"پێویستە ڕۆڵی ژنان لە دەستووری نوێی سووریادا جێگیر بکرێت"

بەڕێوەبەری دەستەی ژنانی کانتۆنی فورات پەیامێکی ئاراستەی ژنانی سووریا کرد و وتی: ژنانی سووریا دەبێت یەکڕیزی و هاوپشتی خۆیان بونیاد بنێن و لە دەستووری نوێی سووریادا جێگەی خۆیان بگرن.

نورشان عەبدی

 

کۆبانێ- لەناو ئەو گۆڕانکاری و پڕۆسە هەستیارانەی کە سووریا پێیدا تێدەپەڕێت، بەشداری ژنان لە گۆڕەپانی سیاسی و داڕشتنی دەستووری نوێی سووریا هەنگاوێکی زۆر گرنگە، ژنان سووریا بەرەو ئایندەیەکی ئازاد و دیموکراسی دەبەن کە یەکسانی و دادپەروەری زاڵ بێت.

 

ململانێی سووریا ١٣ساڵی خایاند، گەل لەم ساڵانەدا لە سەردەمی ڕژێمی بەعسدا ڕووبەڕووی فشاری زۆر بووەوە، هەرچەندە ژنان لەم ململانێیەدا گرانترین باجیان دا و بوونە زیانبەرکەوتووی شەڕ، بەڵام دادپەروەری نەدرا، لەگەڵ داڕمانی سیستمی سووریا و دەستبەسەرداگرتنی دەسەڵات لەلایەن هەتەشە، ژنان ڕووبەڕووی مەترسیی گەورەتر دەبنەوە و لە دۆخی دڵەڕاوکێدان، ئەو ژنانەی ساڵانێکە تێدەکۆشن، لە گۆڕەپانی سیاسی دوور دەخرێنەوە و لەلایەن هەتەشە کە 'حکومەتی کاتی'یان پێکهێناوە، ڕێگرییان لێدەکرێت ڕۆڵیان هەبێت لە بونیادنانی سووریایەکی نوێدا.

 

جیهان دەروێش، بەڕێوەبەری دەستەی ژنان لە شاری کۆبانی لە کانتۆنی فورات لە ناوچەی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا باسی لە گرنگی ئامادەبوونی ژنان لە نووسینی دەستووری نوێی سووریا کردو بە جەختکردنەوە لەسەر گرنگی ڕۆڵی ژنان لە دەستووری نوێی سووریادا  وتی: سیستمی سووریا کە زیاتر لە ٥٠ ساڵە لە ڕێگەی دابەشبوونی کۆمەڵگەوە کار بۆ لەناوبردنی کۆمەڵگە دەکات، هەروەها دروستکردنی تائیفەگەری و هەڵاواردنی بەرەوپێش بردووە لە نێوان پێکهاتەکاندا، لە ڕێگەی چاودێریکردنی دۆخی ژنان لە ناوچەکانی سووریا، مەترسییە گەورەکانمان بۆ سەر ناسنامە و کەسایەتی ژنان دەستنیشان کردووە، ئەمەش ئەوە دەردەخات کە ژنان بە کۆمەڵکوژیەکاندا تێدەپەڕن، وەک ئەو کۆمەڵکوژییانەی کە داعش لە ناوچەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا ئەنجامی داوە.

 

"پێویستە ژنان بەشداری لە دەستووری نوێی سووریادا بکەن"

سەبارەت بە بەشداری ژنان لە دەستووری نوێی سووریا، جیهان دەروێش ئاماژەی بەوەدا کە سووریا بە قۆناغێکی دروستکردن و نووسینی دەستورێکی نوێ بۆ گەل تێدەپەڕێت وتی: ئەم دەستوورە دەبێت مافی هەموو پێکهاتە و مەزهەب و ئایینەکان لە سووریا بپارێزێت، هەروەها پێویستە ژنان پێشەنگ بن لە نووسینی ئەم دەستوورە بۆ پاراستنی ماف و بوونیان، ئەو سیاسەتانەی ئێستا جێبەجێی دەکەن دان بە ڕۆڵ و بوونی ژنان لەناو خۆیاندا نانێت، بۆیە گرنگە ژنان بەشداربن لە نووسینی ئەم دەستوورە، ئەگەر دەستووری سووریا بۆ ژنان ئامادە نەکرێت، ئەوا بە بیرکردنەوەی پیاوسالاری دادەڕێژرێت.

 

"ئەزموونەکانی نەتەوەی دیموکراتیک بە بنەما بگرن"

جیهان دەروێش باسی لە ئەزموونەکانی خۆبەڕێوەبەری دیموکراتیک لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا و گەیشتن بە مافەکانی ژنان و ئامادەبوونی ژنان لە کۆمەڵگەدا کرد و وتی: لە ماوەی ساڵانی دوورودرێژی شۆڕشدا ژنان لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا خاوەن خەبات و بەرخۆدان بوون، ڕۆڵی خۆیان لە کۆمەڵگەدا نیشان دا، دەستکەوتی گەورەیان بەدەستهێنا و دامەزراوەی تایبەت بە خۆیان دامەزراند، ژنان لە ڕێگەی پەروەردە و ڕێکخستنی خۆیانەوە گەیشتوونەتە ئاستی هاوسەرکردایەتی و کۆمەڵگایان بەرەو پێشەوە بردووە. کۆمەڵگایەک کە ژن ڕۆڵی تێدا نەبێت ناتوانێت یەکسانی و دادپەروەری بەدەست هێنێت، بەشداری ژنان لە کایە کۆمەڵایەتییەکان زۆر گرنگە، چونکە نوێنەرایەتی کۆمەڵگەیەکی ئازاد و دیموکراسی دەکەن. هەموو پێکهاتەکانی سووریا دەبێت پڕۆژەی نەتەوەی دیموکراتیک بکەنە بنەمای خۆیان، چونکە ئەمە نوێنەرایەتی پڕۆژەیەکی ئاشتی و دیموکراسی دەکات و کار بۆ بونیادنانی سووریایەکی ئازاد و دیموکراتی دەکات.

 

"دەبێت یەکێتی ژنانی سووریا بونیاد بنرێت"

لە کۆتایی قسەکانیدا، جیهان دەروێش پەیامێکی ئاراستەی هەموو ژنانی سووریا کرد و وتی: ژنانی سووریا دەبێت یەکێتی خۆیان بونیاد بنێن بۆ بەرگریکردن لە مافەکانیان لە سووریای نوێدا، هەروەها شۆڕشی ژنان لە بوکوورو ڕۆژهەڵاتی سووریا وەک نموونە وەربگرن و ئیرادەی خۆتان نیشان بدەن بۆ ئەوەی ڕۆڵی خۆتان لە دەستووری نوێدا بگێڕن، سووریا بە گۆڕانکاری و پرۆسەیەکی هەستیار و گرنگدا تێدەپەڕێت.