ژینا ئەمینی و بزووتنەوەی "ژن، ژیان ئازادی" بوونە پاڵێوراوانی کۆتایی خەڵاتی ساخارۆڤ

پەرلەمانی ئەوروپا ڕایگەیاند، ژینا ئەمینی و بزووتنەوەی "ژن، ژیان ئازادی" وەک یەکێک لە سێ کەسی کۆتایی بۆ خەڵاتی ساخارۆڤ دەستنیشان کراون.

ناوەندی هەواڵ

 

١٢ی تشرینی یەکەم، سەرۆکی لیژنەی سیاسەتی دەرەوەی پەرلەمانی ئەوروپا، ژینا ئەمینی و بزووتنەوەی "ژن، ژیان ئازادی"ی وەک یەکێک لە سێ کەسی کۆتایی بۆ وەرگرتنی خەڵاتی ساخارۆڤ ڕاگەیاند.

 

ماک ئەلیستەر، سەرۆکی لیژنەی سیاسەتی دەرەوەی پەرلەمانی ئەوروپا لە کاتی ڕاگەیاندنی ئەم هەواڵەدا ڕایگەیاند: هەڵبژاردنی ژینا ئەمینی و بزووتنەوەی "ژن، ژیان ئازادی" وەک یەکێک لە سێ کاندیدی سەرەکی بۆ وەرگرتنی خەڵاتی ساخارۆڤ لە قۆناغی یەکەمی داننان بە خەباتی بوێرانەی ئەوانە بۆ مافەکانی ژنان.

 

ژینا ئەمینی، ژنێکی گەنجی کوردی ٢٢ ساڵی خەڵکی شاری سەقز بوو لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، لە ١٦ی ئەیلوولی ٢٠٢٢دا لە تارانی پایتەختی ئێران بە بیانووی نەشیاوی حیجابی زۆرەملێ لەلایەن پۆلیسی ئەخلاقی تاران دەستگیر دەکرێت و لێی دەدرێت، کە دەبێتە هۆی گیان لەدەستدانی ژینا، ئەمەش شەپۆلێکی ناڕەزایەتیی سەرتاسەری لە دژی کۆماری ئیسلامی دەستپێکرد کە بە ناوی ژنانی کورد بە وتنەوەی دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی" لە پرسەی ئەم کۆچکردوودا ناونرا.

 

پاڵێوراوانی دیکەی خەڵاتی ساخارۆڤ بریتین لە ڤیلما نونیز و قەشە ڕۆلاندۆ ئەلڤارێز، قەشەی ڕۆمانی کاسۆلیک، وەک دوو کەسایەتی ئایکۆنی ناسراو لە شەڕی بەرگریکردن لە مافەکانی مرۆڤ لە نیکاراگوا، پاڵێوراوی داهاتووش سێ ژنە لە پۆڵەندا و ئەلسەلڤادۆر و  ولایەتە یەکگرتووەکان دەبێت کە خەباتیان بۆ "لابردنی قەدەغەکردنی لەباربردنی منداڵ، سەلامەت و یاسایی" کردووە.

 

براوەی کۆتایی ئەم خەڵاتە لە ١٩ی تشرینی یەکەم ڕادەگەیەنرێت.

 

خەڵاتی یەکێتی ئەوروپا کە بە ناوی ئەندرێی ساخارۆڤی ناڕازی سۆڤیەت ناوی لێنراوە، لە ساڵی ١٩٨٨ بۆ ناساندنی ئەو کەسانە یان گروپانە دامەزراوە کە بەرگری لە مافەکانی مرۆڤ و ئازادییە بنەڕەتییەکان دەکەن. ساخارۆڤ لە ساڵی ١٩٨٩ کۆچیی دوایی کردووە و براوەی خەڵاتی نۆبڵی ئاشتییە.