بەشی زۆری خاوەن کارەکانی فێستیڤاڵی پایزە ژنانن

بە بەشداری خاوەنکار و ژنانی دەستڕەنگین فێستیڤاڵێکی پایزە بۆ ساغکردنەوەی بەرهەمە خۆماڵییەکان کرایەوە.

سلێمانی

 

ئەمڕۆ لە پارکی ئازادی شاری سلێمانی، سەرۆکایەتی شارەوانی سلێمانی و بەڕێوەبەرایەتی باخچەکانی سلێمانی بە بەشداری زیاتر لە ١٥٠  خاوەن کار فێستیڤاڵێکی پایزە کرایەوە.

 

لە فێستیڤاڵەکەدا ژنانی دەست ڕەنگین بە شێوەیەکی بەرچاو بەشداریان کرد، ئامانجیان ساغکردنەوەی بەرهەمە خۆماڵییەکانیانە، هاوڵاتیان لە شار و شارۆچکەکانەوە سەردانی فێستیڤاڵەکە دەکەن و بڕیارە ماویە ٣ ڕۆژ بخایەنێت، هەروەها ئەگەر خاوەنکارەکان داخوازیان لەسەر بێت کاتەکەی درێژ دەکەنەوە.

 

ژنان داوا دەکەن فێستیڤاڵ بۆ ساغکردنەوەی بەرهەمەکانیان بکرێتەوە

ئیلیان هاوکار وەکو کچێکی منداڵ بە کارە دەستییەکانی بەشداری لە فێستیڤاڵەکەدا کرد و وتی: یەکەم جارمە بەشداری فێستیڤاڵ دەکەم و دەمێکە خولیای منە، لەگەڵ ئەوەی خوێندکارم بەڵام کاتم داوە بە کارە دەستییەکانم، حەزدەکەم فێستیڤاڵی تر بکرێتەوە و منیش بتوانم ئەو کارانەی دروستم کردووە، ساغی بکەمەوە.

 

ساکار حەمەکەریم، خاوەنی پڕۆژەی هەنگەڵانەکەم، ئاماژەی بەوەکرد، بە بەرهەمی خۆماڵی و هەنگوینی شارباژێڕ بەشداریم کردووە، جێگەی خۆشحاڵیە دەبینین ڕێژەی زۆری خاوەنکارەکان ژنان، چونکە لە ئێستادا ژنان پشت بە تواناکانی خۆیان دەبەستن، من وەکو ژنێک هەر فێستیڤاڵێکی بەرهەمە ناوخۆیەکان هەبووبێط بەشداریم کردووە، ئەم جۆرە فێستیڤاڵانە گرنگە بۆ ئەو کەسانەی خاوەنی کارێکن و دەیانەوێت بەرهەمەکەیان ساغ ببێتەوە و هاوڵاتیانیش پێشوازییەکی باش لە بەرهەمە خۆماڵیەکان دەکەن.

 

سەردانیکاران بۆ پاڵپشتی خاوەن کارەکان سەردانی فێستیڤاڵی پایزە دەکەن

شانیا فاروق، دەستڕەنگین ئاماژەی بەوەکرد، من وەکو ژنێک لەگەڵ خوشکەکەمدا لە شاری تەوێڵەوە هاتووین و بەشداری ئەم فێستیڤاڵەمان کردووە بە جلی کوردی، چونکە دەمانەوێت کولتووری کوردی بپارێزین و زیاتر گرنگی بە جلە کولتوورییەکان بدەین، لە ئێستاشدا خەڵكی زیاتر گرنگی بە جلی کوردی دەدات، چونکە مۆرکی کولتووری کوردیە و ژنانیش دەستێکی باڵایان هەیە لە پاراستنی کولتور و ڕێکخستنی جلی کوردی.

 

ڕووناک جەمیل وەکو سەردانیکارێک وتی: بیستم فێستیڤاڵێکی وا دەکرێت، منیش هاوڕێکانم کۆکردەوە و هاتین بۆ ئەوەی شتێک بکڕین لەو کەسانەی بەرهەمەکانیان هێناوە و ببێت بە پاڵپشتیەک بۆیان، زۆر دڵخۆشیشم کە دەبینم ژنان بە ڕێژەیەکی بەرچاو بەشداریان کردووە، خۆشم گرنگیەکی زۆر بە ژینگە دەدەم و ئێستاش هاتووم گوڵ بکڕم، چونکە پەیوەندی ژن و گوڵ بەهێزە.