سلێمانی، پرسەی شەهیدەکانی ڕۆژئاوای کوردستان بەڕێوەچوو

پرسەی شەهیدانی ڕۆژئاوای کوردستان کە لە بۆردوومانەکانی تورکیا بۆ سەر باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا شەهید بوون، لەلایەن نوێنەری ئیدارەی خۆبەڕێوبەری لە هەرێمی کوردستان بەڕێوەچوو.

سلێمانی

 

پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ لە بارەگای ئیدارەی خۆبەڕێوبەری باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا لە هەرێمی کوردستان لە شاری سلێمانی پرسەیەک بۆ شەهیدانی ئەندامانی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ و سەرجەم شەهیدانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، کە لە بۆردوومانەکانی دەوڵەتی تورکیا بۆ سەر خۆبەڕێوەبەری شەهید بوون، بەڕێوەچوو.

 

پرسەکە لە کاتژمێر ١٠ی سەر لە بەیانیەوە دەستی پێکرد و بڕیارە تا کاتژمێر ٤ی دوانیوەڕۆ بەردەوام بێت، چالاکوان، لایەن و کەسایەتییە سیاسییەکان، ئازادیخوازان و هاوڵاتیانی هاوخەمی ڕۆژئاوای کوردستان سەردانی پرسەکەیان کرد.

 

"ئامانجی تورکیا لە هێرشەکانی گۆڕینی دیمۆگرافیای ناوچەکەیە"

ئەڤین سوێد، نوێنەری خۆبەڕێوبەری باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا لە هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەکرد، وەک دەزانین لە ٤ی تشرینی یەکەمەوە دەوڵەتی تورکیا بە چڕی هێرش دەکاتە سەر ڕۆژئاوای کوردستان و ٢٩ کەس لە هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ و هاوڵاتیانی مەدەنی شەهید بوون و چەندین کەسیش بریندار بوون، ئامانجی ئەم هێرشانەی تورکیاش بۆ ئەوەیە، چەتەکانی داعش وەک چۆن لە عەفرین و سەرێکانی جێگیر بوون، بە هەمان شێوە لەو ناوچانەش جێگیریان بکات و دیمۆگرافی ئەو ناوچەیە بگۆڕێت. بۆ مەراسیمی شەهیدان ئەمڕۆ لە زۆربەی شارەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا پرسە و چالاکی بەڕێوەدەچێت و تا کاتژمێر ٤ی پاشنیوەڕۆش لە شاری سلێمانی و لە بارەگای خۆبەڕێوەبەری پرسە بەردەوام دەبێت.