"هێرشەکەی دەوڵەتی تورکیا بۆ سەر ڕۆژئاوا بە ئامانجی لەناوبردنی، لە وەهمێک زیاتر نییە"

نەسیم.پ، یەکێک لە چالاکوانە مەدەنییەکانی شاری سنە، سەبارەت بە هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا بۆ سەر ڕۆژئاوای کوردستان دەڵێت: ئیدارەی ڕۆژئاوا بەم هێرشانە لەناو ناچێت و ئەمەش تەنها چارەسەرێکی کاتییە بۆ کێشە ناوخۆییەکانی دەوڵەتەکەی ئەردۆغان .

ژونا ئەردەلان

 

سنە- ژنانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، پشتیوانی لە بەرخۆدانی ڕۆژئاوای کوردستان دژی هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا دەکەن، کە لە ٤ی تشرینی یەکەمەوە دەستی پێکردووە و ژێرخانی ئابووری و بیناسازی و خەڵکی مەدەنی دەکاتە ئامانج.

 

نەسیم.پ، یەکێک لە چالاکوانانی مەدەنی سنە، سەبارەت بە هێرشە تاوانکارییەکانی دەوڵەتی تورکیا بۆ سەر ڕۆژئاوای کوردستان دەڵێت: هێرشەکانی ئەم دواییەی ئەردۆغان بۆ سەر ڕۆژاڤای کوردستان کە چەند ڕۆژێک لەمەوبەر دەستی پێکرد، دەتوانرێت لە چەند ڕوانگەیەکەوە سەیر بکرێت، دەوڵەتی تورکیا ڕووبەڕووی چەندین کێشەی ناوخۆ بووەتەوە، کێشەی ئابوری و ڕووبەڕووی نەیارانی سیاسی دەبێتەوە، هەروەها هەڵبژاردنەکانی تورکیا نزیکە و هیچ ڕێگاچارەیەکی باشتر لەوە نییە کە ئەردۆغان بەم شەڕە پێشوەختەیە فاشیست و ناسیۆنالیستییەکانی تورک بورووژێنێت، بەڵام پرسیارەکە ئەوەیە کە ئەمە تا کەی دەخایەنێت؟

 

هەروەها وتی: زیانە ماددییەکانی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەریی ڕۆژئاوا بە ملیۆنان دۆلار دەخەمڵێندرێت و زیادیش دەکات، کوشتنی خەڵکی مەدەنی، کوشتنی منداڵ و ژن و پیاوی مەدەنی تەنها بۆ سەرقاڵکردنی عەقڵی گشتی و لادانی سەرنج و وروژاندنی هەستی ناسیۆنالیستییە، فێڵەکەی ئەردۆغان بۆ زیندوو ڕاگرتنی پێگەی خۆیەتی لەم کاتەدا، جوگرافیای کوردستان چەندین ساڵە بووەتە جێی هێرشی داگیرکاران، ئەو هێرشانە تەنیا لە ئەردۆغاندا سنووردار نین، بەڵکو مێژووی چەندین هێرشی مێژووییان هەیە، هەمیشەش دوژمنانی کورد، لەسەر پرسی کورد کۆک بوون.

 

نەسیم.پ کاردانەوەکان بەرامبەر بە شەڕی دەوڵەتی تورکیا دژی ڕۆژئاوا باس دەکات و دەڵێت: کاردانەوەکان بەرامبەر بە هێرشەکانی دژی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری ڕۆژئاوا بە هەواڵی هێرشێکی حەماس و ئیسرائیل شاردرایەوە، میدیاکانیش بە مەبەست خۆیان لە بڵاوکردنەوەی بەدوور گرت، هەرچەند ئێمە دژی ئەوە نین کە باس لە پرسی فەلەستین بکرێت، بگرە دژی شەڕین لە هەر شوێنێک بێت و سەرکۆنەی دەکەین، چونکە شەڕ دەبێتە هۆی کوشتنی خەڵکی مەدەنی، بەڵام پرسی ڕۆژئاوا وەک پێویست و ئەوەی هەیە لە هەواڵەکاندا ڕووماڵ نەکرا و ڕووداوەکانی ڕۆژئاوا لە بێدەنگیدا مانەوە، جیهان بێ ئاگایە لە تاوان.

 

بێدەنگی کۆبوونەوە نێودەوڵەتییەکان و ئەنجوومەنی ئاسایش سەبارەت بە تاوانەکانی تورکیا لە شەڕێکی نایەکسانی نێوان سوپای دووەمی ناتۆ، کە بە هەموو جۆرە چەکێکی قورس هێرش دەکات، لە دژی ڕۆژئاوا کە سادەترین چەکەکانی هەیە، پێشێلکارییەکی ئاشکرایە بۆ مافەکانی مرۆڤ و پەیماننامەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان.

 

دەشڵێت: ئەرکی ئێمە لەم ڕۆژانەدا هۆشیارکردنەوەی خەڵک و بەتایبەت ژنانە، پێویستە ژنان فێربن و بخوێنن لەسەر سیاسەتی جیهانی و ئاگاداری بارودۆخی جوگرافی و سیاسی کوردستان بن، بۆ ئەوەی بە درۆ و یارییە سیاسییەکان و لە چالاکییەکانیاندا فریو نەدرێن.