"بێدەنگیتان بەس نییە؟ هەنگاوی چارەسەری بنێن"

هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە بەردەوامن. هودا تافش، دایکی منداڵێک کە لە هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر غەززە گیانی لەدەستداوە، دەڵێت: سەیری ئەم کارەساتە بکەن و هەنگاو بۆ منداڵەکانمان بگرنەبەر.

نەغم کەراجە

 

غەززە- هێرشەکانی ئیسرائیل لە ٧ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣ دەستی پێکردووە و تا ئێستاش بەردەوامن. لە گەڕەکی زەیتون لە ڕۆژهەڵاتی کەرتی غەززە دوێنێ، ٢١ی ئەیلوول ئیسرائیل بێ ئاگادارکردنەوە هێرشی ئاسمانی کردە سەر پەناگەیەک و دەیان ژن و منداڵ گیانیان لەدەستدا.

 

لەو هێرشەدا زیاتر لە ١٥ منداڵ و ٧ ژن گیانیان لەدەستدا، پێشبینیش دەکرێت ژمارەکە زیاد بکات، هودا تافش، دایکی منداڵێک کە لە گەڕەکی زەیتون گیانی لەدەستداوە و دوو کچەکەی برینداربوون، باسی لە هێرشەکە کرد و داوای لە هەموو لایەک کرد لە بەرامبەر هێرشەکاندا هەنگاو بنێن.

 

"بۆنی باروت و تۆزی سپی و هاواری خەڵک دێت"
هودا تافش بە ئازارەوە وتی: من نزیک بووم لەو نهۆمانەی کە کرایە ئامانج، سێ منداڵەکەم لە باخچەی قوتابخانەکە یارییان دەکرد، لەناکاو هەموو شوێنێک بە خۆڵێکی سپی چڕ داپۆشرا، بۆنی باروت هەوای پڕ کرد، لەناو هاواری خەڵک لە قوتابخانەکەدا، بەردەکان وەک باران بەسەرماندا کەوتن.