لە سوەیداوە: ناوەستین و پاشەکشە ناکەین تا داواکارییەکانمان جێبەجێ دەکرێن

بزووتنەوەی ئاشتیخواز لە شاری سوەیدای سووریا بۆ داواکردنی ئازادی، دیموکراسی و دادپەروەری و گۆڕانکاری سیاسی، لە ١٠٣هەمین ڕۆژی لەسەریەک بە بەشدارییەکی بەرفراوان لە ژنان بەردەوامە.

سوەیدا

 

لە سەردەمەکانی پێشوودا، ژنانی شاری سوەیدای سووریا تووشی نادادپەروەری بوون، جا لەلایەن کۆمەڵگەوە بێت یان لەلایەن حکومەتی شامەوە، ئەمەش وای لێکردن بچنە گۆڕەپانەکان بۆ ئەوەی بۆ جیهان بسەلمێنن کە ئەوان کۆڵەکەی ئازادی و کۆمەڵگەن.

 

دەیان کەس لە شاری سوەیدا ڕۆژی دووشەممە ٢٧ی تشرینی دووەم لە گۆڕەپانی ئەلکەرەمە کۆبوونەوەو ماوەی ١٠٣ ڕۆژە بەردەوامن و داوای "کەوتنی ڕژێم" و جێبەجێکردنی بڕیاری ٢٢٥٤ی نەتەوە یەکگرتووەکان دەکەن، ژنان ٧٠%ی خۆپیشاندەران پێکدەهێنن کە لەو گۆڕەپانەدا ئامادەبوون و چڵی زەیتوونیان هەڵگرت، دیمەنەکە لەگەڵ سروشتێکی ئاشتیخواز و کولتووری و شارستانی تێکەڵ بوو.

 

"ژنان و مندالان دەستگیرکراون بەبێ هیچ هۆکارێکی ڕاستەقینە"

خۆپیشاندەر سەحەر حەمزە وتی: وەک ژنان بەردەوام دەبین لەم بزووتنەوەیە، چونکە سەرکەوتنەکەی مانای لەناوبردنی ستەمکاری و گەندەڵییە، ڕۆژێک چووم بۆ سەردانی هاوژینەکەم کە چەند جارێک دەستگیرکرابوو تەنها لەبەر دەربڕینی بۆچوونی خۆی، لەناو زیندانەکەدا منداڵان و ژنان و بەساڵاچووە دەستگیرکراوەکانم بینی کە هیچ هۆکارێکی ڕاستەقینە نییە بۆ دەستگیرکردنیان، هەندێک جار بەهۆی هاوشێوەی ناوەکانیانەوە دەستگیر دەکرێن، یان تەنها بۆچوونی خۆیان دەربڕیوە، وەک ژنی دەستگیرکراوێک ناترسم لە بەشداریکردن لەم بزووتنەوەیەدا، چیتر هیچ شتێکم نییە لەدەستی بدەم.

 

لە لایەکی دیکەوە، نەجات ئەشقەر جەختی لەوەکردەوە بەردەوام دەبن لەم بزووتنەوەیە تا ئەو کاتەی داواکارییەکانیان جێبەجێ دەکرێن، وتی: هەموو خێزانێک لە سووریا کەسێکی ئامادەنەبووی هەیە کە لە دەرەوەی وڵاتە بەهۆی ئەو بارودۆخە سەختەی خەڵک ئەزموونی کردووە، من دوو کچم هەیە لە دەرەوەی وڵات کە نازانن من بەبێ ئەوان چی دەکەم، بۆیە بەردەوام دەبین لە بزووتنەوەکەمان تا ڕووخانی ڕژێم و گەڕانەوەی منداڵەکانمان.

 

لەمیس مەلحەم، ئاماژەی بەوەدا ئەوەی وای لێکرد بچێتە گۆڕەپانی کەرەمە نادادپەروەری حکومەتی شام و هەژارییە، هەرگیز گۆڕەپانەکەدا پاشەکشە ناکەن، وتیشی: زۆربەی دایک و باوکان لە ئێستادا لە نەخۆشخانەکاندا چارەسەریان نییە و گەندەڵی لە وڵاتەکەدا بڵاودەبێتەوە، وەک ژنان و لەبەر ئەوەی نیوەی کۆمەڵگە پێکدەهێنین بەردەوام دەبین لەم بزووتنەوەیە هەتا ڕووخانی ڕژێم، وەک مامۆستایەک، دەبینم ئاستی پەروەردە خراپتر بووە و مامۆستا چیتر هیچ پێگەیەکی نییە، پێویستە ڕێزو شکۆی مامۆستا بپارێزرێت.