لە ٢٠٢٣ جیهان شاهیدی زۆرترین شەڕی چەکداریی بووە

 لە ماوەی ساڵی ٢٠٢٣دا، جیهان زۆرترین شەڕی چەکداری لە ماوەی ٧٧ ساڵدا بەخۆیەوە بینی، کە ٥٩ شەڕ و پێکدادان بووەو نیوەیان لە ئەفریقا ڕوویانداوە.

ناوەندی هەواڵ

 

گۆڕەپانەکانی ململانێکان بە تێوەگلانی ژمارەیەکی زۆرتر لە لایەنە شەڕکەرەکان ئاڵۆزتر بوون، هۆکارەکانی پشت زیادبوونی ژمارەی ئەو ململانێیانە بەشێکی دەگەڕێتەوە بۆ تەشەنەکردنی ئەم دواییەی داعش و بەشداریکردنی ژمارەیەکی زۆر لە لایەنە ناحکومییەکان لەم شەڕانەدا.

 

 بەپێی ئینستیتیوتی ئۆسلۆ لێکۆڵینەوەیەکی نەرویجی کە دوێنێ دووشەممە ١٠ی حوزەیران بڵاوکرایەوە، دووپاتی کردەوە کە جیهان زۆرترین شەڕی چەکداری لە ساڵی ١٩٤٦ەوە لە ساڵی ٢٠٢٣دا بەخۆیەوە بینی، بەڵام ژمارەی ئەو وڵاتانەی بەدەست ململانێکانەوە دەناڵێنن کەمبوونەوە.

 

بەگوێرەی ڕاپۆرتێک کە دەزگای توێژینەوەی ئاشتی ئۆسلۆ بڵاویکردووەتەوە، ئاماژەی بەوەکردووە، لەماوەی ساڵی ڕابردوودا ٥٩ ململانێ لە جیهاندا تۆمارکراون، کە نیوەی ئەو ململانێیانە، واتە نزیکەی ٢٨یان لە ئەفریقا تۆمارکراون، ئەمەش ئاماژەیە بۆ ئەوەی ئەو وڵاتانەی شاهیدی ململانێکانن لە ٢٠٢٢ لە ٣٩ وڵاتەوە کەمبوونەتەوە بۆ ٢٤ وڵات.

 

بەپێی ئەو زانیاریانەی زانکۆی ئۆپسالا لە سوید لە ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان و ڕێکخراوە ناحکومییەکان کۆکراونەتەوە، ژمارەی کوژراوانی شەڕەکان لە سەرانسەری جیهاندا بۆ نزیکەی ١٢٢ هەزار کەس کەمیکردووە، ئەم ژمارەیە سێیەم بەرزترین ژمارەیە لە ساڵی ١٩٨٩ەوە لە ئەنجامی شەڕی ڕووسیا و ئۆکریناو شەڕی بەردەوام لە کەرتی غەززە لە نێوان هێزەکانی ئیسرائیل و حەماس.

 

لە بەرامبەردا توێژەر سیری ئەس ڕوستاد، کە بەشداری ئامادەکردنی ڕاپۆرتەکەی کردووە، کە ماوەی نێوان ساڵانی ١٩٤٦ بۆ ٢٠٢٣ دەگرێتەوە، ڕایگەیاندووە، لە دوای کۆتایی هاتنی جەنگی ساردەوە هیچ کاتێک توندوتیژی لە جیهاندا بەم ئاستە بەرزە نەبووە، ئەم پێشهاتە سەختییەکە زیاتر دەکات لە دەستوەردانی ئەکتەرەکانی وەک گروپە مرۆییەکان و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی.

 

بەپێی ئاماری ئینستیتیوتی ئۆسلۆ، هۆکارەکانی پشت بەرزبوونەوەی ژمارەی ململانێکان لە سەرانسەری جیهان بەشێکی دەگەڕێتەوە بۆ داعش کە لەم دواییانەدا لە ئاسیا و ئەفریقا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بڵاوبووەتەوە، جگە لە بەشداریکردنی ژمارەیەکی زۆر لە لایەنە ناحکومییەکان لەو شەڕانەدا.

 

ئەوەشی خستووەتەڕوو، ژمارەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە گۆڕەپانی ململانێکان ئاڵۆزتر بووە و زۆرترین ژمارەی لایەنە شەڕکەرەکانی بەشدار لە وڵاتەکەدا شایەتحاڵی خودی شەڕەکەن.