ڕێژەی لە ٪٢٠-٢٥ی شێرپەنجەکان لە ژناندا شێرپەنجەی مەمکن

لە درێژەی چالاکییەکانی مانگی هۆشیاری شێرپەنجەی مەمک، ڕێکخراوی کوردستان بە مەبەستی زیاتر هۆشیارکردنەوەی هاوڵاتیان و ژنان کۆڕێکی ئەنجامدا و چەندین داتای گرنگ خرانەڕوو.

سلێمانی

 

پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ لە هۆڵی تەواری شاری سلێمانی، ڕێکخراوی کوردستان بۆ هاریکاری نەخۆشانی شێرپەنجە (KSCPS) بە هاوکاری سەنتەری ژیانەوە، کۆڕێکیان بە مەبەستی بڵاوکردنەوەی هۆشیاری و بەرەنگاربوونەوەی شێرپەنجەی مەمک ڕێکخست.

 

لە کۆڕەکەدا پزیشک حەنان ئەسعەد، پزیشکی چارەسەری شێرپەنجەی مەمک ئاماژەی بەوەدا، شێرپەنجەی مەمک یەکێکە لە باوترین جۆرەکانی شێرپەنجە لە ژناندا، بە ڕێژەی لە ٪٢٠-٢٥ی شێرپەنجەکان لە ژناندا شێرپەنجەی مەمکن، بە پێی لێکۆڵینەوەکان لە جیهاندا لە هەشت ژن، ژنێک ئەگەری تووشبوونی بە شێرپەنجەی مەمک هەیە.

 

لە هەرێمی کوردستان و لە شاری دهۆک لە ٪١٨، لە هەولێر ٪٣٩ شێرپەنجەی ژنان شێرپەنجەی مەمک بووە، هەروەها شاری هەولێر نەخۆشی شێرپەنجەی شارەکانی دیکەی عێراقیش سەردانی دەکەن، ئاماژەی بەوەشکرد، تەنها ژنان تووشی شێرپەنجەی مەمک نابن، بەڵکو پیاوانیش بە ڕێژەی ٪٠.٥ بۆ ٪١ تووش دەبن، هۆکاری زۆری لە ژناندا دەگەڕێتەوە بۆ بوونی هۆڕمۆنی مێینە و هۆڕمۆنی ئیسترۆجین، کە دەبێتە هۆی دروستبوونی شێرپەنجە بەتایبەت لە سەروو تەمەنی ٥٠ ساڵییەوە.

 

"تا دێت ڕێژەی تووشبوون بە شێرپەنجەی مەمک زیاد دەکات"

پزیشک نەشمیل عەبدوڵا، بڕیاردەر لە بەشی دەرمانسازی زانکۆی کۆمار، ئاماژەی بەوەکرد، بە پێی ئامارەکانی ساڵی ٢٠٢٠ لە عێراقدا ٤٠ ملیۆن هاوڵاتی دەژین، ساڵانە نزیکەی ٣٤ هەزار کەیسی شێرپەنجە بوونیان هەیە، کە نزیکەی ٢٠ هەزاریان بە شێرپەنجە گیان لەدەستدەدات، زۆرینەی ئەو شێرپەنجانەش شێرپەنجەی مەمک بووە لە هەردوو ڕەگەزدا، ئەگەریشی هەیە لە پێنج ساڵی داهاتوودا، واتە تا ساڵی ٢٠٢٥ ڕێژەکە بەرزدەبێتەوە بۆ ٧٩ هەزار تووشبوو لە ساڵێکدا.

 

لە هەرێمی کوردستاندا بە پێی لێکۆڵینەوەکانی ساڵانی نێوان ٢٠١٣ بۆ ٢٠١٩ لە هەر سەد هەزار دانیشتوویەک، ٥٠ بۆ ٧٣ دانیشتوو ئەگەری تووشبوون بە شێرپەنجەی مەمکی هەیە، زۆرترینیشیان تەمەنیان لە نێوان ٤٠ بۆ ٥٠ ساڵدایە.

 

"ئامانجمانە هاوڵاتیان هۆشیار بکەینەوە لەپێناو کەمکردنەوەی شێرپەنجە"

پەروین نوری، مامۆستای زانکۆ و ئەندامی ڕێکخراوی کوردستان بۆ هاریکاری نەخۆشانی شێرپەنجە، دەربارەی چالاکییەکە باسی لەوەکرد، مانگی ١٠ وەک مانگی پەمەیی و هۆشیاری شێرپەنجەی مەمک دەستنیشان کراوە، بۆیە بە پێویستیان زانی کۆڕێک ڕێکبخەن بۆ هۆشیارکردنەوەی کۆمەڵگە و ژنان دەربارەی شێرپەنجەی مەمک، وتیشی: ئامانجمانە خەڵکی هۆشیار بکەینەوە دەربارەی ئەوەی کاتێک هەست بە گرێیەک دەکات پشتگوێی نەخات و بەدەمیەوە بڕوات، تا دواتر لێی نەکاتە گرێی شێرپەنجەیی.

 

پەروین نوری ئاماژەی بەوەشکرد، تووشبووانی شێرپەنجەی مەمک و هەموو شێرپەنجەکانی دیکە بە تەنها نین، دەبێت هەمووان هۆشیار بن دەربارەی ئەو نەخۆشییە بۆ ئەوەی بتوانن ڕێگری بکەن لە تووشبوونیان، چونکە هەندێک هۆکاری دەرەکی هەن وەک 'دووکەڵی بەنزین و خراپی جۆریان، خراپی جۆری ئەو خواردنانەی کە هاوردەی هەرێم دەکرێن' دەبنە هۆی دروستبوونی شێرپەنجە و مرۆڤ خۆی دەتوانێت ڕێگریان لێبکات.