٣٠٠ هەزار منداڵ زیان بەرکەوتووی زریانی دانیالن لە لیبیا

یونیسێف ڕایگەیاندووە، نزیکەی ٣٠٠ هەزار منداڵ بەهۆی زریانی سەختی دانیال لە ڕۆژهەڵاتی لیبیا زیانیان بەرکەوتووە.

ناوەندی هەواڵ

 

بەپێی ڕاپۆرتی یونیسێف، لافاوی دانیال کە لیبیای گرتەوە، زیانێکی زۆری بە زۆرێک لە ماڵ و نەخۆشخانە و قوتابخانە و ژێرخانی سەرەتایی دیکە گەیاندووە، ئاماژەی بەوەشداوە، کە دەرئەنجامەکانی لافاو بۆ منداڵان وێرانکەرترن لە خودی ڕووداوە توندەکانی کەشوهەوا.

 

شارەزایان ڕوونیان کردەوە کە منداڵان لەناو ئەو گروپانەن کە زۆرترین زیانیان بەرکەوتووە، هەروەها مەترسی زۆریان لەسەرە بۆ تووشبوون بە بڵاوبوونەوەی نەخۆشی و نەبوونی ئاوی خواردنەوەی پاک و بەدخۆراکی و پەکخستنی فێربوون و توندوتیژی.

 

لەگەڵ کەمبوونەوەی ئاوی خواردنەوە، نەتەوە یەکگرتووەکان ترسی لە بڵاوبوونەوەی سکچوون و کۆلێرا و بەدخۆراکی هەیە، کە لەناو منداڵاندا بڵاوببێتەوە، جگە لەوەش ترس هەیە ئەو منداڵانەی دایک و باوکیان لەدەستداوە، ڕووبەڕووی مەترسییەکانی پاراستن ببەنەوە، لەوانە توندوتیژی و بەکارهێنان و بازرگانیکردن پێیانەوە.
 

بۆ وەڵامدانەوەی بەپەلە و ڕزگارکەری ژیان بۆ منداڵان، یونیسێف پێویستی بە لانیکەم شەش ملیۆن و نیو دۆلاری ئەمریکی هەیە، کە بە گوتەی چاودێران، داوا دەکات هەموو وڵاتان کۆببنەوە بۆ ڕێگریکردن لە هەر مەترسییەکی تەندروستی یان کۆمەڵایەتی بۆ سەر منداڵان، لە ماوەی ڕابردوودا لە ڕاپۆرتێکیدا یونیسێف ئاماژەی بەوەکردووە، کە ناتوانن وەکو پێویست ڕێکارەکانی پاراستنی منداڵان بگرنەبەر بەهۆی نەبوونی بودجەی پێویست و قەیرانە ئابوری و تەندروستییەکان و ئاڵۆزی وڵات.