لە کۆریای باشوور و هیندستان بەهۆی لافاوەوە هەزاران کەس ئاوارەبوون

لە کۆریای باشوور و ھیندستان باران بارین بووەتە هۆی لافاو و زیانی زۆری لێکەوتووەتەوە، چەندین کەس گیانیان لەدەستدا و بێسەروشوێنبوون.

ناوەندی هەواڵ

 

لە ڕۆژی ٩ی تەمموزەوە شەپۆلێکی بەھێزی بارانبارین چەند ناوچەیەکی کۆریای باشووری گرتووەتەوە و بووەتە ھۆی دروستبوونی لافاوێکی بەھێز،  بەو هۆیەوە ٢٠ کەس گیانیان لەدەستداوە و دوو کەسیش بێسەروشوێنن.

 

لە چەند ناوچەیەکیش بەھۆی داڕووخانی زەوییەوە ژمارەیەکی زۆر لە ھاوڵاتیان گیریان خواردووە، هەروەها نزیکەی ٧ ھەزار کەسیش ئاوارەبوون، لە هیندستانیش ماوەی دوو ھەفتەیە شەپۆلێکی بەھێزی بارانبارین زۆربەی ناوچەکانی گرتووەتەوە و بەھۆیەوە تائێستا ١٠٠ کەس گیانیان لەدەستداوە، زۆربەی خوێندنگە و زانکۆکانیش داخراون.

 

 لە شاری نیودەلھی ژمارەیەکی زۆری خانووی دانیشتووانی شارەکە ژێرئاو کەوتوون و نزیکەی ٣٠ ھەزار خێزان ئاوارەبوون و ماڵ و خانووەکانیان زیانی زۆری بەرکەوتووە.