباریی ئەو کارەسات و ناخۆشییانەی بەسەریان هاتووە، توانا و لێهاتوویی و ژیاندۆستیی ژنانی کورد لە هەر چوار بەشی کوردستانەوە دەربخەن و پەیامی ئەوە بدەنە ئەو کەسانەی دەچنە پێشانگاکە “ژنانی کورد هەرگیز هیوا لە دەست نادەن”.

 

لە ماڵپەڕی مۆزەخانەکەدا لەبارەی پێشانگاکەوە نووسراوە، “گومانی تێدا نییە ئەمە یەکەم پێشانگای فۆتۆگرافیی لەو جۆرەیە، کە لەیەک شۆین و یەک کاتدا توانا و بەرهەمی ژنانی کورد کۆبکرێتەوە، سنوورەکانی نێوانیان کاڵ دەکاتەوە”.