بە شێوەیەکی سەرەتایی ژنانی ئاوارە پێداویستییە سەرەتاییەکانی ژیان لە ئیدلب دابین دەکەن

بڕینی پشتیوانی و هاوکاری بۆ زۆربەی کامپەکان وای لە ژنانی ئاوارە کرد پێداویستییەکانیان بە شێوەیەکی سەرەتایی مسۆگەر بکەن کە بتوانن کاروبارەکانیان بەڕێوەببەن لەبەر کەمی دەرفەتی ژیان و خزمەتگوزاری لە کامپەکانیاندا.

هەدیل عومەر

 

ئیدلب- لەگەڵ خراپبوونی بارودۆخی ژیان و ئابووری و خزمەتگوزاری لە کامپەکانی ئیدلب، ژنانی ئاوارە پشت بە خۆیان دەبەستن بە داهێنانی ڕێگای جیاواز بۆ زامنکردنی پێداویستییە سەرەتاییەکانی ژیانیان لەو کامپانەدا.

 

لە نزیک کامپەکانی شارۆچکەی سنووری ئەتمە، نوریە قەدری تەمەن ٣٨ ساڵ ژنێکی ئاوارەی شاری مەعرەت نەعمان لە باشووری ئیدلب، دوای ئەوەی خێمە کۆنەکەی زیانی پێگەیشت و نەگونجاو بوو بۆ ژیان، بەتایبەتی لەبەر ئەوەی بارودۆخی ئابووری و دارایی ڕێگەی پێ نادات چادرێکی جێگرەوە بکڕێت، بە بەکارهێنانی چەند سێبەرێکی نایلۆن و پارچە پلاستیک و جلوبەرگ سەرقاڵە بە دروستکردنی چادرەکەی.

 

ئاماژەی بەوەکرد، لەگەڵ هاتنی زستان هەموو ساڵێک، لە ئەنجامی کەشوهەوای سەخت و هۆکارەکانی کەشوهەواو کۆنبوونی چادرەکان پێویستە خێمەیەکی نیشتەجێبوونی نوێ دابین بکرێت، هەروەها بەرزبوونەوەی نرخی چادرەکان ڕێگرە لەوەی بتوانێت لە بازاڕ بیکڕێت و ڕێکخراوە مرۆییەکانیش چیتر ئەم جۆرە هاوکارییە دابین ناکەن، وتیشی: نەبوونی بژاردەی جێگرەوە وایکردووە چادرێک لە پۆشاک دروست بکەم، بە بەکارهێنانی ئامڕازە سەرەتاییەکانی وەک جانتای نایلۆن و پارچە پلاستیکییەکان و کارتۆن و کەرەستەکانی دیکە کە لە دروستکردنی چادرەکاندا بەکاردەهێنرێن دوای کۆکردنەوەیان لە کامپەکان.

 

ژنان ڕووبەڕووی مەترسی تەندروستی و ژینگەیی دەبنەوە

ژنانی ئاوارە بەدەست نەبوونی یارمەتی مرۆیی و نەبوونی پێداویستییە بنەڕەتییەکانی ژیان دەناڵێنن، ئەمەش وایان لێدەکات ڕووبەڕووی مەترسییەکی گەورەی تەندروستی و ژینگەیی ببنەوە بەهۆی بەرزی چڕی دانیشتوان و ئاوارەبوونی بەردەوام بەهۆی داگیرکاریی دەولەتی تورک و چەتەکانی.

 

بۆ ماوەی زیاتر لە سێ ساڵە، ڕانیا یوسف، ژنێکی ئاوارەی تەمەن 39 ساڵە کە لە کامپەکانی شارۆچکەی سنوری عەقرەبات لە باکووری ئیدلب دەژی، گازی ماڵەوەی بۆ چێشتلێنان و گەرمکردنەوە بەکارنەهێناوە، دوای ئەوەی پشتی بە بەکارهێنانی ماددەی "جەلی" بەستووە وەک ماددەیەکی جێگرەوەی چێشت لێنان کە یارمەتی دەدات پێداویستییەکانی بە کەمترین تێچوو دابین بکات، وتی: دووری کامپەکە لە ناوەندی شارەوە بووەتە هۆی ئەوەی کە زۆر زەحمەت بێت بۆ دابینکردنی گازی ناوخۆیی، هەروەها نرخەکانی بەرزبووەتەوە کە بێوێنەیە.

 

ئاماژەی بەوە کرد کە لە دایکییەوە فێری دروستکردنی "جەلی" بووەو پێشتر بەکاری هێناوە.

 

لە لایەکی دیکەوە، ڕوئی سەلوم، ڕاوێژکاری دەروونی و کۆمەڵایەتی تەمەن ٢٨ ساڵ باوەڕی وایە گەڕانەوەی ژنانی ئاوارە بۆ ئەو ڕێگایانە مەترسیدارەو بە شێوەیەکی بەرچاو لە هەموو ئاستەکانی خزمەتگوزاری و ژیان و ئابووری لە کامپەکانی ئاوارەکان لە باکووری ئیدلب خراپبوونێکی بەرچاو هەیە.

 

ئاماژەی بەوەشکردووە، بەدواداچوونی ئەم ڕێگا سەختانە ئاماژەیە بۆ خواستی ژنانی سووریا بۆ ژیان و خۆگونجاندن لەگەڵ ئەو ژیانەی کە بەهۆی قەیرانی سووریاوە بەسەریاندا سەپێندراوە لە ماوەی چەندین ساڵی بۆردومان کردن و ئاوارەبوون و ناسەقامگیریدا.

 

جەختیشی کردەوە لەسەر پێویستی دابینکردنی پێداویستییە بنەڕەتییەکان بۆ ژنانی ئاوارە و بژێوی ژیان لە ڕێگەی چالاککردنی ڕۆڵی تیمە جوڵاوەکانی ڕێکخراوە مرۆییەکان لە کامپە لەبیرکراوەکان و دابینکردنی خزمەتگوزاری تەندروستی و خزمەتگوزاری و گەشەپێدان دەبێتە هۆی کەمکردنەوەی ئازارەکانیان بەهۆی ئاوارەبوون.