٧٥٪ی سێدارە تۆمارکراوەکانی جیهان لە ئێران ئەنجام دراون

ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی لە ڕاپۆرتی ساڵانەی خۆیدا زیادبوونی بەرچاوی سێدارەکانی لە ئێران ڕاگەیاند، کە ٧٥٪ی ئەو سێدارانەی لە جیهاندا تۆمار کراون لە ئێران بوون.

ناوەندی هەواڵ

 

ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی لە ڕاپۆرتی ساڵانەی خۆیدا سەبارەت بە سزای لەسێدارەدان، بڵاوکردەوە و پشتڕاستی کردەوە کە ژمارەی سێدارەکان لە ساڵی ٢٠٢٣دا گەیشتە بەرزترین ئاستی خۆی لە جیهاندا و زۆرینەیان لە ئێران ئەنجام دراون.

 

لە ڕاپۆرتەکەدا ئاماژە بەوە کراوە، دوای ڕاپەڕینی جەماوەری لە ئەیلوولی ٢٠٢٢دا، دەسەڵاتدارانی ئێران بەکارهێنانی سزای لەسێدارەدانیان بۆ بڵاوکردنەوەی تیرۆر لەناو خەڵک و توندکردنەوەی دەسەڵاتیان زیادکردووە، بەو پێیەی لە ساڵی ٢٠٢٣دا لانیکەم حەوت لەسێدارە دراوبێتن، ٦ کەسیان بەهۆی ناڕەزایەتییەکانەوە بووە.

 

بەگوێرەی ڕاپۆرتەکە، ژمارەی ئەو لەسێدارەدانانەی لە ئێران لە ماوەی ساڵی ٢٠٢٣ تۆمار کراون گەیشتووەتە ٨٥٣ حاڵەت، ئەمەش بە بەراورد بە ساڵی ڕابردوو نزیکەی ٥٠٪ زیادی کردووە، ئێران لە پلەی یەکەمی لیستی ئەو وڵاتانە دادەنرێت کە سزای سێدارە دەردەکات،  لە دوای وڵاتی چینەوە.

 

بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی، لانیکەم ٥٢٠ کەس کە دەکاتە ٦١٪ی کۆی سێدارەکانی تۆمارکراو، بە پشتبەستن بە حوکمی دادگاکانی شۆڕش، لانیکەم ٣١٧ کەس، واتە ٣٧٪، بە پشتبەستن بە بڕیارەکانی دادگاکانی تاوان لەسێدارە دراون، ١٦ حاڵەتی تۆمارکراویش ڕوون نییە کە لە کام دادگا سزای لەسێدارەدان دەرچووە.

 

بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوەکە، ئەو پێنج وڵاتەی لە ساڵی ٢٠٢٣دا زۆرترین ژمارەی لەسێدارەدانیان جێبەجێ کردووە، بریتین لە چین، ئێران، سعودیە، سۆماڵ و ئەمریکا.

 

لە ساڵی ٢٠٢٣دا ژمارەی سێدارەکان لەسەر تاوانەکانی پەیوەست بە ماددە هۆشبەرەکان لە ئێران بە بەراورد بە ساڵی ٢٠٢٢ نزیکەی ٩٠٪ زیادی کردووە، لە ٢٥٥ حاڵەتەوە بۆ ٤٨١ حاڵەت بووە، بەم شێوەیە ٤٢٪ی کۆی سێدارەکان کە لە جیهاندا تۆمار کراون پەیوەندیدار بە ماددە هۆشبەرەکانەوە بووە لە ئێران.

 

لە بەرامبەردا ئاگنێس کالامارد، سکرتێری گشتیی ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی وتی: بەرزبوونەوەی بەرچاوی ژمارەی سێدارەکان کە لە جیهاندا تۆمارکراون، بە شێوەیەکی سەرەکی دەگەڕێتەوە بۆ ئێران، دەسەڵاتدارانی ئێران نیشانیان داوە کە بە تەواوی بێبایەخن بەرامبەر ژیانی مرۆڤایەتی.

 

ژنان و منداڵان لەناو لەسێدارەدراواندان

بەپێی ئامارەکانی ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی، لە ساڵی ٢٠٢٣دا ٢٤ ژن و پێنج منداڵ لە ئێران لە سێدارە دراون و ئاماژەی بەوەشکردووە، نەتەوەی بەلوچ بە شێوەیەکی ناڕێژەیی زۆرترین سێدارەیان بەسەردا سەپێنراوە، لە ماوەی ساڵی ٢٠٢٣ لە ئێران لانیکەم ١٧٢ کەس لە سێدارە دراون کە شەش ژنی نەتەوەی بەلوچ بوون، کە ٢٠٪ی هەموو ئەو سێدارانەن لە ئێران تۆمار کراون، سەرەڕای ئەوەی بەلوچەکان تەنها ٪٥ی دانیشتوانی ئێران پێکدەهێنن.

 

لە ڕاپۆرتەکەدا ئاماژەی بەوەشکردووە، لە ساڵی ٢٠٢٣دا ١٦ وڵاتی جیهان سزای لەسێدارەدانیان ئەنجامداوە، ئەمەش نیشانەی کەمبوونەوەی ژمارەکە بۆ ئاستێکی بێ وێنەیە، بە پێچەوانەی ساڵی ٢٠٢٢، هەروەها هیچ لەسێدارەدانێک لە بێلاڕووس، ژاپۆن، بۆرما، سودان ئەنجام نەدراوە و لە ئاسیاشدا پاکستان سزای لەسێدارەدانی بۆ تاوانەکانی پەیوەست بە ماددە هۆشبەرەکان هەڵوەشاندەوە.

 

وڵاتانی ئەفریقای ژێر سەحرا لەناو ئەو ناوچانەدان کە سزای لەسێدارەدانیان بەڕێژەی ٦٦٪ بەرزبووەتەوە بۆ ٤٩٤ حاڵەت لە ساڵی ٢٠٢٣دا، لەهەمان کاتدا لەسێدارەدان لە سۆماڵ زیاتر لە سێ هێندە زیادیکردووە و بەگوێرەی ڕاپۆرتەکە گەیشتووەتە ٣٨ حاڵەت.

 

ڕاپۆرتەکە دووپاتی کردەوە کە ١٥٪ی کۆی ئەو لەسێدارەدانانەی لە جیهاندا تۆمار کراون لە سعودیە ئەنجام دراون، کە ساڵی ڕابردوو ١٧٢ کەسی لەسێدارە داوە، ئەمەش بەهۆی بەکارهێنانی بەربڵاوی سزای لەسێدارەدان بۆ تاوانەکانی پەیوەست بە ماددە هۆشبەرەکان و تاوانەکانی دیکە ڕووبەڕووی ڕەخنە بووەتەوە کە نابێت سزا بدرێت، لە عێراقدا ١٦ لەسێدارەدان تۆمارکراوە، زۆربەیان پەیوەندییان بە تاوانەکانی پەیوەست بە "تیرۆر"ەوە هەبووە.