مانگرتنی گشتی لە ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەردەوامە

دانیشتوانی شارەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان پەیوەست بوون بە مانگرتنی گشتی خوێندکارانی قوتابخانە و زانکۆکانی ئێران و ڕاپەڕین بەردەوامە.

مهاباد

 

هەرچەندە ڕژێمی ئێران شێوازی جۆراوجۆری سەرکوتکردن لە دژی خەڵک بەکاردەهێنێت، بەڵام ڕاپەڕینەکانی ئێران لە سەرانسەری وڵاتدا بەردەوامن.

 

لە شاری مهاباد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، سەرجەم دوکانەکانی بازاڕ و دوکاندارەکانی ئەو شارە بۆ پشتیوانی لە مانگرتنی گشتی کە لەلایەن خوێندکارانی زانکۆوە ڕێکخرابوو، دەستیان بە مانگرتن کرد، سەرەڕای گەمارۆدانی قورسی هێزە ئەمنییەکان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و هەڵکوتانە سەر ماڵ و هەڕەشە لە چالاکانی مەدەنی و سیاسەتمەداران و قوتابیان و سەندیکاکانی دیکە، ڕاپەڕین بەردەوامە.

 

لە زۆرێک لە شارەکان خۆپیشاندەران ئاگریان کردەوە و دروشمیان دژی ڕژێم بەرزکردەوە بۆ پشتیوانی لە کورد و بەلووچەکان.

 

خوێندکاران بەردەوامن لە چالاکییەکانیان

خوێندکارانی زانکۆی ئەلزەهرا لە ٧ی کانوونی دووەمدا کە هاوکاتی ڕۆژی خوێندکارانە، ڕایانگەیاند، زانکۆکان بوونەتە ناوەندی دەستبەسەرکردن، "زانکۆکان بوونەتە زیندان، ئایا نەتاندەزانی دەنگی خوێندکاران کە داوای ئازادی و ماف دەکەن بێدەنگ نابێت".

 

ئەو خوێندکارانە دووپاتیان کردەوە کە لە دژی دڕندەیی و توندوتیژی و کوشتنی خۆپیشاندەران لە ڕاپەڕینی گشتیدا تێدەکۆشن، وتیشیان، سەرەڕای هەوڵەکانی دەسەڵات و بەسیج بۆ سەرکوتکردنی ناڕەزایەتییەکان بە دەستگیرکردنی خوێندکاران و مامۆستایان و دوورخستنەوەیان لە زانکۆکان و هەڕەشەکردن و ژەهراویکردنی خوێندکاران، بەرامبەر ئەو سیستەمە شەڕ دەکەن و داوای مافەکانیان دەکەن.