ڕۆژنامەنووسێکی لوبنانی دوای ململانێی لەگەڵ نەخۆشی شێرپەنجە کۆچی دواییکرد

جیزال خوری، پێشکەشکاری تەلەفزیۆنی لوبنانی، دوای ململانێی درێژخایەن لەگەڵ شێرپەنجە لە تەمەنی ٦٢ ساڵیدا لە بەیروتی پایتەخت کۆچی دوایی کرد.

ناوەندی هەواڵ

 

جیزال خوری، ڕۆژنامەنووس، ماوەی ٢ ساڵ و ٦ مانگە تووشی نەخۆشی شێرپەنجە ببوو، دوای ئەوەی دۆخی تەندروستی بەرەو خراپتر دەچێت، لە ماوەی دوو هەفتەی ڕابردوودا لە نەخۆشخانە چارەسەری چڕی وەردەگرت، بەڵام بەهۆی توندی نەخۆشییەکەیەوە، بەیانی ئەمڕۆ ١٥ی تشرینی یەکەم لە ماڵەکەی خۆی کۆچی دوایی کرد.

 

جیزال خوری لە ساڵی ١٩٦١ لە شاری ئەکرەفیە لە بەیروت لەدایکبووە، خەڵکی شارۆچکەیەکی کەناری ئەقیبەیە لە ناوچەی کەسروان لە باکووری بەیروت، دوای تەواو کوردنی خوێندنی میدیا و مێژوو، پیشەی ڕاگەیاندنی جیزال خوری لەسەر شاشەی بچووک لە ڕێگەی کۆمپانیای پەخشی لوبنانی "LBC" دەستی پێکرد، بە ماوەیەکی کەم دوای کردنەوەی ئەم کەناڵە، کە یەکەم وێستگەی تەلەفزیۆنی تایبەت بوو لە لوبنان لە ناوەڕاستی هەشتاکانی سەدەی ڕابردوودا، جیزال ناوبانگی دەرکرد.

 

جیزال لەسەر ئەم شاشە ناوخۆییە، زنجیرەیەک بەرنامەی ڕۆشنبیری و دۆکیومێنتاری و سیاسی پێشکەش کرد، بە دیارترینیان بەرنامەی "هیوا عومەر" لە ناوەڕاستی ساڵانی نەوەدەکان، تێیدا سەرکەوتنێکی گەورەی بەدەستهێنا لە ڕێگەی دیالۆگەکانی لەگەڵ بەناوبانگترین کەسایەتییە هونەری و کولتووری و سیاسییەکانی لوبنان و جیهانی عەرەبی.

 

بە ماوەیەکی کەم دوای کردنەوەی لە ساڵی  ٢٠٠٣ چوو بۆ کەناڵی ئەلعەرەبیە، لەوێ بۆ چەندین ساڵ کاری کرد، لەو ماوەیەدا بەرنامەکانی "بە عەرەبی" و "ستۆدیۆ بەیروت"ی پێشکەش کرد، لە کۆتایی ساڵی ٢٠١٣  لە کەناڵی "بی بی سی عەرەبی" بەردەوام بوو، لەوێ بەرنامەی "مەشهەد"ی پێشکەش کرد، کە تیشکی دەخستە سەر هەندێک لە سەرنجڕاکێشترین ئەو چیرۆکانەی لە مێژووی مۆدێرندا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا هەیە.

 

لە کۆتا وێستگەی کار کردنیدا، ساڵی ٢٠٢٠ لە سکای نیوز عەرەبی کاری کرد، بەرنامەی گفتوگۆی بە ناوی "لەگەڵ جیزال" پێشکەش کرد.

 

لە ساڵی ٢٠٠٦، جیزال خوری دامەزراوەی "سەمیر قەسیر"ی دامەزراند، کە ڕێکخراوێکی قازانج نەویستە و بەگوێرەی ڕێکخەرەکانی هەوڵی بڵاوکردنەوەی کولتووری دیموکراسی لە لوبنان و جیهانی عەرەبی دەدات و هانی ئازادی دەدات.