پاکستان داوا لە ئەفغانییەکان دەکات تا مانگی تشرینی دووەم وڵاتەکە بەجێبهێڵن

حکومەتی پاکستان فەرمانی داوە هەموو ئەو ئەفغانییانەی کە داوای مافی پەنابەرێتی دەکەن، کە نزیکەی ١.٧ ملیۆن کەسن، تا مانگی تشرینی دووەم وڵاتەکە جێبهێڵن.

ناوەندی هەواڵ

 

زیادبوونی هێرشە چەکدارییەکان لەسەر سنووری پاکستان و ئەفغانستان لەمساڵدا گرژییەکانی زیاد کردووە، پاکستان ئەفغانستان بە هێرشە سنوورییەکان تۆمەتبار دەکات، بەڵام ئەو تۆمەتانە لەلایەن تاڵیبانەوە ڕەتکراونەتەوە، ئەمەش تووڕەیی لە ئیسلام ئاباد دروستکردووە، کە ڕۆژی سێشەممە سەرکوتکردنی کۆچبەرانی نایاسایی ڕاگەیاند.

 

بەپێی مافی پەنابەرێتی لە وڵاتێکی بیانیدا کە لە یاسای نێودەوڵەتیدا چەسپاوە، پاکستان سەدان هەزار پەنابەری ئەفغانی وەرگرتووە، بەتایبەتی لەو کاتەوەی تاڵیبان گەڕایەوە سەر دەسەڵات لە ئەفغانستان لە ساڵی ٢٠٢١.

 

نزیکەی ١.٣ ملیۆن ئەفغانی وەک پەنابەر تۆمارکراون لە کاتێکدا ٨٨٠ هەزاری دیکە مافی مانەوەیان وەرگرتووە، بەڵام ١.٧ ملیۆن کەسی دیکە بە شێوەیەکی نایاسایی لە وڵاتەکەدان.

 

سەرفراز بوگتی، وەزیری ناوخۆی پاکستان ئاماژەی بەوەکردووە، پێویستە ئەو کەسانە تا کۆتایی ئەم مانگە وڵاتەکە جێبهێڵن، جا بە شێوەیەکی خۆبەخش بێت یان لە ڕێگەی دەرکردنی زۆرەملێوە، ئەگەر نەڕۆن پاشان هەموو دەزگاکانی جێبەجێکردنی یاسا لە پارێزگاکان یان حکومەتی فیدراڵی بەکاردەهێنرێن بۆ دەرکردنیان.

 

هەروەها هێزێکی ئەرکی ڕاگەیاند بە ئامانجی دۆزینەوە و دەستبەسەرکردنی کۆمپانیا تایبەتەکان و سامانی ئەفغانییە نایاساییەکان لە وڵاتەکەدا.

 

باڵیۆزخانەی ئەفغانستان لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند، لە ماوەی دوو هەفتەی ڕابردوودا زیاتر لە هەزار ئەفغانی دەستگیرکراون.

 

ئەو ئەفغانییانەی کە لە سنوورە وشکانییەکاندا دەچنە ناو پاکستانەوە ناسنامەی نیشتمانی خۆیان وەک بەڵگەنامەی گەشتکردن بەکاردەهێنن، ژمارەیەکی زۆر لە ئەفغانییەکان بەدوای بەڵگەنامەدا دەگەڕێن بۆ چوونە ناو پاکستان و بەدەستهێنانی ڤیزە و پاسپۆرت بووە بە پڕۆسەیەکی چەند مانگی.