کارەساتی ژینگەیی کوردستان زەنگی داڕمانی حکومەتی ئێران لێدەدات

بە وتەی یەکێک لە کاربەدەستانی پێشووی ئێران، سەرەڕای هۆشدارییەکان سەبارەت بە وشکبوونەوەی دەریاچەی ورمێ، هەمو حکومەتەکانی ئێران لەم بابەتەدا کەمتەرخەم بوون و ئێستاش ئەم بابەتە تەنیا پرسێکی ژینگەیی نییە، بەڵکو پرسێکی ئەمنییە.

ناوەندی هەواڵ

 

بەرپرسێکی پێشووی حکومەتی ئێران رایدەگەیەنێت: دەریاچەی ورمێ لە رۆژهەڵاتی کوردستان لە لێواری وشکبوونەوەدایە. وشکبوونەوەی ئەم دەریاچەیە تەنیا ئاماژە نییە بۆ زیانەکانی ژینگە، بەڵکو لەڕووی ئەمنییشەوە مەترسی دروستدەکات، چونکە هیچ حکومەتێک لە ئێران ناتوانێت بەردەوام بێت.

 

عیسا کەلانتاری، سەرۆکی پێشووی ڕێکخراوی ژینگەپارێزی ئێران دەڵێت: وشکبوونەوەی دەریاچەی ورمێ لە ڕووی ئەمنییشەوە کاریگەری لەسەر حکومەتی ئێران دەبێت، سەرەڕای ئەوەش هیچ حکومەتێک ناتوانێت سەقامگیریی خۆی بپارێزێت.

 

عیسا کەڵەنتەری، ئاماژە بەوە دەکات کە ٣٠ ملیار تۆن خوێ لەم دەریاچەیەدا هەیە، ئەگەر وشک بێتەوە ئەگەری زریانی خوێ یان بارانبارینی خوێ لە هەرێم زیاتر دەبێت، وتیشی: "شارێکی وەک تەبرێز، کە دەکەوێتە نزیک دەریاچەکە، دەبێت چۆڵ بکرێت و تێچووی پرۆسەی بەتاڵکردنەوەی یەک تریلیۆن دۆلار دەبێت.

 

ئەم بەرپرسەی پێشووی ئێران ڕەخنەی لە هەر حکومەتێکی ئێران گرت کە لە چارەنووسی ئەم دەریاچەیە کەمتەرخەمن و وتی: لە ناوەڕاستی نەوەدەکانی سەدەی ڕابردووەوە، پسپۆڕانی ژینگە هۆشدارییان لە وشکبوونەوەی دەریاچەی ورمێ داوە، بەڵام بەرپرسانی حکومەت ئەم هۆشدارییانەیان پشتگوێ خستووە و بە جددی وەریان نەگرتووە، جەختیشی کردەوە: ئێستا دەبێ حکومەت بە هەموو شێوەیەک هەوڵی نۆژەنکردنەوەی دەریاچەی ورمێ بدات، تەنانەت ئەگەر پارەی نۆژەنکردنەوەی ئەم دەریاچەیە بدات بە وشک کردنەوەی کێڵگەکانی دەوروبەری.

 

ئەمە لەکاتێکدایە بەپێی ڕاپۆرتی بەڕێوەبەرایەتی بارەگای بەڕێوەبردنی قەیرانی ورمێ، ٩٥٪ی ئەم دەریاچەیە وشک بووەتەوە.

 

شارەزایانی کەشناسی دەڵێن، وشکبوونەوەی تەواوەتی دەریاچەی ورمێ دەبێتە هۆی دروستبوونی زریانی خوێ یان بارانبارینی خوێ، پەککەوتنی کشتوکاڵ و ژیان لە ناوچەکانی دەوروبەر و دەستپێکردنی بیابانبوون لە زۆرێک لە ناوچەکانی ئێران و وڵاتانی دراوسێی وەک عێراق، تورکیا و ئازەربایجانی لێدەکەوێتەوە.