"هێرش و گەمارۆکان ناتوانن بەرخۆدانمان لاواز بکەن"

ژنانی عەفرین کە لە بەرامبەر هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا و گەمارۆی حکومەتی شام بەرخۆدان دەکەن، ئاماژەیان بەوەکرد، تا کۆتایی بەرخۆدانیان بەرز ڕادەگرن.

حەسنا محەمەد

 

شەهبا- لە ٤ی تشرینی یەکەم، دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا و چەتەکانی هێرشەکانیان بۆ سەر باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا فراوانتر کردووە، لە ئەنجامی ئەو هێرشانەدا ٤٨ کەس کە دوو منداڵیان تیادایە، گیانیان لەدەستدا و چەندین کەسی دیکە بریندار بوون، هەروەها ژێرخانی ناوچەکە لەو هێرشانەدا کراوەتە ئامانج.

 

هێرش و ڕێگری لە شەهبا

جگە لە هێرشەکان بۆ سەر ناوچەکە، حکومەتی شام گەمارۆی خۆی بەرامبەر کانتۆنی شەهبا لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا زیاتر کردووە و پێداویستییەکانی ژیانیشی بۆ ناوچەکە بڕیوە، لە دژی ئەم سیاسەتە وێرانکارییانە، ژنانی کۆچبەر لە عەفرین و ئەوانەی لە کامپی بەرخۆدان دەژین، پەیامی بەرخۆدان و خەباتی خۆیان دووپات کردەوە.

 

نەسرین هۆرۆ باسی لە سەختییەکانی ژیان لە هێرش و گەمارۆدا کرد و وتی: ڕووبەڕووی سەختییەکی زۆر دەبینەوە، لە لایەکەوە دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا هێرش دەکاتە سەرمان و لە لایەکی دیکەوە حکومەتی شام گەمارۆکانی خۆی لەسەرمان زیاد دەکات،بە فڕۆکە هێرش دەکات و دەیەوێت ئیرادەمان بشکێنێت، بارودۆخی کامپەکان جیاوازە ئەگەر هێرش بکرێت هەموو کامپەکان بەهۆی چادرەوە وێران دەکرێن، ئەردۆغان هەموو یاسا و سنوورە ئەخلاقییەکان تێدەپەڕێنێت و هیچ کەسێک لێپرسینەوەی لەگەڵ ناکات کە بە چەکی قەدەغەکراو هێرش ئەنجام دەدات، لەگەڵ ئەو گەمارۆیەدا، ئێمە خراپتر دەبین، بەتایبەتی کاتێک نزیک دەبینەوە لە زستان، ڕێگە نادەن سووتەمەنی خەڵک و پێویستییەکان بێنە ناو ناوچەکەوە، هەموو دەوڵەتەکان دژی کورد هاوکاری یەکتر دەکەن، لە دژی ئەمە یەکدەگرین و بەرخۆدانمان بەرز دەکەینەوە.

 

"بەرخۆدانمان لە گەمارۆ و هێرشی داگیرکەران گەورەترە"

زۆزان عەبدۆ جەختی لەوە کردەوە کە هێرشە داگیرکارییەکان هەڕەشەیەکن، بەڵام هەرگیز ناگەنە ئامانجەکانیان و وتی: بۆ ماوەی ٦ ساڵە لە کامپ بەرامبەر هەموو جۆرە سەختییەک بەرخۆدان دەکەین، بە چەندین زەحمەت و بەربەستدا تێدەپەڕین و حکومەتی شام لە زستان و هاویندا زۆرێک لە پێداویستییە سەرەکییەکانی لەسەرمان بڕیوە، زەحمەتی دەبینین و بەرخۆدانمان لە گەمارۆ و هێرشی داگیرکەران گەورەترە، دەوڵەتی تورک هەرگیز ناتوانێت بە فڕۆکە و هێرشەکانی ئیرادەمان بشکێنێت.

 

"لە دژی هێرشەکان ڕادەپەرین"

حەیات بریم هێرشەکانی داگیرکاری دەوڵەتی تورک و گەمارۆدانی حکومەتی شامی شەرمەزار کرد و وتی: بەرخۆدانمان لە کامپدا بۆ ماوەی ٦ ساڵە بەبێ وەستان و ماندووبوون بەردەوامە، لە ماوەی ئەو ساڵانەدا، دەوڵەتی تورکیا دەیەوێت بەرخۆدانمان بوەستێنێت، لەم دواییانەدا ئەردۆغان هێرشەکانی لە شەهباوە بۆ دێریک زیاد کرد، هەرگیز ڕێگە بە دوژمن نادەین ئامانجەکانی بەدەستبهێنێت، وەڵاممان بۆ دوژمن ئەوەیە هەمیشە لەسەر شەقامەکان و دەبین و ڕووبەڕووی هێرشەکان دەبینەوە، ژیانێکی شکۆمەندانە دەژین، دوور لە کۆیلایەتی و چەوسانەوە.