چالاکوانێکی جەزائیری بە ١٠ ساڵ زیندانی سزا درا

دەسەڵاتی دادوەری جەزائیر بە نائامادەیی بڕیاری ١٠ ساڵ زیندانیکردنی چالاکوانی سیاسی ئەمیرە بۆراوی، کە یەکێکە لە کەسایەتییە دیارەکانی ئۆپۆزسیۆنی جەزائیر، دەرکرد.

ناوەندی هەواڵ

 

میدیاکان بڵاویانکردەوە، دوێنێ، ٧ی تشرینی دووەم، دادگای تاوانەکان لە شاری قستەنتینە لە ڕۆژهەڵاتی جەزائیر، لە نائامادەییدا سزای دە ساڵ زیندانی بەسەر ئەمیرە بۆراوی، چالاکوانی سیاسی جەزائیری-فەرەنسی سەپاند، بە تۆمەتی "جێهێشتنی خاکی جەزائیر بە شێوەیەکی نایاسایی" بۆ تونس و پاشان فەرەنسا.

 

ئەمیرە بۆراوی سەرەڕای ئەوەی قەدەغەکردنی گەشتکردن بەسەریدا سەپێنراوە، لە ٣ی شوباتدا لە تونس، کاتێک هەوڵی دەدا بە فڕۆکە بچێتە پاریس، دەستگیر کرا،.

 

دادوەر دوای سێ ڕۆژ ئەمیرە بۆراوی ئازاد کرد و تاوتوێکردنی دۆسیەکەی دواخست، هەر هەمان ڕۆژ ئەمیرە بۆراوی سەرەڕای هەوڵی دەسەڵاتدارانی تونس بۆ دیپۆرتکردنەوەی بۆ جەزائیر بەڵام گەیشتە وڵاتی فەرەنسا، ئەمەش بووە هۆی تووڕەیی دەسەڵات و بۆ ڕاوێژ کردن باڵیۆزی فەرەنسای لە وڵاتەکەی بانگهێشت کرد و کارەکەی بە "ئۆپەراسیۆنێک" بەناو کرد.

 

ئەمیرە بۆراوی یەکێکە لە چالاکوانە ئۆپۆزسیۆنە دیارەکانی جەزائیر و لە ساڵی ٢٠١٤دا لە دەستپێکی سەرهەڵدانی بزوتنەوەی "بەرەکات" ) بۆ دژایەتیکردنی کاندیدبوونی عەبدولعەزیز بوتەفلیقەی سەرۆکی پێشوو بۆ خولی چوارەم ناوبانگی دەرکرد، هەروەها لە شوباتی ٢٠١٩دا بەشداری بزووتنەوەی جەماوەری کرد، کە داوای دەستلەکارکێشانەوەی عەبدولعەزیز بوتەفلیقەیان دەکرد و دوای چالاکییەکانیان لە هەمان ساڵدا دوای ٢٠ ساڵ دەسەڵات، عەبدولعەزیز بوتەفلیقەیان ناچار بە دەستلەکارکێشانەوە کرد.

 

لە ٢٠ی تەمموزی ٢٠٢٠یشدا ئەمیرە بۆراوی ماوەی سێ هەفتە دەستگیر کرا و بەهۆی بڵاوکراوەکانی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی کە تیایدا ڕەخنەی لە دەسەڵاتداران گرت و دەستگیرکردنی ڕۆژنامەنووسان و کەسایەتییەکانی ئیدانە کرد، دادگا لەو کاتەدا سزای ساڵێک زیندانیکردنی بەسەردا سەپاند.