چواره‌مین خولی فێستیڤاڵی فیلمی کوردی "مۆسکۆ" لە وڵاتی ڕووسیا بەڕێوەده‌چێت

چواره‌مین خولی فێستیڤاڵی فیلمی کوردی "مۆسکۆ" له ڕۆژانی ١٨ تا ٢٢ی ئه‌یلوول/٩ی ٢٠٢٤ لە شاری مۆسکۆی وڵاتی ڕووسیا بەڕێوەچوو.

ناوەندی هەواڵ

 

چواره‌مین خولی فێستیڤاڵی فیلمی کوردیی مۆسکۆ-MKFF  بە سه‌رپەرشتی کەرەم گەردەن زەری، ئاوازدانەر و گۆرانیبێژی ناوداری کوردیی دانیشتووی وڵاتی ڕووسیا و گولیزەر گەردەن زەری و ئینا تێدژۆڤا، بە ئامانجی ڕەنگدانەوەی فەرهەنگ، مێژوو و پاراستنی شوناسی نه‌ته‌وه‌یی و زمانه‌وانی کوردان بەڕێوە دەچێت.

 

 

فێستیڤاڵەکە بە نمایشی کۆمه‌ڵێک به‌رهه‌م له به‌شی پێشبڕکێی فیلمه بڵنده سینەماییه‌کان، به‌شی پێشبڕکێی بەڵگەفیلم، به‌شی پێشبڕکێی کورتە فیلم، به‌شی شه‌وی سینه‌مای کوردی، به‌شی نمایشی باشترین فیلمه‌کانی ڕووسیا بەردەوام دەبێت و پێشانگای که‌لتووریی و هونه‌ریی تیادا دەکرێتەوە، کە بڕیارە لە ڕۆژانی ١٨ تا ٢٢ی ئه‌یلوول/٩ی ٢٠٢٤ لە شاری مۆسکۆ لە وڵاتی ڕووسیا دەستپێبکات.

 

به‌رپرسانی چواره‌مین خولی فێستیڤاڵی فیلمی کوردی "مۆسکۆ"، داوا له هه‌موو ئه‌و‌ فیلمسازانه ده‌که‌ن که فیلمیان سه‌باره‌ت به کورده‌کان و به ناوه‌رۆکی کورده‌کان بەرهەم هێناوە، ‌له ڕێگای ماڵپه‌ڕی "فیلم فریوه‌ی" به ناونیشانی https://filmfreeway.com/MoscowKurdishFilmFestival  بۆ ستافی ئامادەکاری فێستیڤاڵی بنێرن و ڕۆژی ١٠ی حوزه‌یران/٦ی ئەمساڵیش بە دواین مۆڵه‌تی ناردنی به‌رهه‌مه‌کان دیاریی کراوه.

 

لە فێستیڤاڵەکەدا خەڵاتی "هەتاوی زێڕین" دەبەخشرێتە پێنج براوە لە بەشەکانی، باشترین فیلمی بڵندی سینەمایی، باشترین بەڵگەفیلمی بڵند، باشترین کورتە فیلمی چیرۆکی، باشترین بەڵگەفیلمی کورت و هەروەها خەڵاتی "هاوبه‌شی له سینه‌مای کوردی"دا به براوه‌کان پێشکەش دەکرێت.

 

بەرپرسانی چواره‌مین خولی فێستیڤاڵی فیلمی کوردی "مۆسکۆ" لە ڕاگەیێندراوێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایانگەیاند: "ئه‌م فێستیڤاڵه، له ماوه‌ی سێ ساڵی ڕابردوودا بووەتە ڕووداوێکی باوه‌ڕپێکراو و خۆشه‌ویست له لایه‌ن هۆگرانی هونه‌ریی سینه‌ما، به تایبه‌ت جێگای خۆشحاڵییه که ته‌نیا کوردانی تاراگه و نیشته‌جێی وڵاتی ڕووسیای نەگرتووەتەوە، به‌ڵکو ساڵی ڕابردوو سه‌رنجی زۆرینەی پیشه‌گەرانی سینه‌ما و بینه‌رانی ڕووسیای بۆ خۆی ڕاکێشا.