منداڵ بە تابلۆکانیان ڕێگاکانی ئاشتی نیشان دەدەن

کۆمەڵەی پشتیوانی لە مافی منداڵان بەبۆنەی ڕۆژی جیهانی ئاشتیەوە پێشانگایەکی بۆ منداڵانی بەهرەمەند ساز کرد، لەیلا کەعبی دەڵێت: کاریگەرییەکانی منداڵان نوێنەرایەتی وشەی جیاوازی ئاشتی دەکەن، کە ڕەنگە ڕزگارکەرێک بێت بۆ ئارامی هەموو جیهان.

شەبنەم تەوەکولی

 

تاران- لە هۆڵی ئوستاد فەرشچیان لە شاری تاران لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا بەبۆنەی ڕۆژی جیهانی ئاشتی، کۆمەڵەی پشتیوانی لە مافی منداڵان پێشانگایەکی بۆ تابلۆی منداڵانی بەهرەمەند کردەوە و تیایدا زیاتر لە ٥٠ تابلۆ نمایشکران کە لەلایەن منداڵانی خوار تەمەن ١٤ ساڵەوە کێشرابوون و پەیامی ئاشتی و دوورکەوتنەوە لە شەڕیان دەخستەڕوو.

 

لەیلا کەعبی، مامۆستا و دامەزرێنەری پەروەردەی نیگارکێشی، سەبارەت بە پێشانگاکە و ئەو بەرهەمانەی کە نمایشکراون وتی: بە پشتبەستن بە چەمکەکانی ماددەی ١٣ی پەیماننامەی مافەکانی منداڵ کە باس لە دەربڕینی هونەری داهێنەرانە دەکات، ئەمساڵ پێشەنگایەکی تایبەتمان بە تابلۆی منداڵان بە تەوەری "گەڕان بەدوای سەرکەوتن و خزمەتکردنی کەسانی کاریگەر لە کۆمەڵگە جیهانییەکان" کردەوە.

 

لەیلا کەعبی، ئەوەی خستەڕوو کە منداڵان بە واتای جیاواز و بە دیدگای جیاواز ئاشتی ڕوون دەکەنەوە و وتی: بەهۆی شارەزایی خۆم لە بواری منداڵاندا، ئەو شێوازە فێرکارییەی کە لەم پێشەنگایەدا بەکارم هێناوە لەگەڵ پەیماننامەی مافی منداڵان تێکەڵم کردووە و ساڵانە چەندین جار لە بۆنەی جیاوازدا لە ڕێگەی تابلۆکانەوە پەیامی منداڵان بە وێنەکانیان دەخەینە ڕوو، منداڵ هەیە ئارامی بە ئاشتبوونەوەی دایک و باوکێک دەبینێت کە لەیەکتر جیابوونەتەوە، یان هەندێکجار منداڵێک کە لە نازی دایکی بێبەشە، ئارامی لە باوەشی دایکیدا خەیاڵ دەکات، ئێمە پەروەردەی هەڵەمان هەیە، بەجۆرێک سزا بۆ منداڵان زیاترە نەک هاندان، کاریگەرییەکانی منداڵان نوێنەرایەتی وشەی جیاوازی ئاشتی دەکەن، کە ڕەنگە ڕزگارکەرێک بێت بۆ ئارامی هەموو جیهان.

 

ئاشتی چەمکێکە بەقەد مێژووی مرۆڤایەتی کۆنە و مانای ئاشتەوایی و پێچەوانەی شەڕە، لە سەردەمی مرۆڤی هاوچەرخدا مرۆڤایەتی بانگەشەی بڵاوکردنەوەی ئاشتی جیهانی دەکات لە کاتێکدا جیهان لە ئاگری چەندین شەڕ و نایەکسانیدا دەسووتێت و منداڵانیش لە نێویاندا لاوازترین گروپن کە بەشدارن لە زیانەکانی ئەو شەڕانە و دەرئەنجامەکانیان.

 

زۆرێک لە شارەزایانی بواری منداڵان پێیان وایە بۆ گەیشتن بە ئامانجی ئاشتی جیهانی هیچ ڕێگەیەکی تر نییە جگە لە دروستکردنی کلتوری ئاشتی و خۆبەخشی و بەم شێوەیە فێرکردنی ئاشتی بە منداڵان زۆر گرنگە. یەکێک لە کاریگەرترین ڕێگاکانی فێرکردنی ئاشتیخوازی فێرکردنی تەکنیکی دیالۆگی منداڵانە، ئەو منداڵانەی فێری قسەکردن لەگەڵ یەکتر بوون، دەتوانن لە یەکتر خۆشبن و لەگەڵ یەکتردا بەشداری کار بکەن، ئەم منداڵانە لە تەمەنی گەورەییدا مرۆڤی ئاشتیخواز دەبن کە ناچنە ناو شەڕەوە.