ژنانی گرێ سپی: ڕێگە نادەین کرداری داگیرکەر ئیرادەمان لەناو ببات

ژنانی شاری گرێ سپیی داگیرکراو، کە ئاوارەبوون و لە کامپی تل ئەلسمن نیشتەجێن، کردار و پێشێلکارییەکانی دەوڵەتی تورکیا و بەکرێگیراوەکانی دژی ژنان لە ناوچە داگیرکراوەکاندا ئەنجامیان داوە، شەرمەزار دەکەن.

نورشان عەبدی

 

کۆبانێ- لە ٩ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٩، داگیرکەرانی تورکیا و چەتەکانی هێرشیان کردە سەر چەندین ناوچەی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، بە بەکارهێنانی هەموو جۆرە چەکێکی قورس و فڕۆکە و بە ئەنجامدانی کۆمەڵکوژی دژی خەڵکی ناوچەکە، توانی شارەکانی گرێ سپی، سەرێکانی داگیر بکات، لە ئەنجامی ئەم کردار و پێشێلکارییانە هەزاران هاوڵاتی مەدەنی، کە زۆربەیان ژن و منداڵن، ئاوارە بوون و شەپۆلی ئاوارەبوون بەردەوامە، سەرەڕای تێپەڕبوونی چوار ساڵ بەسەر کردەوەکانی تورکیا و بەکرێگیراوەکانی لە شارەکانی سەرێکانی و گرێ سپی داگیرکراو، ژنان یەکەم ساتی هێرشەکەیان لەبیر نەکردووە.

 

ئاوارەکانی گرێ سپی لە کامپی تل ئەلسمن دەژین کە دەکەوێتە باکوری شاری ڕەقە کە لە کۆتایی ساڵی ٢٠١٩ لەلایەن خۆبەڕێوەبەری کرایەوە، سەرەتا زیاتر لە ٧٠٠ خێزانی تێدابوو و بەم دواییانە کامپەکە فراوانکرا بۆ زیاتر لە هەزارو ٢٠٠ چادر.

 

"بۆ ئەوەی دزی و تاڵانی بکەن ناچاریان کردین بڕۆین"

یوسرا عەلی محەمەد، کە تەمەنی ٤٠ ساڵە لە کامپی تل ئەلسمن نیشتەجێیە، وتی: سەرەڕای تێپەڕبوونی چوار ساڵ بەسەر داگیرکردنی گرێ سپی لە لایەن تورکیا و بەکرێگیراوەکانی، یادەوەرییە ئازاربەخشەکان لەبیرنەکراون، ئەوە لە ساتە سەختەکان بوون کاتێک هەموو شتێک لە شارەکەمان و ماڵەکەمان و خاکەکەمان بۆ داگیرکەران بەجێهێشت، لە ٩ی تشرینی یەکەم، هێرشەکان بۆ سەر شارەکە دەستیانپێکرد، نزیکەی کاتژمێر ٤:٠٠ پاشنیوەڕۆ بوو کاتێک گوێمان لە دەنگی بۆردومان بوو، دواتر زانیمان تورکیا دەستی بە هێرشەکەی کرد بۆ سەر ناوچەکە، ماڵەکانمان بەجێنەهێشت بەڵام هێرشە دڕندانەکان و بەکرێگیراوانی تورکیا هەموومانیان ناچار کرد بڕۆین بۆ ئەوەی تاڵانکردن و دزینی موڵکەکان ئەنجام بدەن.

 

ڕوونیکردەوە، ئامانجی داگیرکاری تورکیا و بەکرێگیراوەکانی تێکدان و ئاوارەبوون و وێرانکارییە، هێرشەکانی داگیرکاری تورکیا بێ جیاوازی بوون، چونکە خەڵکی مەدەنی و ماڵەکانیان لە ڕێگەی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەوە کردە ئامانج و لەو ڕۆژەدا ماڵەکەم کرایە ئامانج، چەند ڕۆژێکمان لەوێ بەسەر برد، بەڵام چیتر نەمانتوانی بەرگەی بارودۆخەکە بگرین چونکە برسێتی و ماندووبوون و ترس ناچاری کردین پەنا بۆ کامپەکە ببەین.

 

یوسرا عەلی محەمەد ئاماژەی بەوەشکرد، پێش داگیرکردنی شارەکە، بە ئاشتی و ئاسایشەوە لە ماڵەکانیاندا دەژیان، وتیشی: شاری گرێ سپی هەموو پێکهاتەکان لەخۆ دەگرێت و ئێمەی دانیشتوانی ئەم شارە ئەو تابلۆ جوانەمان گواستەوە بۆ ئەم کامپە بە پێکەوەژیانمان لەگەڵ هەموو پێکهاتەکانی عەرەب، کورد، سریانی، تورکمان، ئێمە بە یەک گەل و یەک دەست دەمێنینەوە بۆ ئەوەی شارەکەمان ئازاد بکەین و بگەڕێینەوە سەر خاک و ماڵەکانمان.

 

"هاتن بۆ لەناوبردنی هەموو شتێک"

ئیمان عەلی، تەمەن ٣٠ ساڵ، خەڵکی گرێ سپییەو ئاوارە بووە وتی: داگیرکاری تورکیا هێرشیکردە سەر شارەکەمان بە بیانووی ئەوەی هاتوون بۆ ئازادکردنی ناوچەکە و هێنانی سەلامەتی بۆ خەڵکەکە، بەڵام بە پێچەوانەوە، ئەوان هاتن بۆ لەناوبردنی هەموو شتێک، وەک سەلامەتی، ئاشتی، ژیان و ئازادی، دوای داگیرکردنی شارەکەمان، جگە لە کوشتن و ئەشکەنجە و وێرانکاری هیچی ترمان نەبینی.

 

وتیشی:  لە ٩ی تشرینی یەکەم هێرشەکەیان دەستپێکرد بۆ سەر چەند ناوچەیەکی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا و شاری گرێ سپی و گوندەکانی لە نێویاندا بوون، بۆ ماوەیەکی زۆر چاوەڕێمان دەکرد کە چی دەکەن، دوای چەند کاتژمێرێک گوێمان لە دەنگی تۆپ و بۆردومان بوو، بۆیە ناچار بووین ماڵەکانمان بەجێبهێڵین بۆ داگیرکەر.

 

ئەو پێشێلکارییەکانی داگیرکەرانی بە هەڕەمەکی و سیستماتیک وەسف کرد: لەگەڵ بوونی ئەوان لە ناوچەکانمان، بارودۆخەکە ڕۆژ لەدوای ڕۆژ خراپتر دەبێت، دەبینین شەپۆلی ئاوارەبوون لەو ناوچانەوە چۆن زیاد دەکات لە ئەنجامی ئەو نادادپەروەری و ئەشکەنجەیەی کە داگیرکاری دژی خەڵک ئەنجامی داوە، کاتێک تورکیا و بەکرێگیراوەکانی شارەکەی ئێمەیان داگیرکرد، هەمان شێوازی داعشیان پەیڕەو کرد، بەتایبەتی لەسەر ژنان، چونکە سیاسەتی ئەوان هەمان سیاسەتە و هەمان بیرکردنەوەیە، هیچ جیاوازییەک لە نێوانیاندا نییە جگە لە ناوەکانیان.