دوای ڕاگەیاندنی ئاگربەستی ٤ ڕۆژە لە غەززە ئیسرائیل هەڕەشەی هێرش بۆ سەر نەخۆشخانەی ئیندۆنیزی دەکات

لە ٤٧ەمین ڕۆژی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر غەززە، ڕێککەوتنێک لە نێوان حەماس و ئیسرائیل بۆ ئاگربەست و ئاڵوگۆڕی بارمتەکان پەسەند کرا، بەڵام چەند کاتژمێرێک دوای ئاگربەستەکە ئیسرائیل هەڕەشەی هێرش بۆ سەر نەخۆشخانەی ئیندۆنیزی دەکات.

ناوەندی هەواڵ

 

دوای زیانی گەورە لە هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر غەززە، گفتوگۆی نێوان ئیسرائیل و حەماس بەردەوام بوون و گەیشتنە ڕێککەوتنێک بۆ ڕاگەیاندنی ئاگربەستێکی چوار ڕۆژیی لە غەززە و ئاڵوگۆڕی بارمتەکان.

 

حەماس لە بەیاننامەیەکی نووسراودا ڕایگەیاند بە نێوەندگیری قەتەر و میسر لە پرۆسەی دانوستانە درێژخایەنەکەیان لەگەڵ ئیسرائیلدا گەیشتوونەتە ڕێککەوتنێک لەسەر ئاگربەستێکی کاتی، وەک بەشێک لە ڕێککەوتنی نێوان حەماس و ئیسرائیل، ئاگربەست بۆ ماوەی چوار ڕۆژ ڕاگەیەندراو ١٥٠ فەڵەستینی لە زیندانەکانی ئیسرائیل لە بەرامبەر ئازادکردنی ٥٠ بەندکراوی ئیسرائیلیدا ئازاد دەکرێن.

 

ژنان و منداڵان ئازاد دەکرێن

بەپێی ڕێککەوتنەکە؛ لە بەرامبەر ئازادکردنی ٥٠ بەندکراوی ئیسرائیلی، ١٥٠ فەڵەستینی لە زیندانەکانی ئیسرائیل ئازاد دەکرێن، لەوانە ژن و منداڵی خوار تەمەن ١٩ ساڵ هەن، ئاگربەستەکە بۆ ماوەی چوار ڕۆژ بەردەوام دەبێت و سەدان بارهەڵگر کە هاوکاری مرۆیی و سووتەمەنی هەڵدەگرن دەچنە ناو کەرتی غەززە بەبێ جیاوازی نێوان باکوور و باشوور بەبێ هیچ جیاوازییەک لە دابینکردنی یارمەتی و سووتەمەنی.

 

هەروەها بڕیارێک لەبارەی هاتوچۆی ئاسمانی لە غەززە دراوە هەموو ڕۆژێک لە کاتژمێر ١٠:٠٠ بۆ ١٦:٠٠ لە باشووری کەرتی غەززە بۆ ماوەی ٦ کاتژمێر ڕادەگیرێت.

 

حکومەتی ئیسرائیل ڕێککەوتننامەکەی پەسەند کرد

حکومەتی ئیسرائیل ڕێککەوتنێکی لەگەڵ حەماس پەسەند کرد ئەم ڕێککەوتنە لەلایەن ئەنجومەنی وەزیرانی ئیسرائیلەوە پەسەند کراوە، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل لەسەر ئەم بابەتە لێدوانێکی نوسراوی بڵاوکردەوەو ئەو بڕیارەی ڕاگەیاند کە لەلایەن ئەنجومەنی وەزیرانەوە پەسەندکراوە بۆ ڕێککەوتن لەسەر گۆڕینی بارمتەکان.

 

 

دوای ڕاگەیاندنی ئاگربەست ئیسرائیل هەڕەشە دەکات

چەند کاتژمێرێک بەر لە دەستپێکردنی ئاگربەستەکە، سوپای ئیسرائیل ئەمڕۆ ٢٢ی تشرینی دووەم هەڕەشەی ئەوەی کرد لە ماوەی چوار کاتژمێردا هێرش بکاتە سەر نەخۆشخانەی ئیندۆنیزی بە بیانووی ئەوەی کە "چالاکی سەربازی" تێدایە و جەختی لەوە کردەوە کە ئەگەر چالاکییە سەربازییەکان نەوەستن، ئەوا سوپا مافی ئەوەی هەیە هێرش بکاتە سەر نەخۆشخانەکە بەگوێرەی یاسا نێودەوڵەتییەکان.

 

بەڕێوەبەری نەخۆشخانەکە هۆشداری دا لە دووبارەبوونەوەی سیناریۆی نەخۆشخانەی شیفا کە ئیسرائیل هەفتەی ڕابردوو هێرشی کردە سەری، وتیشی هێشتا ٣٦٠ بریندار و نەخۆش لە نەخۆشخانەکەدا هەن، لەنێویاندا نزیکەی ٥٠ کەس کە حاڵەتەکانیان پێویستیان بە ئۆتۆمبێلی فریاکەوتن هەیە بۆ گواستنەوەیان، جگە لە ٢٠٠ کەس لە ستافی پزیشکی.