چیرۆکی ژنان ئێرلەندای بەرەو داهاتوویەکی باشتر برد

نووسەر: جەستن مەکارتی

ڕۆژنامەگەری هەمیشە لە دەرەوەی سنووری خەیاڵم سەرسامی کردووم و گۆرانکاریترین چیرۆکیش هەمیشە چیرۆکی ژن و کچ بووە.

 

بەشێک لە پێشەکی کتێبە نوێیەکەی جەستن مەکارتی، ستوون نووسی ڕۆژنامەی ئیرلەندی تایمز، بە ناوی "چاوێک بە ئێرلەندادا: گەشتێک بە گۆڕانکاری کۆمەڵایەتیدا"؛

 

زۆرینەی ڕەهای ئەو سیاسەتمەدار و هونەرمەند و نوێنەرانی بازرگانی و کەسایەتییە ناودارانەی کە لەم ساڵانەدا چاوپێکەوتنم لەگەڵدا کردووە، پیاو بوون، ئەمە بەداخەوە سروشتی پیاوسالاری ڕۆژنامەگەرییە، بەڵام کاریگەرترین چیرۆکەکانم هەمووی لەسەر ژن و کچ بووە.

 

بۆ نموونە چەند چیرۆكێک کە بەڕاستی منی جووڵاند، بریتی بوون لە، دەرکردنی ئایلین فلین بوو لە ستافی مامۆستایانی قوتابخانەیەکی ئۆکسفۆرد لەلایەن دادگای باڵاوە، تەنها بەهۆی ئەوەی پەیوەندی خۆشەویستی لەگەڵ پیاوێکی خێزاندار بەست. جوان هیز ژنێک بوو کە بەهۆی ژیانی خۆشەویستییەوە لەگەڵ جێرمیا لاک، پیاوێکی دیکەی خێزاندار، دادگایی کرا و لەسێدارەدرا. ئان لاڤێت یەکێکی دیکە لە ژنە ستەملێکراوەکانی ئەو سەردەمە بوو کە لە تەمەنی ١٥ ساڵیدا لە ئەشکەوتێکی پیرۆزدا منداڵێکی کوڕی بوو، دواتر هەردووکیان گیانیان لەدەستدا.

 

بۆ هەر کەسێک کە لەو سەردەمی  کاتەدا ئەزموونی ئێرلەندای نەکردبێت، ئەستەمە لە گرنگی هەڵبژاردنی ماری ڕۆبنسن وەک یەکەم سەرۆکی ژنی ویلایەتەکە لە ساڵی ١٩٩٠ تێبگات، ئەو پارێزەرێکی زۆر زیرەک بوو کە بە یەکلاکەرەوە هەموو مافە جۆراوجۆرەکانی بۆ ژنان لە دادگاکاندا تێپەڕاند، ژنێک بوو هەرگیز سەری بۆ هیچ پیاوێک دانەنەواند، دروشمی هەڵبژاردنەکەی بریتی بوو لە "شوێنی ژنێک لە پارک دایە"، کاتێک دادگا پشتڕاستی کردەوە کە پلەی بەرزی Áras an Uachtaráin بەدەستهێناوە، خۆشحاڵی لە ماڵ و دڵ و دەروونەکاندا سەریهەڵدا کە ناڕەزایی بۆ چەندین نەوە لە دڵی ژنەکانیدا چرپاندبوو.

 

ماری ڕۆبنسن لە چاوپێکەوتنێکدا وتی: ئەو دەستەی کە شانەیەکی هەژاندووە سیستەمەکە دەهەژێنێت، ژنان ئاهەنگیان دەگێڕا و پیاوە فێمینیستەکان گوڵی سووریان بۆ دەکڕی، هەم وەک هێمای پشتیوانی لە پارتی کرێکاران و چ وەک پێشوازییەک لە ژنان بۆ ناو کۆمەڵگە، ئەمەش وەرچەرخانێکی گەورە بوو لە مێژووی ئێرلەندا.

 

وێنەکەی لە مێشکدا دروستکرد، ژنانی تر دەستیان کرد بە قسەکردن، کریستین باکلی بۆ یەکەمجار لە بەرنامەی ڕادیۆیی گیی بایرن باسی ئەو ئازارانەی کرد کە لە منداڵیدا لە خانەی هەتیوەکانی گۆڵدنبریج تووشی بووە، لویس ئۆکیف لە دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپا لە هەوڵەکانیدا بۆ قەرەبووکردنەوە، دوای ئەوەی لە منداڵیدا لەلایەن لیۆ هیکی، سەرۆکی قوتابخانەکەی لە شاری دۆندرۆ لە ویلایەتی کوک دەستدرێژی سێکسی کرایە سەر، لە دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپادا شکستی بە حکومەت هێنا، دوای ئەوەی لاڤینیا کێریڤیکی گەنج بوو بە یەکەم ڕزگاربووی دەستدرێژی کە لە سێبەرەوە هاتە دەرەوە و قسەی خۆی بکات، لەگەڵ وەزیری داد کۆبووەوە و داوای چاکسازی لە یاسادا کرد.

 

ڤیکی فیلان، چالاکوانی ژنانی ئێرلەندی ڕەتیکردەوە لە شوێنی کارەکەیدا ڕێککەوتنێکی ئاشکرا نەکردن واژۆ بکات بۆ ئاگادارکردنەوەی ئەو ژنانەی کە تووشی شێرپەنجەی ملی منداڵدان بوون، کە دەسەڵاتداران زانیاری تەندروستییان لێ دەشارنەوە، دوشیزە دی ژنێک بوو کە لەلایەن بەشی خزمەتگوزاری تەندروستی قەدەغە کرابوو گەشت بکات بۆ ئینگلتەرا بۆ ئەوەی منداڵەکەی لەبار ببات، بەڵام کاتێک ناچار بوو منداڵی ببێت، خۆی و دەزگیرانەکەی ئاگادارکرانەوە کە ئەو منداڵەی چاوەڕێی دەکەن تەندروست نییە و دوای لەدایک بوونەکەش بە زیندوو نامێنێتەوە، بۆیە دوشیزە دی بێدەنگ نەبوو، بەدواداچوونی بۆ دۆسیەی ئەم جیاکارییە کرد و لە دادگای باڵا سەرکەوتنی بەدەستهێنا.

 

ڕزگاربووانی نەخۆشی سیمفیزیۆتۆمی (رێکارێکی نەشتەرگەری بەسەرچووە کە مەبەست لێی فراوانکردنی حەوز و ڕێگەدان بە منداڵبوون ئەگەر کێشەیەک هەبێت) باسیان لەو ئازارە کرد کە بەرگەیان گرتووە، تا ئەو کاتەی نەتەوە یەکگرتووەکان داوای لێکۆڵینەوەی تاوانکاری لەسەر ئەو کارە و دروستکردنی پلانی قەرەبووکردنەوە کرد، هەروەها فیلۆمێنا لی یارمەتی دروستکردنی فیلمێکی دا، کە باس لەوە دەکات کە چۆن کوڕە ساواکەی بە پێچەوانەی ویستی خۆی لە خانەقایەکدا لێی وەرگیراوە و دراوە بە دایک و باوکی ھاوژینەکەی لە ئەمریکا.

 

دوابەدوای ئەم ڕووداوانە، کاترین کۆرلێس لەناکاو باسی لەوە کرد، ٧٩٦ منداڵ کە لە ناوەندێکی چاودێری دایک و منداڵدا گیانیان لەدەستداوە، لە بەشێکی سیستەمی ئاوەڕۆدا نێژراون، لە ماوەیەکی کورتدا بە بەڵگە قسەکانی سەلمێندرا و ئاشکرا بوو کە ڕووداوەکە ڕاستە.

 

هەروەها دانیشتوانی پێشووی جلشۆرەکانی مەگدالیە بۆ یەکەمجار بێدەنگی خۆیان شکاند و ڕایانگەیاند کە لە ناوەکانیان بێبەش کراون و لەبری ئەوە ژمارەیان پێدراوە، باسیشیان لەوەکرد، چۆن منداڵەکانیان بەبێ ڕەزامەندی خۆیان نمونەیان لێوەرگیرا بۆ پشکنینی ڤاکسین لەلایەن کۆمپانیا دەوڵەمەندەکانی دەرمانسازی.

 

دوای دەرکەوتنی ئەو ژنانە لە میدیاکان، زۆرێک لە کچان و ژنان چیرۆکی خۆیان لەبارەی ئەو نادادپەروەری و دڕندەیی و خراپ مامەڵە و توندوتیژیانەی کە بەرگەییان گرتبوو، گێڕایەوە، وە ئەم گێڕانەوەیانە بەردەوام بوون تا دواجار مافی ژنان لە ئێرلەندا گەیشتە خاڵێک کە نەگەڕایەوە و بووەتە نمونە.

 

چیرۆکی ئەم ژنانە ئێرلەندای بەرەو داهاتوویەکی باشتر پەلکێش کرد.