سەرۆکی پەرلەمان لەبارەی یاسای لەسێدارە: ئەگەر جێبەجێناکرێت بۆچی هەیە؟

ڕێواز فایەق، سەرۆکی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان لەبارەی یاسای لەسێدارەدانی هەرێمی کوردستان دەڵێت: ئەگەر بڕیارە ئەم سزایه‌ لە یاساکانی ئێمەدا نەمێنێت با نەمێنێت ‌و بەدیلەکەی چییە با ئه‌وه‌ جێبەجێبکرێت.

ناوەندی هەواڵ

 

ڕێواز فایەق، سەرۆکی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان لە میانی چاوپێکەوتنێکی میدیاییدا دەربارەی یاسای سزادانی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەداوە کە، ڕاگرتنی سزای لەسێدارەدان لە هەرێم کێشەیەکی گەورەیە، بەردەوام ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی ڕاوێژ بە پەرلەمان دەکەن ‌و گفتوگۆ لەگەڵ پەرلەمان دەکرێت کە دەیان کەس لە زیندانەکانی هەرێم سزای لە سێدارەدانیان هەیە و سزاکانیان جێبەجێناکرێت، خەڵک هەیە لە چاکسازیەکانی هەرێم ٣٠ ساڵە حوکمی لەسێدارەدانی هەیە و لە زیندانە، هەندێك کەیس هەیە سزادراوە بەسزای لەسێدارەدان، بەڵام کاتێک ڕای گشتی لەسەر دروستدەبێت، سەرۆکی هەرێم مەرسومی پێده‌ردەکات ‌و جێبەجێدەبێت.

 

هەروەها وتیشی بەدواداچوونیان کردووە بۆ کەیسەکانی لە سێدارە لە چاکسازییەکاندا و ئەوانەی سزای سێدارەیان بەسەردا سەپێنراوە و پێشنیازە یاسایەکیان بۆ لێبوردنی گشتی لەبەردەستدایە، "یەکێک لەو بابەتانەی کە تێیدا هاتووە بابەتی سزای لەسێدارەدانە کە دەبێت چارەسەربکرێت، یان سزاکانیان جێبەجێبکرێت یان ئەوانەی سزاکەیان مودەیەکی زۆری تێپەڕاندوە ئەنجومەنی دادوەری‌ و داواکاری گشتی‌ و سەرۆکایەتی هەرێم ‌و ئەو لایەنە پەیوەندیدارانەی پەیوەستن بەم بابەتە پێویستە گفتوگۆ لەسەر ئەم بابەتە بکەن و بڕیارێکی یەکلایکەرەوە بده‌ن".

 

لە درێژەی چاوپێکەوتنەکەدا سەرۆکی پەرلەمان باسی لەوەکردووە، ئەگەر بڕیارە ئەم سزایه‌ لە یاساکانی ئێمەدا نەمێنێت با نەمێنێت ‌و بەدیلەکەی چییە با ئه‌وه‌ جێبەجێبکرێت، ئەگەر بڕیاریش وایە ئەم سزایە بمێنێت، بۆ جێبەجێناکرێت‌ و ڕاگرتنی لەپای چییە؟ چونکە ئەو کەسانەی سزای لەسێدارەدانیان هەیە، هیچ بەتەمای ژیان نین، بەڵام لەناو چاکسازیەکاندا بوونیان هەیە و کێشەش دروستدەکەن.