پزیشکێکی جەزائیری جەخت لەسەر پێویستی پاراستنی تەندروستی زاوزێ دەکاتەوە

سەرۆکی کۆمەڵەی تەندروستی زاوزێی جەزائیر ئاماژەی بەوەدا کە ئەوان هۆشیارییان بۆ کۆمەڵێک ژنی خاوەن پێداویستی تایبەت، سەبارەت بە گرنگی تەندروستی زاوزێ بڵاوکردووەتەوە.

نەجوا ئیبراهیم

 

جەزائیر- خزمەتگوزاری تەندروستی سێکسی و زاوزێ پێویستە بۆ سەلامەتی کچان و ژنان و بەشێکی سەرەکییە لە چاودێری تەندروستیدا، پزیشک خەدیجە ئیدریس هەوڵدەدات دڵنیابێت لەوەی هەموو کەسێک دەرفەتی پاراستنی تەندروستی سێکسی و زاوزێی خۆی هەبێت.

 

کۆمەڵگەی مەدەنی لە جەزائیر و بەتایبەتی فیمینیستی، بەشێکی زۆر لەو بەرنامە و پرۆژانەی کە هەموو وەرزێک دەستی پێدەکات بۆ قسەکردن لەسەر خەباتی فێمینیست و گرنگی ناسینی مافەکانی ژنان، لە پێناو پەروەردەکردنی ژنان و کچان تەرخان دەکات، لەگەڵ ئەوەشدا ئەم ڕێکخراو و کۆمەڵەیانە بە دەگمەن باس لە پێویستی کارکردن و هۆشیارکردنەوەی خەڵک لە تەندروستی زاوزێ و سێکسی ژنان دەکەن.

 

خەدیجە ئیدریس، سەرۆکی کۆمەڵەی تەندروستی زاوزێ لە پارێزگای هران دەڵێت: گرنگی ڕاهێنانی بەردەوام بۆ پزیشکی ژن زۆر گرنگە لە ڕێبازی کردەیییاندا بۆ پەرەپێدانی تواناکانیان، چونکە ئەم بوارە یان پسپۆڕییە پێویستی بە تێگەیشتنێکی قووڵ و دروست هەیە، سەبارەت بە گرنگی تەندروستی زاوزێ و سێکسی.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، "ئێمە لە کۆمەڵەکەماندا کاردەکەین بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی هۆشیاری لەڕێگەی سەردانی مەیدانی، چ بە هاوبەشی لەگەڵ هەڵمەتە جیهانییەکان و چ لە ڕۆژانی هۆشیاری نیشتمانی وەک مانگی تشرینی یەکەمی پەمەیی، کە تێیدا چەمکەکان بۆ کچان و ژنان لە گروپە تەمەنییە جیاوازەکاندا لە ١٣ ساڵ بەرەو سەر ڕوون و سادە دەکەینەوە".

 

ئەو پزیشکە باسی لەوەکرد، هۆشیاری لە سەرەتای قسەکردن لەسەر ئەو گرفتانە یان ئاڵۆزییانە سەرچاوە دەگرێت کە دەبنە هۆی مەترسی تووشبوون بە شێرپەنجەی مەمک، ئەرکە لەسەر ژنان لە کاتی خۆشۆردن و دوای خۆشۆردن پشکنینی خولیی مانگانە یان هەفتانە بکەن، تا زووتر دەستنیشانی تووشبوون بە نەخۆشییەک بکەن، ئەم جۆرە چارەسەرانە یارمەتیدەرە بۆ هۆشیارکردنەوەی ژنان، بەتایبەتی کە ئەمڕۆ ژنانی جەزائیر ئاگادار و هۆشیاری جەستەیانن، نەک تەنها ژنانی کارکەر یان خوێندەوار، بەڵکو تەنانەت ژنانی گوندنشینیش.

 

سەبارەت بە ڕۆڵی پزیشک و چالاکوان بۆ ماوەی زیاتر لە چل ساڵ، خەدیجە ئیدریس ڕوونی کردەوە، ئەوەی وای لێکردووە بواری تەندروستی زاوزێ هەڵبژێرێت، پاراستنی ژنان و کچانە لە مەترسی تووشبوون بە شێرپەنجەی منداڵدان لە تەمەنی سەروو ٥٠ ساڵیدا.

 

خەدیجە ئیدریس لە کۆتایی قسەکانیدا جەختی لەوە کردەوە، سەرەڕای هەموو ئاستەنگ و کێشەکانی بەردەم ژنان، لەم دواییانەدا هۆشیارییەکی گەورە لە نێوانیاندا هەیە سەبارەت بە پرسی تەندروستی زاوزێ و ئەمەش ئاستی هۆشیاری هاوبەشی یەکەمی بەرزکردەوە، کە هاوژینەکە یان پیاوەکەیە بە تایبەتی، لە ڕێگەی هەوڵەکانی بۆ بەدەستهێنانی زانیاری تەندروستی و دروست بۆ سەلامەتی هاوژینەکەی.