تورکیا، لە ١٤ شاردا ٥٠ ژن دەستبەسەر کران

لە چوارچێوەی لێکۆڵینەوەکانی داواکاری گشتی ئەنقەرە، ٥٠ ژن لە ١٤ شاردا دەستبەسەر کراون.

ناوەندی هەواڵ

 

بەپێی ئەو هەواڵانەی بڵاوکراوەتەوە، لە چوارچێوەی لێکۆڵینەوەکانی داواکاری گشتی ئەنقەرە کە دەستی پێکردووە، ٥٠ ژن دەستبەسەر کراون، پۆلیس لە زۆرێک لە شارەکان بەتایبەتی لە ئامەد هەڵیکوتایە سەر ماڵان، لە ڕاگەیەندراوەکەی داواکاری گشتیی ئەنقەرەدا ئاماژە بەوە کراوە کە لێکۆڵینەوە لە ئەنجامی لێدوانی شایەتحاڵان و شایەتحاڵە نهێنییەکان کراوەتەوە و بڕیاری دەستبەسەرکردنی ٥٠ ژن دراوە.

 

لە ئامەد ٢٢ ژن دەستبەسەر کراون

بەپێی زانیارییەکان ٢٢ ژن لە ئامەد فەرمانی دەستبەسەرکردنیان بۆ دەرچووە، لە کاتی هەڵکوتانە سەر زۆرێک لە ماڵەکاندا، بەسیلە نارین، ئەندامی ئەنجومەنی دایکانی ئاشتی، فیگەن ئەکتی چالاکوانانی بزووتنەوەی ژنانی ئازاد-TJA، مەکیە ئۆرمانجی، گوڵجیهان شیمشەک و بەدیعە ئەکایا، ئەندامانی ئەکادیمیای ژنان فیگەن ئاراس و سوڵتان ئیسەن دەستبەسەرکران، پارێزەران ئاگاداریان داوە کە ڕەنگە لە داهاتوودا ناوەکان ڕوون بکرێنەوە.

 

ئەوەش زانراوە کە ژنێک بە ناوی دیلان ئاکپۆلات لە ئیزمیر دەستبەسەر کراوە.