بنەماڵەی نیکا شاکەرەمی لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە هەڕەشەیان لێکرا

ئایدە شاکەرەمی، خوشکی نیکا شاکەرەمی، یەکێک لە قوربانیانی ڕاپەڕینی "ژن، ژیان، ئازادی"، لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئینستاگرام پۆستێکی لەسەر هەڕەشەی سەر بنەماڵەکەی لە یەکەم ساڵیادی کوشتنی نیکا بڵاوکردەوە.

ناوەندی هەواڵ

 

لە یەکەم ساڵیادی کوشتنی نیکا شاکەرەمی، کە ساڵی ڕابردوو لە کاتی ڕاپەڕینی شۆڕشگێڕانەی "ژن، ژیان، ئازادی"دا لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە ڕفێندرا و دوای ١٠ ڕۆژ تەرمەکەی ڕادەستی بنەماڵەکەی کرا، ئایدە شاکەرەمیی خوشکی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئینستاگرام پۆستێکی بڵاوکردەوە و باسی لە هەڕەشەی سەر خێزانەکەی کردووە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ڕژێمی ئێرانەوە.

 

ئایدە شاکەرەمی لە پۆستەکەیدا نووسیویەتی: لە هەفتەی ڕابردووەوە دۆخی ئەمنی تەواوی ناوچەی حەیات ئەلغایبی گرتووەتەوە، تا ئێستا ژمارەیەک هاوڵاتی کە بەنیازبوون بەشداری لە مەراسیمی ساڵڕۆژی نیکا بکەن، بانگهێشت و دەستگیرکراون و هەڕەشەی ئەوەیان لێکراوە کە ڕەتی بکەنەوە بەشداری مەراسیمەکە ببن.

 

هەروەها نووسیویەتی: چەند کەسێکی نەناسراو هەڕەشەیان لە بنەماڵەکەمان کردووە، ئەگەر بەشداری مەراسیمی ساڵیادی نیکا بکەین، ئەوا دایکم دەستگیر دەکرێت و پێشیان وتووم باشترە بیر لە سەلامەتی خۆت بکەیتەوە، چونکە تاقە کچی ئەو دایکەم.

 

جێی ئاماژەیە، لە ئێستادا ئیتلاعات ڕێگەی داوە کە مەراسیمی پرسەکەی ڕۆژی پێنج شەممە ٢١ی ئەیلوول بەڕێوەبچێت، بەو مەرجەی توندوتیژی تیایدا ئەنجام نەدرێت، بەڵام ئەوەی کە بەرچاوە، لە مەراسیمی پرسە و ٤٠ ڕۆژەی نیکادا، هێزە ئەمنی و سەربازییەکان توندوتیژییان دژی بەشداربووان ئەنجامدا.