دوای هەواڵی کوشتنی... دایکی شانی لووک پشتڕاستی دەکاتەوە کە کچەکەی لای حەماسە

دایکی شانی لووک، ژنێکی گەنجی ئەڵمانی کە لە ئیسرائیل بێسەروشوێن بوو، ئاماژەی بەوەکرد، زانیاری پێگەیشتووە کە کچەکەی لە کەرتی غەزەیە و زیندووە.

ناوەندی هەواڵ

 

ڕیکاردا لووک، دایکی شانی لووکی ٢٢ ساڵ، ئاماژەی بەوەکرد، کچەکەی بەهۆی تاتۆکەی قاچی ناسراوەتەوە و لە دۆخێکی خراپدایە، بەڵام پێیوایە هێشتا زیندووە و وتیشی: ئێستا زانیاری زیاترمان هەیە لەسەر ئەوەی کە شانی لووک زیندووە، بەڵام سەری بریندارە و لە دۆخێکی سەختدایە.

 

وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا پێشتر ڕایگەیاند، ژنێکی گەنجی خەڵکی بەرلین لە هێرشەکەی حەماسدا کوژراوە، هاوشێوەی ئەو کچەیە کە ئاماژەی پێکراوە.

 

شانی لووک، ڕەگەزنامەی ئەڵمانی هەیە، ئامادەی فێستیڤاڵێکی مۆسیقا بۆ ئاشتی بوو لە بیابانی باشووری ئیسرائیل، بەیانی ڕۆژی شەممە، ٧ی تشرینی یەکەم، کاتێک حەماس هێرشەکەی دەستپێکرد، بەبی جلوبەرگ دەرکەوت لەناو بارهەڵگرێکی حەماسدا و سوکایەتی پێکراو وادیاربوو قاچی شکابوو.

 

ڕیکاردا لووک داوای لە هەر کەسێک کرد کە لەبارەی چارەنووسی کچەکەیەوە زانیاری هەیە یارمەتی بدات بۆ گەیشتن بە کچەکەی، هەروەها وێنەیەکی شانی لووک لەسەر مۆبایلەکەی نیشاندا سەبارەت بە وردەکارییەکانی کچەکەی لەناو بارهەڵگرەکەی حەماسدا وتی: "کچەکەم شانی نیکۆڵ لووک، هاوڵاتییەکی ئەڵمانی، لەگەڵ کۆمەڵێک گەشتیار لە باشووری ئیسرائیل لەلایەن بزووتنەوەی حەماسی فەلەستینییەوە ڕفێندران"، ڕیکاردا داواشی لە حکومەتی ئەڵمانیا کرد، هەرچی زووە کار بکات بۆ ئەوەی چارەنووسی کچەکەی دیار بکات و بیگەڕێنێتەوە بۆ ئەڵمانیا.