"لە کەرتی غەززە ٥٠ هەزار ژنی دووگیان لە خزمەتگوزارییە تەندروستییەکان بێبەشن"

سندوقی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ دانیشتوان ڕایگەیاند، ٥٠ هەزار و ٥٠٠ ژنی دووگیان لە کەرتی غەززە پێویستیان بە چاودێری تەندروستی بەپەلە هەیە.

ناوەندی هەواڵ

 

سندوقی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ دانیشتوان لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند لەم مانگەدا ٥٠ هەزار و ٥٠٠ ژنی دووگیان لە غەززەوە لە چاوەڕێی منداڵبووندان، لە بەیاننامەکەدا هاتووە کە ژنانی دووگیان لە غەززەوە پێویستیان بە پاراستن و چاودێری تەندروستی بەپەلە هەیە و هەموو لایەنەکان ئامۆژگاری کراون کە بەگوێرەی مافە نێودەوڵەتییەکانی مرۆڤ کار بکەن.

 

"نیگەرانین بۆ ژنانی دووگیان"

دۆمینیج ئاڵن، بەڕێوەبەری سندوقی دانیشتوانی نەتەوە یەکگرتووەکان لە کەناڵێکی تەلەفزیۆنیدا قسەی کرد و ڕایگەیاند کە سیستمی تەندروستی غەززە لە لێواری داڕماندایەو نیگەرانن لە بارودۆخی ژنانی دووگیان لە غەززە.

 

ئاماژەی بەوەکردووە، دەبێت دەستبەجێ ڕێگە بدرێت یارمەتییە مرۆییەکان بۆ غەززەوە تێپەڕن، ژنانی دووگیان دەبێت بە دڵنیاییەوە بتوانن ئەم خزمەتگوزارییە تەندروستییانە بە درێژایی ژیانیان وەربگرن.