بەسێ هۆزات: مافە یاساییەکانی ڕێبەرایەتی پرسی بازاڕ پێکردن نییە

بەسێ هۆزات، هاوسەرۆکی ئەنجومەنی جێبەجێکاری کەجەکە ڕایگەیاند، کە دەوڵەتی تورکیا مەرجی بۆ هەڵگرتنی گۆشەگیری لەسەر ڕێبەری گەلی کورد داناوە و وتی: ئەم مافە ڕەوا و مرۆیی و سروشتیانەی ڕێبەرەکەمان پرسی بازاڕی پێکردن نییە.

ناوەندی هەواڵ

 

بەسێ هۆزات، هاوسەرۆکی ئەنجومەنی جێبەجێکاری کۆما جڤاکێن کوردستان-کەجەکە، وەڵامی پرسیارەکانی هابەر تیڤی سەبارەت بە گۆشەگیرکردنی ئیمرالیی و هێرشەکانی تورکیا بۆ سەر باشووری کوردستانی دایەوە و ئاماژەی بەوەدا دەوڵەتی تورکیا دەیەوێت بازاڕیی و مامەڵە بە ڕێبەرایەتییەوە بکات، بەڵام ئێمە ئەمە قبوڵ ناکەین و پرسی ڕێبەرایەتی پرسێک نییە مامەڵەی پێوە بکرێت.

 

زانیاری نوێ لەسەر ڕێبەری گەلی کورد

بەسێ هۆزات ئاماژەی بەوەکرد، کە بەرپرسانی ئاکەپە-دەوڵەتی تورکیا دەیانەوێت بازاڕ بە پرسی گۆشەگیریی سەر عەبدوڵا ئۆجالان، ڕێبەری پەکەکە بکەن و وتی: ئەو جۆرە ڕێباز و سیاسەتانە بە پیس دەبینین، ئێمە بە توندی ئەم جۆرە ڕێبازانە ڕەتدەکەینەوە و ئیدانە دەکەین، بە هیچ شێوەیەک بازاڕ و مامەڵە بە پرسی ڕێبەرایەتییەوە ناکەین، ئەمە بە هیچ شێوەیەک قبوڵکراو نییە، پێوەری دیموکراسیبوونی دژایەتیکردنی گۆشەگیریی ئیمرالییە.

 

بەسێ هۆزات بە وردی سەبارەت بە گۆشەگیریی ئۆجالان وتی: ماوەی ٢٦ ساڵە ڕێبەرایەتیمان لە ژێر سیستمی جینۆسایددا بەرخۆدانێکی گەورەی کردووە، لە دەوری ئەم خۆڕاگرییە بەرخۆدانێکی زۆر سەرنجڕاکێشی خەڵک و گەریلا و زیندانەکان هەیە، ڕێبەرایەتی ئێمە ٢٦ ساڵە بە بارمتە لەلایەن دەوڵەتی تورکیاوە گیراوە، سیاسەتی دیلبوون بەڕێوە دەبات، لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا کۆمەڵێک زانیاریمان پێگەیشتووە، هەست دەکەین گرنگە ئەمە لەگەڵ خەڵکدا بەشی بکەین، ئێستا بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی لە سەرچاوە باوەڕپێکراوەکانەوە دەستمان کەوتووە، بەشێک لە کەسانی نزیک لە ئەردۆغان دەڵێن، ئەگەر ئەم کارەمان بۆ بکەن، ڕێگە بە براکەی ئۆجالان و دواتر پارێزەرەکانی دەدەین چاویان پێی بکەوێت، بەڵام بۆ ئەوەی ڕێگە بدەین ئەو دیدارە ڕووبدات، سەرەتا دەبێت هەندێک مامەڵە و بازاڕ بکەین، بەم شێوەیە زانیاری جیاواز دێن، ئێمە دەزانین کێن ئەو سەرچاوانەی ئەم جۆرە زانیارییانە دەهێنن، لە نزیکەوە دەیانناسین، ساڵانێک لەگەڵ ئەردۆغان سیاسەتیان بەڕێوەبرد، بێگومان ئێمە ئەمە زۆر بە گرنگ دەزانین و دەمانەوێت خەڵک بزانن.

 

"مافی یاسایی ڕێبەرایەتی مژاری بازاڕ پێوەکردن نییە"

بەسێ هۆزات ئەوەشی خستەڕوو کە لە تورکیادا سیاسەتێکی زۆر نادادپەروەرانە لەسەر ڕێبەر ئۆجالان جێبەجێ دەکرێت، ڕێبەرایەتی بە خۆی وت من بارمتەیەکم بە دەستی دەوڵەتی تورکەوە، دۆخی خۆی بە بارمتە پێناسە کرد، وتیشی: ساڵانێکە ڕێبازی لەم شێوەیە هەیە، ئێمە هەمیشە دەمانگوت، بە پشتبەستن بە بارودۆخی ڕێبەرایەتیمان، سیاسەتێکی ڕەشبگیری، بازاڕی کردن و سەودا و مامەڵەیەکی نوێ جێبەجێ دەکرێت، ئەمە نموونەیەکە کە هەموو ئەمانە نیشان دەدات، بە واتایەکی تر دۆخی ڕێبەرایەتیمان دەکەنە بابەتی بازاڕ پێکردن، سیاسەتێکی لەم شێوەیە دان بە هیچ سنوورێکی ئەخلاقی و یاسایی لەو جۆرەدا نانێت، بێگومان ئێمە ئەم جۆرە ڕێباز و سیاسەتە زۆر بە پیس دەزانین و بە توندی ڕەتی دەکەینەوە و نەفرەتی لێدەکەین، با ئەمە بە ڕوونی باس بکەم، بە هیچ شێوەیەک نابێت ڕێبەرایەتیمان ببێتە بابەتی بازاڕ پێکردن، ئەمە بە هیچ شێوەیەک قبوڵکراو نییە، هەروەها تورکیا لە یاساکانیدا ئاماژەی بەوە کردووە کە سروشتیترین و ڕەواترین و یاساییترین مافی ڕێبەرەکەمانە کە لەگەڵ بنەماڵەکەی و پارێزەرانی کۆببێتەوە، ئەمەش لە یاسای نێودەوڵەتیشدا نووسراوە، هەروەها تورکیا ئەم ڕێککەوتن و یاسا نێودەوڵەتییانەی واژۆ کردووە، ئێستا سروشتیترین و ڕەواترین و یاساییترین مافی ڕێبەرەکەمان دەهێنن و دەیکەنە پرسێکی بازاڕ پێکرد، ئەڵێن "ئەگەر ئەمە یان ئەوە بکەیت، ڕێگەت پێدەدەین چاوت بە براکەت بکەوێت"، هیچ شتێکی لەم شێوەیە قبوڵکراو نییە و ئێمە بە هەموو شێوەیەک ڕەتی دەکەینەوە.